پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان پێکدێنن

0
177

گوتەبێژی پارتی: یەکێتی دەڵێ گشتپرسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان دوو شتی جیاوازن

رووداو – هەولێر

هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی جەخت لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی دەکەنەوە. لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە 23-4-2017 دا کە مەسعود بارزانی ئامادەی بوو، هەردوولا وەک ئەولەویەت جەخت لەسەر پێكهێنانی لیژنه‌یەکی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی گشتپرسی دەکەنەوە لەگەڵ ده‌ستنیشانكردنی رۆژی دەنگدان. 

یەکێتی و پارتی  چۆنییه‌تی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بەپێویست دەزانن به‌شێوازێک كه‌ له‌ خزمه‌ت پرۆسه‌ی گشتپرسی، سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كڕیزی نیشتمانیدا بێت. هەروەها بڕیارە پارتی  نەخشەڕێگای یەکێتی دیراسە بکات و گفتوگۆی وردی لەسەر بکرێ، پاشان وەڵامی خۆی بە یەکێتی بڵێ.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاریان دا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان دروست بکەن،  هەوڵی ئەوەش دەدەن لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمیتەی گشتپرسیش پێکبێنن، چونکە یەکێتی بە پارتی گوتووە، پەرلەمان و گشتپرسی دوو بابەتی جیاوازن و گرێدراوی یەک نین.
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بە ئێمەیان گووت ، پرسی ریفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەیەکەوە نابەستنەوە و ئەمە دووشتی جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە”.

گوتەبێژی پارتی هەروەها گوتی: “بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بۆ دروستکردنی کۆمیتەی ریفراندۆم، ئامادەیی و توانای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وا دەکات بڕیار لەبارەی رۆژی گشتپرسییەوە بدرێت”.

ئەم بۆچوونەی یەکێتی لەسەر جیاکردنەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی گشتپرسی لەیەکدی، لەکاتێکدایە راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە 22-4-2017 ی یەکێتی و گۆڕان دەڵێت: دەبێت لە پەرلەمان بڕیار لەسەر گشتپرسی بدرێت. سەرکردەکانی یەکێتی خۆیان  لە لێدوانی رۆژنامەوانی بەدووردەگرن لەسەر بۆچوونی جیاوازیان لە هەولێر و سلێمانی.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سێیەم کۆبوونەوەیەنا لە سێ هەفتەی رابردوودا ئەنجامدا، کۆبوونەوەکەی ئەمجارەی پارتی و یەکێتیش لەسەر ئاستێکی باڵا و بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here