هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: سەربەخۆیی مافی رەوای گەلەکەمانە

0
164

مەلا بەختیار: جگە لە گشتپرسی هیچ رێگەیەكی دیکەمان لەبەردەمدا نەماوە
مەلا بەختیار: جگە لە گشتپرسی هیچ رێگەیەكی دیکەمان لەبەردەمدا نەماوە

رووداو- سلێمانی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەخت لە سەربەخۆیی کوردستان دەکاتەوە وەک مافێکی گەلی کوردستان و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت: “كورد جگە لە گشتپرسی هیچ رێگەیەكی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە”. شاندێکی هەنگاریش دەڵێن: “هەنگاریا لەم كاتەدا گشتپرسی بە باشی دەبینێت بۆ گەلی كورد و کوردستان پێویستی بە دەوڵەتێکی بەهێزە”.

بەپێی میدیاکانی یەکێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-5-2017 هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ د.دیژو تاماس پرۆفیسۆر لە بواری شوێنەوارناسی و زانستی سریان لە زانكۆی ئوتڤش لۆراند و شتاینەر تیبۆر راوێژكاری‌ سەربازیی‌ لەكۆنسوڵخانەی‌ هەنگاریا لەهەرێمی‌ كوردستان و وەفدی یاوەری کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ، ئەمنیی ، ئابووریی ، رەوشی‌ ئاوارەكان و ئەنجامدانی گشتپرسی لەكوردستان تاوتوێكرا.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە دیدارەکەدا سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لەباشوری‌ كوردستان و ئامادەکارییەکان و‌ چۆنیەتی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی پرۆسەكە گوتی: “سەربەخۆیی‌ مافێكی‌ رەوا و دیموكراتییانەی‌ گەلی‌ كوردستانە و لەو پێناوەشدا یەكێتی‌ لەخەباتی‌ سیاسی‌ و دیموكراسی‌ و ئاشتییانەی‌ بەردەوام دەبێت”.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: “یەكێتی مەبەستیەتی كێشە سیاسی و یاساییەكانی ناوخۆ بەدیالۆگ چارەسەر بكرێ، پێویستیشە، هەنگاوەكان لەپێناو كاراكردنەوەی‌ دەزگا شەرعییەكان و دەستەبەركردنی‌ یەكڕیزی‌ نێوان لایەنەكان جیددی‌ بێت”.

هەروەها لە دیدارێکی دیکەدا مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ شاندە هەنگارییەکەدا رایگەیاند: “دەوڵەتی عیراق كرد(96) ساڵە دامەزراوەو كورد سەرجەم حكومەتەكانی تاقیكردۆتەوە، هەر لە پاشایەتی، كۆماریی، ناسیونالیستی، فیدراڵی بەدەسەڵاتی شیعەوە، بەڵام لەكۆی ئەو (96) ساڵە، هێشتا نەتوانراوە عیراق ببێتە نیشتمانێك بۆ هەمووان، كە لەرووی مەدەنییەوە هەموان شانازی پێوە بكەین؟! “.

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە پرسیاری ئەوەی بۆ سریلانكا دەبێت بەیەكێك لەوڵاتە خۆشگوزەرانەكانی جیهان؟ بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا گەشە دەكات؟ بۆ مافی گشتپرسی دەدرێت بە سكوتلاند و بە كیوبیكەكان كە چی جیابوونەوە؟ گوتی: “وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە ئەوەیە، كە دیموكراسی هەیە. بەڵام لەعیراق دیموكراسی نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی دیکەی عیراق، كولتوورمان، فەرهەنگمان، سایكۆلۆجییەتمان، مێژوومان و شەهیدەكمانیشمان جیاوازن، ئیتر چۆن دەتوانین پێكەوە بۆ دیموكراسی بژین؟!”.

مەلا بەختیار هەروەها لە شاندە هەنگارییەکەی پرسیوە ، ئەوروپا، دەیەوێت كورد لەوە زیاتر بەرگە بگرین؟! وڵاتەكەی ئێوە شەش مانگ بەرگەی ئاوارەكانی نەگرت و ریفراندۆمی بۆ كردن، كە ئایا وەریان بگرێت یان نا؟ بەڵام كورد (96) ساڵە بەرگە دەگرێ‌، هێشتا ناتوانین ریفراندۆم بكەین؟! .

لە درێژکەی قسەکانیدا لێپرسراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاندووە: “ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و ئەنجوومەنی ئاسایش گرەنتیمان دەدەنێ ‌‌و خۆیان سەرپەرشتی دەكەن، ئەم وڵاتە دوای (5 یان 10) ساڵی دیکە دەبێت بەدیموكراسی، ئەوا رەنگە كورد واز لەریفراندۆم بهێنێت! بەڵام هەمووان دەزانین نە گرەنتی هەیە و نە ئەم وڵاتەش تازە لەم ساڵانە دەبێ‌ بە دیموكراسی”.

تەنیا رێگەی چارەسەر بەگوتەی مەلابەختیار گشتپرسییە ، ئەو دەڵێت: “ئایا دەبێ‌ ئیتر كورد چاوەڕێی قەدەر بكات، یان ئەلتەرناتیڤمان هەبێت؟ چونكە ناتوانین لەبەرامبەر ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەرماندا هاتووە، چیتر بەبێ‌ بەرنامە و ستراتیژی چاوەڕێی رووداوەكان بكەین! بۆیە كورد جگە لەریفراندۆم هیچ رێگەیەكی دیکەی لەبەردەمدا نەماوە”.

بەپێی میدیاکانی یەکێتی شاندە هەنگارییەیەکە بە مەلا بەختیار -یان راگەیاندووە: “ئێمە هەستدەكەین ئەم جێگەیەی كە ئێمەی لێین، كە كوردستانە، پێویستی بەدەوڵەتێكی بەهێزە و ئەمەش بۆ هەموومان باشە. چونكە بەدڵنیاییەوە دەتوانێت ئاشتی لەناوچەكە بۆ هەموولایەك بهێنێتەدی، هەروەكو چۆن لەماوەی رابردوودا ئەوەمان بینیوە”.

شاندە هەنگارییەکە هەروەها هەڵوێستی وڵاتەکەیان لەبارەی گشتپرسی خستەڕوو و رایانگەیاند: “هەنگاریا لەم كاتەدا گشتپرسی بە باشی دەبینێت بۆ گەلی كورد، چونكە هەمیشە گەڕانەوە بۆ رای گشتی خەڵك، بەگرنگ دەزانین”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here