وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی وازهێنانی سەردار قادر روونکردنەوە دەدات

0
282

سەردار قادر کە لەبری پارێزگاری سلێمانی و لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی بەڕێوەدەبرد، رۆژی 3-5-2017 دەستی لەکار کێشایەوە
سەردار قادر کە لەبری پارێزگاری سلێمانی و لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی بەڕێوەدەبرد، رۆژی 3-5-2017 دەستی لەکار کێشایەوە

رووداو – هەولێر

وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیێنێ، دوو بژاردەیان لەبەردەستن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە، بەڵام بڕیاردان لەسەر داوای بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ دوای کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان دواخراوە. 

د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی یەكشەممە 7-5-2017 دەستلەکارکێشانەوەی سەردار قادریان بەدەستگەیشتووە و پێشکەشی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ کراوە.

سامی جەلال باسی لەوە کرد کە بڕیاردان لەسەر پرسەکە لەسەر داوای جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ رۆژی سێشەممە 9-5- 2017  دواخراوە. گوتیشی “وەكو وەزارەتی ناوخۆ چاوەڕێی كۆبوونەوەی یەكێتی ‌و گۆڕان دەكەین، بزانین كاندیدێكیان دەبێت یان نا، بە بوون ‌و نەبوون ئەو پرسە یەكلادەبێتەوە و وەزیری ناوخۆ بڕیاری لەسەر دەدات”.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەگەر یەكێتی ‌و گۆڕان كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە دیاری نەكەن، ئەوا وەك وەزارەت چارەسەریان هەیە‌ و بەپێی ماددەی 20ی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009، عومەر قەڵادزەیی كە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی هەیە و لەسەر پشکی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرتووە، بۆ راییكردنی کاروبارەکان دیاریدەکرێت.

لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی د.ئاسۆ فەریدوون-یش بۆ پۆستەكەی، کە ئەویش لەسەر پشکی یەکێتی پۆستەکەی وەرگرتبوو، سامی جەلال پێشتر بە رووداوی گوتبوو “د.ئاسۆ فەریدوون، پارێزگاری سلێمانی، لەلای ئێمە مۆڵەتی وەرگرتووە، هەركاتێك بێت بەپێی یاسا بۆی هەیە بگەڕێتەوە، بەڵام ئیتر نازانین چی روودەدا”.

سەردار قادر، لەبری پارێزگای سلێمانی، كە لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی پێدرابوو، رۆژی 3-5-2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی دەسەڵات گەڕاندەوە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here