پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پەنا بۆ كام سیناریۆ دەبات؟

0
185

 ساڵێک و 7 مانگە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی پەکخرانییەوە کۆنەبووەتەوە، فۆتۆ: رووداو
ساڵێک و 7 مانگە پەرلەمانی کوردستان بەهۆی پەکخرانییەوە کۆنەبووەتەوە، فۆتۆ: رووداو

رووداو- هەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵەكانی خۆی چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی بەبێ‌ ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتی ئێستای پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمان كارا بكاتەوە، بەڵام زۆربەی فراكسیۆنەكان پێیانوایە ئەو هەوڵە سەركەوتوو نابێت.

جەعفەر ئیبراهیم، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، رۆژی نۆی ئەم مانگە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) راگەیاندبوو: “لێكتێگەیشتنی باش هەیە بۆ پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆیە من وای دەبینم لە ماوەی مانگێكدا پەرلەمان كارا بكرێتەوە”.

دانیشتنەكە لە نێوان حوزەیران و ئەیلولدا دەكرێت

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، فراكسیۆنی پارتی دەیەوێ‌ لەگەڵ پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی و كۆتاكان، پەرلەمانی كوردستان بۆ مەسەلەی گشتپرسی كارابكاتەوە. كۆبوونەوەكەش دەكەوێتە سەرەتای خولی نوێی گرێدان كە لەنێوان 1/6/2017 تاوەكو 1/9/2017 یە، ئەمەش بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێ.

 لە ماددەی پێنجەمی ئەو پەیڕەوەدا هاتووە: “پەرلەمان لە ساڵێكدا دوو خول گرێدەدات، یەكەمیان لە سەرەتای مانگی ئادار تا كۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت. دووەمیشیان لە سەرەتای ئەیلول دەستپێدەكات و لە كۆتایی كانونی یەكەم كۆتایی دێت”.

لە دوای رێگریی پارتی لە گەڕانەوەی د.یوسف محەممەد سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر لە رۆژی 12/10/2015، پارتی چەندینجار ئاماژەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی سیاسی 17ی نیسانی 2014 لەگەڵ گۆڕان كردووە. بەپێی ئەو رێككەوتنە، بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمان و چوار وەزارەت و دەستەیەكی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرت.

پارتی سوود لە پەیڕەوی ناوخۆ وەردەگرێت

لە ماددەی 16، بڕگەی دووەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە بە بەتاڵبوونی پۆستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە كە دەڵێ‌: “لە كاتی بەتاڵبوونی پێگەی سەرۆكی پەرلەمان یان جێگرەكەی یان سكرتێر لەبەر هەر هۆیەك بێت، پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنی گرێدراوی دوای بەتاڵبوونەكەوە، بەهەمان رێگەی دەقكراو لەم پێڕەوەدا جێگرەوەیەكیان بۆ هەڵدەبژێرێ”. 

هەنگاوەكانی دوای ئەوەش لە بڕگەی یەكەمی ماددەی شەشەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا باسكراوە كە دەڵێت “سەرۆكی پەرلەمان یان یەك لەسەر چواری ژمارەی ئەندامەكانی، بۆیان هەیە بانگهێشتی كۆبوونەوە بكەن لە دانیشتنێكی نائاسایی، كۆبوونەوەكەش كورت دەكرێتەوە سەر تێڕوانینی ئەو بابەتانەی لە بانگهێشتەكە دیاری كراون”.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان پێویستی بە واژۆی 28 پەرلەمانتار هەیە، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو، دەبێ‌ یەك لەسەر سێی پەرلەمانتاران داوا بكەن بۆ بابەتێكی دیاریكراو كۆببنەوە، لەو حاڵەتەشدا دانیشتنەكە پێویستی بە واژۆی 37 پەرلەمانتار دەبێ‌، چونكە لە حاڵەتی بوونی یاسادا پشت بە پەیڕەو نابەسترێت. پارتی بە تەنیا دەتوانێ‌ داوای ئەو دانیشتنە بكات و واژۆی بۆ كۆبكاتەوە، چونكە 38 پەرلەمانتاری هەیە. 

شوان ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری پارتی سەبارەت بە چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەڵێت: “دوو رێگا لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان هەیە، یان هەڵبژاردن لە كاتی خۆی، یان تەمەنی یاسایی خۆی درێژ بكاتەوە، چونكە جگە لە پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، پرسی تەواوبوونی خولی چوارەمیشمان لەبەردەمە”.

شوان ئەحمەد پێیوایە پەرلەمان بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان كارا دەبێتەوە “ئەگەر بە رێككەوتن كارا نەكرایەوە، لە رووی یاساییەوە بە تەمەنترین كەس دەتوانێت سەرۆكایەتی دانیشتن بكات، چونكە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیتوانیوە ئەركی خۆی جێبەجێ‌ بكات، بەڵام پارتی دەیەوێ‌ بە گفتوگۆ ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە، ئەگەرنا باشترین چارەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە یان هەڵبژاردن لە كاتی خۆی و ئامادەسازیشمان وەكو حیزب بۆ ئەو پرۆسەیە كردووە”.

