هۆکاری هەڵنەبژاردنەوەی نەجمەدین کەریم بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاشكرا بوو

0
109

سەرکردەیەکی یەکێتی ئاشکرای کرد بەهۆی ئەوەی نەجمەدین کەریم قسەی بە چەند بەرپرسێکی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی گوتووە، كە گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەخۆ دەگرێ، گرووپی خیانەتەكە ڕێگری لە هەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی مەکتەبی سیاسی كردووە.

ڕۆژی 17ی ئاداری 2018، سەرکردایەتیی یەکێتی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی هەڵبژاردەوە، بەڵام هەریەک لە ئازاد جندیانی کە پێشتر دەستی لەکار کێشاوەتەوە، لەگەڵ بەرهەم ئەحمەد ساڵح کە ئێستە هاوپەیمانیەتییەکی نوێی ڕاگەیاندووە لەگەڵ نەجمەدین کەریم کە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، گرووپە خیانەتکارەکە بانگەشەی نەمانی لەنێو یەکێتیدا دەکەن، دووبارە بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵنەبژێردراونەتەوە.

لەمبارەیەوە سەرکردەیەکی یەکێتی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئەو ڕۆژەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی کۆبووەوە، ھیچ باسێکی دکتۆر نەجمەدین نەکراوە، چونکە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشداری کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری سلێمانی نەکردووە، بەڵکو لە ھەولێر دانیشتووە”.

ئەوەشی نەشاردەوە كە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی پێیان باش نەبووە، نەجمەدین کەریم بە مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێرنەوە، چونکە لەەزۆربەی چاوپێکەوتنەکانیدا ھێرشی توند ئاراستەی چەند سەرکردەیەکی ناو ڕیزەکانی یەکێتی دەکات، بۆیە ڕەنگە کێشەی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی یەکێتی ھەبێت.

سەرکردەکەی یەکێتی ئاشکرای کرد کە ئەو کەسانەی نەجمەدین کەریم قسەی پێ گوتوون، سەر بە گرووپی 16ی ئۆکتۆبەرن و هەر بەهۆی ئەو ڕووداوەوە کێشەکەیان سەری هەڵداوە.

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکو بەستنی کۆنگرە، نەجمەدین کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە، بەڵام ئەگەر بەشداری کۆنگرە نەکات، بێگومان ئەوکاتە پۆستەکەی لێ وەردەگیرێتەوە، بۆیە لەم دۆخەی ئێستەدا نەجمەدین کەریم بەدەم وازی لە یەکێتی نەھێناوە، ھیواداریشین بە کردەوەش واز لە ڕیزەکانی یەکێتیی نەھێنێت.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتی لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here