هیچ حیزبێك وەڵامی نەخشەڕێگاكەی یەكێتی نەداوەتەوە

0
132

سەعدی ئەحمەد پیرە: نەخشەڕێگامان بۆ یەكێتی و یەكێتییەكان نووسیوە
سەعدی ئەحمەد پیرە: نەخشەڕێگامان بۆ یەكێتی و یەكێتییەكان نووسیوە

رووداو- سلێمانی

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە نەخشەڕێگایەكدا دیدی خۆی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دیاری كرد كە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا سەریانهەڵداوە، نەخشەڕێگەكەشی بۆ زۆربەی حیزبەكان ناردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا وا دەردەكەوێ تەنیا یەكێتی خۆی رازی بێت بەسەر ئەو نەخشەیەدا رێگا ببڕێ.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت “دەكرێ بگوترێ نەخشەڕێگای یەكێتی بەدەستی ئێمە نەگەیشتووە تاوەكو وەڵامی بدەینەوە”، ناوبراو رەتیكردەوە بزووتنەوەی گۆڕان شتێكی بەدەستەوە بێ، وەك وەڵام ئاراستەی یەكێتی بكاتەوە لەبارەی نەخشەڕێگاكەی. بەڵام لەماوەی رابردوو، بەرپرسانی بزووتنەوەكە لەڕێگەی نووسین و وتاری تاكەكەسییەوە، نەك نەخشەڕێگاكەیان بەدەرچە و رزگاركەر نەزانی، بگرە هەڵوێستی یەكێتییان لەبارەی نزیكایەتی لە پارتی و گۆڕان بەیەك مەودا، سەركۆنە كرد.

هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان، نائومێدی بەشێك لە سەركردە و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی بەرامبەر یەكێتی نەشاردەوە “نەخشەڕێگای یەكێتی بۆ كاتكوشتن دانراوە و بە دیدی ئێمە یەكێتی تەنانەت ئامادە نییە رێككەوتننامەی نێوان خۆیی و گۆڕانیش جێبەجێ بكات، نەك نەخشەڕێگا”. 

ئەو  هەڵسووڕاوەكەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتیشی “دەبێ یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی دەباشان، ئەوكات بەشێك لە كێشەكان خۆیان چارەسەر دەبن”.

هەرچەندە گۆڕان دەڵێت نەخشەڕێگاكەی یەكێتیان بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت “نەخشەڕێگاكەمان بۆ سەرجەم حیزبەكان ناردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ حیزبێك وەڵامی نەداوینەتەوە”.

نەخشە رێگاكەی یەكێتی، لە 8 خاڵ پێكهاتووە. لە سەرەتای مانگی شوباتی رابردوو دوای هەوڵ و تەقەللای زۆر بۆ ئەوەی سەركردایەتی حیزبەكە وردە ناكۆكییەكانیان رێگەی كۆبوونەوەیەكیان لێنەگرێ، ئەو پڕۆژەیان بەرهەمهێنا و جگە لە پابەندكردنی یەكدی بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكانی نێوخۆیان، داوایان كردووە بۆ گۆڕینی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەت و پەرلەمان و دابەشكردنەوەیان  تاوەكو هەڵبژرادنی داهاتوو.

تەمەنی قوڵبوونەوەی ململانێ نێوخۆییەكانی باشووری كوردستان، كە گەیشتووەتە رۆژێك تەنانەت لەسەر هیچ شتێك نەتوانن رێكبكەون، نزیكدەبێتەوە لە دوو ساڵ. لەنێو ئەو ململانێیەدا، ململانێی پرۆژە و نەخشەرێگاكانیش پەیدابوون. بەجۆرێك ئەوانەی دەست و قاچیان لەنێو كێشەكاندایە، دەخوازن دەستوخەتی ئەوانیش بكرێتە بنەمای رێككەوتن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێیوایە وەڵامنەدانەوی نەخشەرێگاكەیان لەلایەن حیزبەكانەوە نەنگی سایسی نییە و واوەتر لەوەش دەڵێ “خۆ ئێمە پڕۆژەمان بۆ حیزبەكان و وەڵامی ئەوان نەنووسیوە تاوەكو چاوەڕێی وەڵامی لایەنەكان بین، یان پێویست بێ لایەنەكان وەڵامی بدەنەوە”.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، گوتی ئێمە نەخشەڕێگامان بۆ یەكێتییەكان نووسیوە “دید و بۆچوونی یەكێتیمان بۆ شێوازی چارەسەری كێشەكان دیاری كردووە و بۆ ئەوە نووسیومانە هەر كەسە و لە ئاوازێك نەخوێنێ، نەك چاوەڕێ بین حیزبەكان وەڵامی ئێمە بدەنەوە، گوتومانە یەكێتی پێیوایە كێشە نێوخۆییەكانی كوردستان و ئاوا چارەسەر دەبن”.

