وردەکاریی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی چەمچەماڵ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدار

0
228

خاوەنی ماڵەکە گیانی لەدەستدا، هاوژین و کچەکەی باسی رووداوەکە دەکەن

رووداو – چەمچەماڵ

کاژێر 08:30 خولەکی شەوی پێنجشەممە 4-5-2017، لە گەڕەکی کوردستانی قەزای چەمچەماڵ، ژمارەیەک چەكداری دەمامكدار هەڵدەكوتنە سەر ماڵی مامۆستایەك و هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكەن، هەرچەندە ئەوان بێ شەڕ و تەقەکردن رادەکەن، بەڵام بەهۆیەوە مامۆستاکە تەندروستی تێکدەچێت و پاش کاژێرێک گیان لەدەست دەدات.

ناز عومەر، كچی كۆچكردوو، باسی رووداوەکەی کرد و بە رووداوی گوت “لەپڕ هاتنە ژوورەوە، دەمیان گرتم و چەكیان خستە سەر سەرم، هەڕەشەیان کرد و گوتیان دەنگەدەنگ نەكەیت”.

دوای ئەوەی مامۆستاكە دەبینێت منداڵەكانی لە مەترسییەكی گەورەدان، باری تەندروستی تێكدەچێت و لەكاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیان لەدەست دەدات.

ژیان جەلال، هاوژینی كۆچكردوو بە رووداوی گوت “پیاوەکەم گوتی دەست لە كچ و ژنەكەم مەدەن، وەرن خۆم بكوژن، كچێكم لە نهۆمی سەرەوە بوو، چووە بەلەكۆنەكە و هاواری كرد، پێیانگوت دەتكوژین، گوتی بمكوژن بەس واز لە باوكم بێنن، دواتر كچەكە هاواری كردەوە و خەڵكی بەهانامانەوە هاتن”.

بەقسەی دانیشتووانی گەڕەكەكە، لەكاتی هەڵاتنیاندا چەكدارەكان بە ئۆتومبێلەكەیان خۆیان  بە ئۆتۆمبێلێكی دیكەدا کێشاوە و ئۆتۆمبێلەكەیان جێهێشتووە، دواتر بە تەقەكردن گەڕاونەتەوە هەمان جێگە و ئۆتۆمبێلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

پۆلیسی چەمچەماڵ لەكاتی ئاگاداركردنەوەیاندا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە، دواتر ئەوەیان ئاشکراکردووە كە سەرەدوای رووداوەکە و تۆمەتبارانیان دەستكەوتووە.

حەیدەر بێسەری، گوتەبێژی پۆلیسی چەمچەماڵ بە رووداوی راگەیاند “روودواەكە كەشفی هێڵكاری بۆ كراوە، لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و بڕیاری دادوەر وەرگیراوە، وێنەی كامێراكانمان لا پارێزراوە، هێزێكی هاوبەش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە وێنەی كامێراكان و دۆزینەوەی تۆمەتباران و ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە”.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here