هەڵگورد حیکمەت: داوا لە پەکەکە دەکەین شنگال بەجێبهێڵن

0
149

“دەبێت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت”

رووداو – دهۆک

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ ، واقیعی سیاسی ناوچەکە و هەڕەشەکانی پێشتری تورکیا خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرا کە دوێنێ شەو روویدا. دەشڵێ ئێستا قۆناخێکی دیکە دروستبووە، ئەویش ئەوەیە دەبێت بڵێین پێویستە ئەو هێزانە لەوێ دوور بکەونەوە، داواش لە پەکەکە دەکەین پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات و ئەو ناوچانە جێبهێڵێت .

ناوەندی پەیامنێرانی میدیا لە دهۆک سمینارێکی کراوەی بۆ عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رێکخست و لە بەشێک لە گوتەکانیدا، لەسەر بۆمبارانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر چیای شنگال قسەی کرد و رایگەیاند: “بەداخەوە ئێمە زیاتر لە ساڵێکە هاوار دەکەین و لایەنی بەرامبەر بانگهێشتی ئەوە دەکەین کە ئەو هێزانە لەو ناوچانە دوور بخرێنەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانێکی سیاسەتێکی نێودەوڵەتی یان کێبڕکێ و پێکدادانێکی نێودەوڵەتی”.

هەڵگورد حیکمەت، گوتی: “بەداخەوە دوێنێ شەو رەنگە سەرەداوێکی ئەو واقیعە خۆی پێشاندابێت، بۆیە لێرەوە جارێکی دیکە و دووبارەی دەکەینەوە هەروەک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، داوا لە لایەنی بەرامبەر هێزەکانی پەکەکە دەکەین شنگال و ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن کە لە باشووری کوردستاندا کردوویانەتە بنکە و بارەگای خۆیان”.

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: “هەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، داواش لە وڵاتی تورکیا کراوە کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و بۆردوومانکردنە بۆسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان یان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کارێکی قبوڵکراو نییە و ئیدانەی دەکەین، کە دەڵێین قبوڵکراو نییە، بێگومان رێوشوێنی دیکەی یاسایی هەیە لە بەرامبەر بەم بابەتە”.

هەڵگورد حیکمەت، دەڵێت: “ئەوەشمان لەبیر نەچێت هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بەشێکی دانەبڕاوی حکومەتی فیدراڵە ئەمەش پێشێلکردنی سیادەی حکومەتی عێراقی فیدراڵە، دەبێت حکومەتی عێراقیش هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە رابگەیێنێت”.

هەڵگورد حیکمەت، دەشڵێت: “ئەو واقیع حاڵەی ئێستا لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان هەیە، هەڕەشەکانی پێشتری تورکیا و واقیعی سیاسی ناوچەکە خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرا کە دوێنێ شەو روویدا، ئێمە ساڵێک پێشوەخت هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان ، لە هەوڵدابووین ئەو هێزانە لەو ناوچانە دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە”.

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، باس لەوە دەکات “ئێستا قۆناخێکی دیکە دروستبووە، ئەویش ئەوەیە دەبێت بڵێین پێویستە ئەو هێزانە لەوێ دوور بکەونەوە، داواش لە پەکەکە دەکەین پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتەکانی خۆیدا بکات، ئەو ناوچانە جێبهێلێت بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە و ئیدارەی هەرێمی کوردستان بتوانن رێگەی ئوسوڵی و یاسایی خۆیانی لێ جێبەجێبکەن”.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو، سەبارەت بە ئەگەری دووبارەبوونەوەی بۆمبارانەکان، هەڵگورد حیکمەت، گوتی: “دامەزراوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی باڵاش لە هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە دەکرێت ئەو هێرشانە دووبارە نەبێتەوە، دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کوردستان ئەندامێکی کارای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە، کە ئەو هاوپەیمانێتیەش بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر بە پێشمەرگەی کوردستان بۆیە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە هەڵوێستی هەبێت”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here