رۆژی شەممەی رابردوو، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كێشە نێوخۆییەكان، پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی و گۆڕان، گشتپرسی و نەخشەڕێگای یەكێتی، باسكران.

ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبە، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتی “بەشێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوە گوتیان دەبێ یەكێتی گشتپرسی بەهەند وەربگرێ، بەڵام كاراكردنەوەی پەرلەمانیش هەروا”. گوتیشی “نەخشەڕێگای یەكێتی گفتوگۆی زۆری لەبارەوە نەكرا، بەڵام داواكرا یەكێتی لەسەر ئەو بنەمایە كێشەكان چارەسەر بكات”.

نەخشەرێگاكەی یەكێتی،بەڵێی زۆرینەی سەركردایەتی ئەو حیزبەی پێنەبوو، بۆیە دوای كەمتر لە سێ هەفتە جارێكی دیكە سەركردایەتی یەكێتی بۆ گۆڕانكاریی تێیدا كۆبوونەوە، بەڵام گۆڕانكارییەكانیش هێشتا واینەكرد حزبەكان بەباش یان خراپ قسەیەكی لەبارەوە بكەن.

كامەران بابان زادە، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی گوتی هێشتا كۆمەڵی ئیسلامی لەو بارەیەوە وەڵامی یەكێتی نەداوەتەوە “ئەمڕۆ دووشەممە 1/5/2017 سەركردایەتی كۆمەڵ كۆدەبێتەوە، بەڵام دیار نییە باسی ئەو پرۆژەیە بكرێ یان نا”. گوتیشی “رای كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیدا دیاری دەكرێ لەبارەی هەر پرسێكی گرنگ”. هەروەها یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش تاوەكو ئێستا لە بارەی نەخشەرێگاكەیەوە وەڵامی یەكێتی نەداوەتەوە”.

رۆژی 23/4/2017 مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە. دوای كۆبوونەوەكەش راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە. بەپێی راگەیەنراوەكە لە كۆبوونەوەكە باسی سێ‌ تەوەركراوە كە دوایینیان پەیوەندی بە نەخشەڕێگاكەی یەكێتییەوە هەبووە. وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە “پڕۆژە (نەخشەڕێگا)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوای دیراسەكردنی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی هەمەلایەنەی لەسەربكرێت و وەڵام بدرێتەوە”.

پارتی چاوەڕوانی ئەوە لە یەكێتی دەكات، پێكەوە جارێكی دیكە گوڕ و تین بدەنەوە بە پرۆسەی سیاسی و دیدێكی هاوبەش لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی دروستبكەن، بەڵام  كاراكردنەوەی پەرلەمان مەرجی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ ئەوەی لەنێو كۆمیتەی ئامادەكارییەكانی گشتپرسیدا ئەندام بێ. هەر بۆیە بەپێی ئەو زانیاریانەی لە چەند سەرچاوەیەكی پارتییەوە دەست (رووداو) كەوتوون، پارتی بە یەكێتی گوتووە “ئەولەویەت بەلای ئەوانەوە ئەنجامدانی گشتپرسی و پرسە نەتەوەییەكانە و بە میكانیزمێكی نوێش، كاراكردنەوەی پەرلەمان پەسەند دەكەن كە میكانیزمە نوێیەكەش گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here