وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانان بۆ خه‌ندان ئامانجی چوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ رۆژئاوای كوردستان باس ده‌كات .

0
96

[ad_1]

خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی 

جۆن دۆریان، وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ڕایده‌گه‌یه‌نێت جێگیركردنی هێزه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌ركی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تییه‌.

كۆلۆنێل جۆن دۆریان، وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ خه‌ندانی ڕاگه‌یاند”ئه‌و هێزانه‌ له‌ڕاستیدا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌ركی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تیدا و ئامانجی ئه‌و هێزانه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ی ئێمه‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌هه‌ردووبه‌ری سنوور له‌ توركیا و له‌ سنوری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات دڵنیابكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هیچ ڕووداوێكی ئه‌منی ڕوونه‌دات دووریان بخاته‌وه‌ له‌ شه‌ڕی دژی داعش”.

“چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ داعش گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌و له‌ڕاستیدا ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر هه‌موو جیهان، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌نجامی بده‌ین ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخێك بهێنینه‌ئاراوه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا شه‌ڕی تیرۆریزم ده‌كه‌ن چه‌كه‌كانیان ئاراسته‌ی داعش بكه‌ن” دۆریان وای‌ وت.

له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و هێزانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی یان بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌مێننه‌وه‌، وته‌بێژی هاوپه‌یمانان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد ئه‌وان پێیان باشه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانن وابكه‌ن هه‌موولایه‌ك هه‌وڵه‌كانیان له‌شه‌ڕی دژی داعش چڕبكه‌نه‌وه‌.

وته‌بێژی‌ هاوپه‌یمانان ئه‌وه‌شی‌ خسته‌روو”هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌وێن ئه‌وه‌یه‌ ڕێگری بكه‌ن له‌ ڕووداوی ئه‌منی و ئه‌وان چی پێویست بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ئه‌و ڕووداوانه‌ ڕووبدات، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ یارمه‌تیده‌رده‌بن له‌ ئامۆژگاری كردن و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانه‌كانی ئێمه‌ كه‌ له‌دژی داعش ده‌جه‌نگن”.

جێف داڤس، وتەبێژ  پنتاگۆن لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئێواره‌ی‌ هه‌ینی‌ رابردوو، رایگەیاند،”سوپای ئەمەریكا بەدرێژایی سنوری نێوان سوریاو توركیا جێگیركراون”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام دەبن بۆ هاندانی هەموو پارت و لایەنەكان بۆ ئەوەی جەخت لەسەر “یەك دوژمنی هاوبەش” بكەنەوە كە داعش-ە.

سەركردەیەكی یەكینەكانی پاراستنی گەل( یەپەگە) رایگەیاندبوو، هێزەكانی ئەمەریكا دەستدەكەن بەچاودێریكردنی بارودۆخی سەرسنوری نێوان توركیاو سوریا، ئەوەش دوای پێكدادانی نێوان یەكینەكانی پاراستنی گەل و سوپای توركیا.

25ی ئەم مانگە، توركیا لەرێگەی 26 فڕۆكەی‌ جەنگی‌ F-16 ەوە بۆردومانی بنكەو بارەگاكانی یەپەگەی كرد له‌ چیای‌ قه‌ره‌چوغ و ئه‌وه‌ش كوژرانی‌ 20شه‌رڤانی‌ لێكه‌وته‌وه‌، هه‌مان كات توركیا بۆردومانی‌ باره‌گاكانی‌ یه‌به‌شه‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ كرد له‌شه‌نگال كه‌به‌هۆیه‌وه‌ شه‌رڤانێك و شه‌ش پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون.

شەرڤان كۆبانێ سەركردەیەكی یەكەكانی پاراستنی گەل، رایگه‌یاندبوو دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی سوپای ئەمەریكا لەشارۆچكەی دەرباسیە نزیك لەسنوری توركیا رایگەیاند، هێزەكانی ئەمەریكا دەستدەكەن بەچاودێریكردنی بارودۆخی سەرسنوری نێوان توركیاو سوریا.
  

[ad_2]

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here