هاوپەیمانان کار بۆ گێڕانەوەى پـێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکەن

0
90

[ad_1]

هێزەکانى هاوپەیمانان نێوانگیرى له ‌نێوان هێزى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکاندا دەکەن، بەمەبەستى گەڕانەوەى پـێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان و بەڕێوەبردنى ئەو ناوچانە بە هاوبەشى، بەڵام هێشتا هیچ رێکەوتنێک لەو بارەیەوە ئەنجام نەدراوە.

نازم کەهیە رێکخەرى پێشوى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند”نوێنەرى پێشمەرگە و هێزەکانى هاوپەیمانان لەکەرکوک لەچەند رۆژى رابردوودا کۆبونەتەوە، ئامانج لەکۆبونەوەکە گەرانەوەى پێشمەرگەیە بۆ کەرکوک و خورماتو و خانەقین.”

بەپێى وتەى نازم کەهیە، هێزەکانى عێراق رازى بوون بەوەى لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە کوردیەکان دا بازگەى هاوبەشیان هەبێت، بەڵام پێشمەرگە داواى دەسەڵات و گەرانەوەى بۆ هەموو ناوچەکە کردووە.

هاتنە خەتى هێزەکانى هاوپەیمانان بۆ رێکخستنى پێشمەرگەو هێزە عێراقیەکان، لەکاتێکدایە داعش جم و جۆڵێکى فراوانى لەناوچە کێشەلەسەرەکان هەیە، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراقیش، مەترسى داروخانى سوپاى عێراقى خستۆتەڕوو.

عەمید روکن هەورامان محەمەد جێگرى فەرماندەى هێزەکانى پشتیوانى دووى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد داعش بەتەواوەتى بەهێز بۆتەوە و مەترسى روودانى موفاجەئەى گەورە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە لە ئارادایە.

ناوبراو وتى”پێشمەرگەو هاوپەیمانان کۆبونەتەوە بۆ گەرانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و بەرگرتن بەمەترسیەکانى داعش، بەڵام سوپاى عێراق هەرجارەو قسەیەک دەکات.”

وتیشى”هاوپەیمانان پێیانوایە پێشمەرگەو سوپاى عێراق تواناى سرینەوەى یەکتریان نیە، بێ هەماهەنگى نێوانیان دۆخى کەرکوک سەقامگیر نابێت.”

جم و جۆڵە فراوانەکانى داعش و مەترسى بەرپرسانى عێراق لە جارێکى تر داروخانى سستمى سەربازى لەسەر دەستى ئەو رێکخراوە، لەکاتێکدایە ئەمرۆ سێشەمە حکومەتى عێراق هێزێکى تایبەتى لەبەغداوە بەرەو کەرکوک جوڵە پێکردووە.

کەمال کەرکوکى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى پێشمەرگە، رەخنەى لەهێزە عێراقیەکان گرت بەوەى سستمى بەرگرى پێشمەرگەیان بەهاوکارى “خیانەت” کاران تێکداوە.

کەرکوکى وتى”تا دۆخى کەرکوک تەواو هاوشێوەى پێش 16 ى ئۆکتۆبەر ئاسایى نەکرێتەوە، ئێمە ناگەرێینەوە.”

زیندوو بونەوەى داعش و جم و جۆڵە فراوانەکانى ئەو رێکخراوە گەیشتۆتە ئاستێک، بەشەوان هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاجیاکانى پارێزگاکانى کەرکوک و دیالە و کار بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى نێو شارەکانیش دەکەن.

[ad_2]

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here