بەپێی ماددەی 10 لە پەیڕەوی ناوخۆ، یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لەلایەن بە تەمەنترین پەرلەمانتارەوە سەرۆكایەتی دەكرێ‌، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، چونكە محەممەد سادق پەرلەمانتاری پارتی بە تەمەنترین پەرلەمانتاری ئەو خولەیە.

گۆڕان: دەستبردن بۆ ئەوە قەیرانەكان قووڵتر دەكاتەوە

پەرلەمانتارێكی گۆڕان دەڵێت كاراكردنەوەی پەرلەمان لەو سیناریۆیانەی پارتی باسی دەكات، قەیرانەكە قووڵتر دەكاتەوە.

بەهار مەحموود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە (رووداو)ی گوت: “دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، غائیبیش نین، بەڵكو رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كراوە بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، بۆیە هەر پەنابردنێك بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی لە دەرەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، قەیرانە سیاسییەكە قووڵتر دەكاتەوە”.

بەهار مەحموود كە جێگری سەرۆكی لیژنەی یاساییە لە پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە یاساییبوونی ئەو دانیشتنە ئەگەر بكرێ‌، گوتی: “داوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی نائاسایی لەلایەن یەك لەسەر سێی پەرلەمانتارانەوە یاساییە، بەڵام بانگهێشتكردن و راگەیاندنی دانیشتنەكە دەبێ‌ لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە بێت، دەستەی سەرۆكایەتیش نەمردوون تاوەكوو كەسێكی بە تەمەن سەرۆكایەتی دانیشتنەكە بكات”.

دوای ئەوەی بە تەمەنترین كەس بۆ سەرۆكایەتی دانیشتنەكە هەڵدەبژێردرێ‌ بەپێی ماددەی 22ی پەیڕەوی ناوخۆ، سەرۆكی كاتی لە دوای سوێندخواردنی، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پێگەكانی دەستەكە كە بریتین لە سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی و سكرتێر، دەكاتەوە، بەمەش پەرلەمان كارا دەكرێتەوە هەروەكو سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (رووداو)ی گوت.

دانیشتنەكە پێویستی بە 56 پەرلەمانتار هەیە 

بەربەستی ئەم دانیشتنە نیسابی قانوونییە، چونكە بەپێی ماددە چوار لە پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركراوی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەی پەرلەمان یاسایی نابێت تەنیا بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەكانی نەبێت، بەمەش دوای پێشكەشكردنی داوایەك بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەت بەبێ‌ دەستەی سەرۆكایەتی ئێستای پەرلەمان، دەبێ‌ 50+1 كە دەكاتە 56 پەرلەمانتار، ئامادەی دانیشتنەكە بن.

یەكێتی: نامانەوێ‌ دابەشبوون رووبدات

سالار مەحموود، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رای وایە هەر دانیشتن و هەوڵێك لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی و كۆدەنگیی لایەنەكان، دابەشبوون و لێكترازانی زیاتری لێدەكەوێتەوە. سالار مەحموود دەڵێت: “پێشبینی دەكەم دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە، پێناچێت لایەنەكان لە پێناوی رێككەوتنێكی نیشتمانی، سازش بۆ یەكدی بكەن. پەنابردنە بەر زۆرینە و كەمینە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ترازانی زیاتر دروست دەكات و چارەسەری قەیرانەكان ناكات”.

یەكگرتوو: بەبێ‌ دەستەی سەرۆكایەتیی ئێستا دانیشتنەكە ناكرێ‌

هەر لەوبارەوە، ئەبوبەكر هەڵەدنی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “بەبێ‌ دەستەی سەرۆكایەتیی ئێستا ناتوانرێت دانیشتن بكرێ‌، چونكە دەستەی سەرۆكایەتی ئیعفا نەكراوە و لە ژیانیشدا ماوە، بۆیە ئەو ئەگەرە دوورە كە دانیشتنی نائاسایی بكرێ‌”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی هەروەها گوتیشی كە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێك باسی لەوە كردووە سەرجەم رێگاكان بە بنبەست گەیشتوون، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی 11ی ئەمساڵ كە ماوەی ئەو خولەی پەرلەمان كۆتایی دێت، یەكێكە لە بژارە بەهێزەكان”.

سیناریۆكانی كاراكردنەوەی پەرلەمان

سیناریۆی یەكەم: پارتی (38 كورسی)+ كۆتاكان (11 كورسی)+ بەشێك لە یەكێتی= 56

سیناریۆی دووەم: پارتی (38 كورسی) + یەكێتی (18 كورسی) = 56 كورسی

سیناریۆی سێیەم: پارتی (38 كورسی) + كۆتاكان (11 كورسی) + سۆشیالست (1 كورسی) + شیوعی (1 كورسی) +  بزووتنەوەی ئیسلامی (1 كورسی) + ئاراستەی سێییەم (1 كورسی) + یەكگرتوو (3 كورسی) = 56

سیناریۆی چوارەم: پارتی (38 كورسی) + كۆتاكان (11 كورسی)  + یەكگرتوو (10 كورسی) = 59 كورسی

سیناریۆی پێنجەم: رێككەوتنی پێنج قۆڵی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here