پزیشكێكی ئوردنی چاوی ژنێكی كورد كوێر دەكات

0
171

خالیدە سەبری دەڵێت بەهۆی دەرزیی ئاڤاستینەوە گلێنەی  چاوی رزیوە
خالیدە سەبری دەڵێت بەهۆی دەرزیی ئاڤاستینەوە گلێنەی چاوی رزیوە

رووداو- هەولێر

خالیدە بە مەراقێكی زۆرەوە ئەلبوومی وێنەكانی نیشان دەداین و دەیگوت “سەیرم بكەن چەند جوان بووم، چەند هیوام هەبوو، بەو تەمەنە لە كێبڕكێی خوێندن و كاری سیاسی لە پێشەنگدا بووم، بەڵام دەرزییەكی ئاڤاستین خەونەكانمی لەباربرد”.

خالیدە سەبری، 53 ساڵ، بەهۆی هەڵەی پزیشكەوە چاوی چەپی لەدەستداوە، خالیدە شووی كردووە، هەرچەندە منداڵی نییە، بەڵام لەدەستدانی چاوی وەك مردنی جەرگی دێتە پێش چاوی. خالیدە باسی چۆنیەتی لەدەستدانی چاوی بۆ (رووداو) كرد و گوتی: “ساڵی 2013 چاوم ئازاری هەبوو، سەردانی چەند پزیشكێكم كرد، دواتر بۆ دڵنیایی زیاتر چوومە توركیا و سەردانی پزیشكم كرد، پێیانگوتم چاوت زەختی هەیە، بەڵام چاوت باشە و دوو مانگ جارێك سەردانی پزیشك بكە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیت”.

گوتیشی “منیش دوای دوو مانگ و لە مانگی حەوتی ئەو ساڵەدا، سەردانی پزیشكێكم كرد بەناوی (ر) لە سەنتەری پزیشكیی ئوردنی بۆ چاو لە هەولێر، پێیگوتم بارودۆخی چاوت زۆر خراپە، بەڵام چارەسەرت دەكەم، دەرزییەكی لەچاوم دا بە 300 دۆلار، كاتێك ویستی دەرزییەكە لە چاوم بدات، پێمگوت بۆ دەرزی لە چاوم دەدەی، خۆ چاوم كێشەی نییە، تەنیا زەختی هەیە و هەموو پشكنینەكانم باشە، بەڵام ئەو گوتی من پزیشكم دەزانم چاوت چی پێویستە، پاش لێدانی دەرزییەكە، پلاستەرێكی خستە سەری”.

رۆژی دواتر لەكاتی لابردنی پلاستەرەكە خالیدە هەست دەكات چاوی هیچ نابینێ‌، كاژێر بووە یەكی شەو، تەلەفۆن بۆ پزیشكەكەی دەكات و پێیدەڵێت چاوی هیچ نابینێت. خالیدە گوتی “دكتۆرەكە لە تەلەفۆنەكەدا شڵەژا، قسەكانی تێكەڵ كرد، گوتی مەترسە سبەی وەرە بۆ لام و چارەسەری دەكەین”.

خالیدە دەچێتەوە لای پزیشكەكەی، بەڵام دەڵێت هیچ نییە چاوت ئیلتیهابی كردووە، دوای مانگێك چاك دەبێتەوە. بەڵام دوای مانگەكە چاك نابێتەوە، بۆیە دەچێتە لای پزیشكێكی دیكە. خالیدە گوتی “دوای پشكنین پزیشكەكە گوتی حەساسیەت نییە، تۆ گلێنەت رزیوە و چاوت لەدەستداوە، بەڵام بڕوام پێنەكرد، چوومە لای پزیشكێكی دیكە و ئەویش هەمان شتی پێگوتم، لە دەرەوەی وڵاتیش پێیانگوتم ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژێكدا بهاتیتایە چارەسەرت ئاسان بوو، بەڵام ئەو پزیشكە ئوردنییە هەڵیخەڵەتاندم و هەموو هیوا و خەونەكانی تێكشكاندم”.

خالیدە دەشڵێت “من یاسام تەواو كرد و چاوەڕێی ماستەر بووم، هەموویم لەدەستچوو، چونكە كاری كردووەتە سەر چاوی راستیشم، چاوم كز بووە. دەترسم هەتا مردن بە نابینایی ژیان بگوزەرێنم”.
خالیدە پاش لە دەستدانی چاوی سكاڵا تۆمار دەكات لەسەر ئەو پزیشكە، ئەو بە گلەییەوە دەڵێت “بە چركەیەك كوێر كرام، بەڵام دادگا 3 ساڵ درێژەی كێشا، ئینجا بڕیاری دەستگیركردنی پزیشكەكەی بۆ ماوەی شەش مانگ دەركرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی رابردووی پاك بوو و خاوەنی تاوانی دیكە نەبوو، زیندانی نەكرا”.

