هەسەدە: پاککردنەوەی مینە چێنراوەکانی داعش لە باغۆز دوو مانگی پێویستە

0
303

باغۆز دوای شەڕ بووەتە وێرانە

رووداو – باغۆز 

دوای شەڕێکی قورس، شارۆچکەی باغۆز کۆنترۆڵکرایەوە؛ ئەو چەکدارانەی داعشیش کە بەرگرییانکرد، بەر گولـلەی شەڕڤانان و هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کەوتن.

دۆخی دوای شەڕ لە باغۆز بەجۆرێکە، داروپەردووی خانووە رووخاوەکان بەسەریەکدیدا کەوتوون، تەرمی خەڵک یان چەکداران لە هەموو شوێنێک دەبیندرێن.

کینۆ گابریێل، گوتەبێژی هەسەدە دەڵێ “ئەو ناوچەیە بەشێوەیەکی گشتی پێویستی بە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی سەرتاسەری هەیە لە مین و بۆمبی چێندراو، کە داعش بەجێیهێشتوون. پێمانوایە ئەم هەڵمەتە لانیکەم دوو مانگی دەوێت. پێمانوایە لانیکەم پێویستمان بە دوومانگە بۆ تەواوکردنی ئەو هەڵمەتە و کردنەوەی دەرگا بەڕووی خەڵکی سڤیل بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی باغۆز، زیانێکی گەورە بە شارۆچکەکە کەوت. بەرپرسانی هەسەدەش پێیانوایە، رێگایەکی دووروودرێژیان لەبەردەمدایە تاوەکو ژیانی ئاسایی بۆ باغۆز دەگەڕێتەوە.

دوای هەڵمەتی پاککردنەوەی باغۆز لە کاولکاری و بۆمبی چێندراو، هەنگاوی داهاتوو پەیوەندی بە دەستبەکاربوونەوەی ئیدارەی شارۆچکەکەوە هەیە. گوتەبێژی هەسەدە ئەم هەنگاوە بە هۆکارێک بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەزانێت.

کینۆ گابریل دەڵێ “هەنگاوەکانی دیکەمان زیاتر پەیوەندییان بە لایەنی مەدەنی و ئیدارییەوە هەیە، ئەویش لەرێگەی کردنەوەی رێڕەو بۆ خەڵکی سڤیل و ئەو خەڵکانەی لە ناوچە رزگارکراوەکاندا هەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. دواتر بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە کار لەسەر هەڵبژاردنی ئیدارەی جێبەجێکار و یاسایی و سڤیل دەکرێت، کە دەبێتە پشتگیرییەک بۆ بونیادنانەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی، ئەمەش رێگری دەکات لە داعش لەوەی خۆی رێکبخاتەوە و ئەو کەسانە بەکارنەهێنێت کاری بۆ دەکەن”.

8ـی شوبات شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی باغۆز دەستیپێکرد. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پاڵپشتیکارێکی سەرەکی شەڕڤانان بوو لە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە. 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here