هه‌ولێر یاریزانی پیشه‌گه‌ری به‌توانا دێنێته‌ ریزه‌كانی

0
4

هه‌ولێر داواى هاوكارى له‌ حكومه‌ت ده‌كات


كارزان كانه‌بی
رووداوی وه‌رزشی ـ هه‌ولێر

بێجان ئیبراهیم، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌ى وه‌رزشیى هه‌ولێر، به‌ (رووداوى وه‌رزشی) راگه‌یاند “تاكه‌ یانه‌ى هه‌رێمى كوردستانین كه‌ به‌شدارى له‌ یارییه‌كانى خولى نایابى یانه‌كانى عێراق ده‌كه‌ین، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى حكومه‌ت ده‌كه‌ین هاوكاریمان بكات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له‌ قۆناخى دووه‌می خوله‌كه‌دا یاریزانى پیشه‌گه‌رى باش بهێنینه‌ ریزه‌كانی تیپه‌كه‌مان”.

تیپى تۆپى پێى یانه‌ى هه‌ولێر، له‌م وه‌رزه‌ى خولى نایابى یانه‌كانى عێراقدا وه‌ك تاكه‌ نوێنه‌رى یانه‌كانى باشوورى كوردستان له‌م خوله‌دا به‌شداره‌، به‌ڵام ئاست و ئه‌نجامى به‌دڵى هانده‌رانى یانه‌كه‌ و چاودێرانى وه‌رزش نییه‌ له‌ كوردستان، به‌رپرسانى یانه‌كه‌ش هۆكارى خراپى ئه‌نجامى تیپه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ دۆخى دارایى تیپه‌كه‌ باش نییه‌ له‌چاو یانه‌كانى دیكه‌ی عێراق.

بێجان ئیبراهیم، به‌ (رووداوى وه‌رزشی) گوت “ئێمه‌ چاوه‌ڕێی حكومه‌تی هه‌رێمین بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی داراییمان بدات، چونكه‌ تاكه‌ نوێنه‌رى یانه‌كانى كوردستانین له‌م خوله‌دا، ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌مانه‌ ته‌نیا ئه‌و یاریزانانه‌ن كه‌ له‌ژێر ده‌ستمانن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ قۆناخى دووه‌م هاوكاری بكرێین ده‌توانین یاریزانى پیشه‌گه‌رى به‌توانا بهێنینه‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌مان”. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یانه‌كه‌ی پایته‌خت، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی تاوه‌كو ئێستا هێناویانن بۆ تیپه‌كه‌یان به‌ قه‌رز كردوویانه‌ و ده‌ڵێت “ئێستا به‌ قه‌رز كاره‌كانمان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، پاره‌مان قه‌رزكردووه‌و یاریزانه‌كانمان پێهێناوه‌، به‌پێچه‌وانه‌ى یانه‌كانی دیكه‌ی به‌غدا و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق، كه‌ ئه‌وان سه‌ر به‌هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك نین و بڕى 2 ملیار دیناریان وه‌رگرتووه‌، ئێمه‌ و ئه‌وان له‌ رووى داراییه‌وه‌ زۆر جیاوازیمان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامه‌كانمان وایه‌”.

بێجان ئیبراهیم، داوا له‌ هانده‌رانى یانه‌كه‌یان ده‌كات پشتگیرییان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ یارییه‌كانى داهاتوودا ئاستى باشتر پێشكه‌ش بكه‌ن “ئه‌وه‌ى له‌ تواناماندا بێت ده‌یكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین چه‌ند یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری به‌توانا بهێنینه‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌مان و بۆ قۆناخی دووه‌می خولی نایابی عێراق، تیپێكی به‌هێزتر ئاماده‌ بكه‌ین”. 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here