هاتووچۆی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی کردنەوەی بەشی VIP دەدات

0
6

لێدوانی فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بۆ رووداو

رووداو  – هەولێر، سلێمانی

گۆڤەند مستەفا و ئاسۆ سەراوی

بڕیاری کردنەوەی بەشی ڤی ئای پی (VIP) لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بە شێکی زۆر لە چالاکڤانان و تەنانەت پەرلەمانتارانیش لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نیگەرانی خۆیان لەو بڕیارە دەربڕی. هاتووچۆی هەولێریش روونکردنەوە لەسەر بڕیارەکە دەدات و بە بڕیارێکی باشی دەزانێت بۆ خزمەتکردن و راییکردنی مامەڵەی خەڵک.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: “ئەو بەشە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ کراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە خۆیەوە نەیکردووەتەوە. لە بنەڕەتدا ناونانەکەی هەڵەبوو، لە ئەسڵدا بەشی خزمەتگوزاری خێرایە، کە لە هەموو شوێنێک و وڵاتانی پێشکەوتووش هەیە”.

فازڵ حاجی گوتیشی “کاتێک کەسێک دەچێتە فەرمانگەیەکی حکومی و بیەوێت خزمەتگوزاری زیاتری پێشکەشبکرێت، لە بەرامبەردا رسومات بە حکومەت دەدات، ئەوەش بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو بۆ کۆمپانیاکانە ئەوانەی بە جارێک چەندین مامەڵە دەهێنن، لەبری ئەوەی ملیۆنێک بدەن لەبەرامبەر پێبژاردنی درەنگکەوتنی مامەڵەکانیان بە 100 هەزار مامەڵەکانیان راییدەکەن، لە بەرامبەریشدا ئەو قەرەباڵغییەش کەمدەبێتەوە کە لەسەر هاونیشتمانییان هەیە”.

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت “لێکتێنەگەیشتن لە بڕیارەکەی ئێمە وایکرد ئەو کاردانەوەیەوەی لێبکەوێتەوە. بڕیارەکە هەموو وردەکارییەکانی بڵاو نەکراوەتەوە، خانەوادەی شەهید و ئەنفالکراون و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەتوانن لە هەمان بەش مامەڵەکانیان راییبکەن بەبێ ئەوەی ئەو رسوماتە بدەن”.

فازڵ حاجی دەڵێت “هەر دوێنێ لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، ئێمە هەزار و 230 مامەڵەمان راییکردووە، لەنێویاندا 30 مامەڵە لە بەشی VIP راییکراوە. بۆیە بڕیارەکە زۆر باشە، شوێنەکەش دانەخراوە و هیچ کێشەیەکیشی نییە و بەشەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە”.

لەبارەی هەمان پرس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری رایكردنی مامه‌ڵه‌ی هاونیشتمانیان به‌شێوازی (ڤی ئای پی) له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێك پاره‌، نوسراوێك ئاڕاسته‌ی هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌كه‌ن.

زیا پترۆس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌ (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگه‌یاند، بڕیاری رایكردنی مامه‌ڵه‌ی هاونیشتمانیان به‌شێوازی (ڤی ئای پی) له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێك پاره‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مافه‌كانی مرۆڤه.‌ گوتیشی”بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ نوسراوێك ئاراسته‌ی هاتووچۆی هه‌ولێر ده‌كه‌ین، چونكه‌ ناكرێت پاره‌ بده‌یت به‌ باشی ‌و به‌زووی مامه‌ڵه‌كه‌ت بكرێت، پاره‌ش نه‌ده‌یت دوابخرێت ئه‌و جگه‌له‌ جیاكاری شتێكی دیكه‌ نییه‌”.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی هاتووچۆی هه‌ولێر سه‌ربگرێت، دوورنییه، فه‌رمانگه‌كانی دیكه‌ش هه‌مان كار بكه‌ن ده‌شڵێت “بۆیه‌ ده‌بێت له‌ئێستاوه‌ دژی ئه‌و بڕیاره‌ بووەستینه‌وه‌ هه‌رچیمان پێبكرێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بریاره‌كه‌ ده‌یكه‌ین”.

رۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتووچۆی هه‌ولێر رایگەیاند، له‌مەو‌دوا شێوازێكی نوێی‌ كاركردنیان ده‌بێت بۆ رایكردنی مامه‌ڵه‌ی هاونیشمانییان بەشێوەیەکی خێرا، هه‌ر كه‌سێك مه‌به‌ستی بێت به‌و شێوازه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ی به‌زوویی بكرێت، ده‌بێ بڕی 100هه‌زار دینار بدات.

شێوازی مامەڵەی خێرا لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگاکانیش هەیە، بەجۆرێک هەر کەسێک بیەوێ لەماوەی 24 کاژێردا پاسپۆرتەکەی نوێبکاتەوە ئەوا دەبێ 250 هەزاد ینار بدات.

 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here