هه‌ده‌په‌ شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ یوكسه‌كداغ دیاریدەکات

0
275

فیگه‌ن یوكسه‌كداغ
فیگه‌ن یوكسه‌كداغ

رووداو – ئه‌نقه‌ره‌ 

به‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی له‌ په‌رله‌مانی توركیا و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ پارته‌كه‌ی، هه‌ده‌په‌ به‌نیازه‌ شوێنگره‌وه‌یه‌ك بۆ فیگه‌ن یوكسه‌كداغ دیاریبکات. 

دوابه‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی فیگه‌ن یوكسه‌كداغ له‌ په‌رله‌مانی توركیا و دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندامێتی و هاوسه‌رۆكایه‌تیی له‌ هه‌ده‌په‌ به‌بڕیاری دادگای ده‌ستووری و ئه‌نجوومه‌نی دادی تورکیا، هه‌ده‌په‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ فیلیز كه‌ره‌سته‌جیئۆغڵو، بریكاری سه‌رۆكی فراكسیۆنی هه‌ده‌په‌ بكاته‌ هاوسه‌رۆكی پارته‌كه‌ی. 

هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌سێك له‌ ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و پارته‌ و هاوكات په‌رله‌مانتاری هه‌مان فراكسیۆن هه‌ڵبژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م نوێنه‌رایه‌تی پارته‌كه‌ی بكات له‌ هاوسه‌رۆكایه‌تیی ئافره‌تان و له‌ هه‌مان كاتیشدا چالاكی سیاسی بۆ فراكسیۆنه‌كه‌ بكات له‌ په‌رله‌مان.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌كانی ناو هه‌ده‌په‌ وه‌رگیراون‌ و میدیاکانی توركیا بڵاویان كردوونە‌ته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامدراون‌ و بڕیاره‌ رۆژانی 6 و 7ی ئه‌م مانگه‌ ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی هه‌ده‌په‌ له‌ ئیستەنبوڵ كۆببێته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ دیاریبكات، كه‌ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی یوكسه‌كداغ، دواتریش واده‌یه‌ك دیاریده‌كرێت بۆ سازكردنی كۆنگره‌ و به‌فه‌رمی هه‌ڵبژاردنی كاندیدێك بۆ هاوسه‌رۆكایه‌تی هەدەپە.

بەگوتەی عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە، لە 2015ـدا 35 کەس، لە 2016ـدا 37 کەس، لە ساڵی 2017ـدا 39 کەس لە بەرپرسانی رێکخستنەکانی هەدەپە دەستگیرکراون. هاوکات لە تەممووزی دوای هه‌وڵی كوده‌تاكه‌وه‌ تاوەکو ئەمڕۆ 13 ئەندامی دەستەی سەرکردایەتی، 150 بەرپرسی شارەدێ و شارۆچکەکان لە لقی رێکخستنەکانی هەدەپە، 84 سەرۆک شارەوانی و 75 کەسیش لە قائیمقام و شارەوانییەکان دەستگیرکراون.

داڕشتنەوە: حەکیم داود



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here