خالیدە دەڵێت “ئەو پزیشكە نەدەبوو حوكمەكەی وا ئاسان بووایە لە كاتێكدا خاوەنی دوو تاوانە بەرامبەر من، یەكەمیان: منی هەڵخەڵەتاند و راستییەكەی لێشاردمەوە، دووەمیان دەرزیی ئاڤاستینی لێدام كە وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی كردبوو، بە منیشی نەگوت چ جۆرە دەرزییەكت لێدەدەم”.

خالیدە لەدوای حوكمدانی ئەو پزیشكە چاوەڕوانی سزادانی ماددیی پزیشكەكە بوو، چونكە لەڕووی یاسایی ئەو مافەی لەڕێگەی لیژنەیەكی شارەزا بۆ دیاری دەكرێت و دەنێردرێت بۆ دادوەر، هەرچەند جارێك نێردراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی بەبڕی 70 هەزار دۆلار، بەڵام ئەو بڕە بە زۆر خەمڵێندراوە و دیسان تەمیز كراوەتەوە، پزیشكەكەش ئەمەی بەهەل زانیوە و هەڵهاتووە بۆ وڵاتی خۆی. خالیدە دەڵێت “لەوێوە تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی كوردستان ناتوانێت سزای من بدات، كەی بوو بە دەوڵەت، ئەوكات دەتوانێت من سزا بدات، ئەمەش جگە لە مافخواردن و كەمئەندامكردنی من، گاڵتەكردنە بە شكۆی دادگا و ناوی كوردستان”.

گلەیی ئەو ژنە لەلایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوەیە كە “چۆن دەبێت كەسێكی بیانی لە كوردستان تاوانێكی وا ئەنجام بدات و رێگری سەفەری لێنەكرێت؟ یان وەزارەتی تەندروستی چۆن رێگە دەدات هەركەس بێت و بەبێ چاودێریی چڕ و زانیاریی ورد لەسەر شارەزابوونی، مۆڵەتی پێدەدات؟”.
كارزان تارق جامباز، پارێزەری خالیدە لەبارەی كەیسەكەوە گوتی “ئێمە سكاڵامان لە بنكەی پۆلیس تۆمار كرد و كەیسەكە برایە دادگا، پاش ئەوەی راپۆرتی تەندروستی و رێكارە یاساییەكان تەواو بوو، ئەو پزیشكە بەپێی ماددەی 412 حوكم درا بە دەستگیركردنی بۆ ماوەی 6 مانگ، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێشینەی لە تاوان، هیچ زیندانی نەكرا”.

سەبارەت بە هەڵهاتنی ئەو پزیشكەش، گوتی: “جارێ نازانین ئەو پزیشكە بەنیازی چییە، چونكە رەنگە بگەڕێتەوە، ئەگەر نەگەڕایەوە، دوو رێگە هەیە، یەكەم: رێگری سەفەری لێدەكرێت و هەركات بێتە كوردستان دەستگیر دەكرێت، دووەم: هەرچەندە ئەستەمە، بەڵام بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەگەر پرۆتۆكۆڵ هەبێت لەنێوان عێراق و ئوردن، لەوێ سزا دەدرێت”.

سەبارەت بەو سەنتەری چاوە كە پزیشكەكە كاری لێكردووە، كارزان دەڵێت “سكاڵامان لەسەریان تۆمار كردووە، بەڵام پەڕاوەكەی هێشتا لە بنكەی پۆلیسە و لە لێكۆڵینەوەدایە”.

هەڵدێر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی سەنتەری ئوردنی بۆ چاو بە (رووداو)ی گوت: “ئەو پزیشكە كەمتر لە ساڵێك لای ئێمە كاری كرد و بە ناخۆشی لەلامان رۆیشت. لەدوای ئێمە لە زۆر سەنتەر كاری كردووە سكاڵای زۆری لەسەرە، بڕواناكەم جارێكی دیكە بتوانێت بێتەوە كوردستان، چونكە لە لایەن سەندیكای پزیشكانەوە ئەمساڵ نووسراو بۆ هەموو سەنتەرەكان نێردراوە كە ئەگەر ئەو پزیشكە لە هەر جێگەیەك كار بكات ئەو شوێنە سزا دەدرێت و دادەخرێ”.

سەبارەت بە سكاڵاكردن دژ بە سەنتەرەكەشیان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی سەنتەری ئوردنی بۆ چاو گوتی “ئێمە لەبەرامبەر یاسا بۆ هەر سكاڵایەك ئامادەین و وەڵامی خۆمان دەبێت”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here