پۆلیسی سلێمانی: هیچ پۆلیسێكمان دەستی لە کوشتنی محەممەد یونس نەبووە

0
272

کوڕی جێگری کۆمپانیای گازی باکوور: ئەم رووداوە بەسێ کەس ناکرێ

رووداو- کەرکووک

پۆلیسی سلێمانی رەتیدەكاتەوە هیچ پۆلیسێكی شارەکە دەستی لە کوشتنی جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای گازی باكوور هەبوبێت، پێشتر حەیدەر عەبادی رایگەیاند: “چەند پۆلیسێکی سەر بە سلێمانی محەممەد یونسیان کوشتووە”.

نەوزاد عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: “قسەکەی حەیدەر عەبادی هیچ راستییەكی تێدا نییە”. 

جێگری کۆمپانیای گازی باکوور 2-5-2017 لە کەرکوک کوژرا، پەیامنێری رووداو لەگەڵ خیزانەکەی قسەی کردووە و دەڵین دوو لیژنە سەردانیان کردوون ، یەکێکیان لەسەر راسپاردەی بارزانی لە هەولێرەوە ئەوی دیکەیان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە، داوایان لێ کردوون چی زووترە بکوژەکان بدۆزرێنەوە. پۆلیسی کەرکووک وێنەی ئۆتۆمبێلێکی ئۆپترای سپی بڵاوکردەوە بە ژمارە سلێمانی ، دەگوترێت بەو ئۆپترایە تەقە لە محەممەد یونس کراوە.

لەو ماڵە هێشتا پرسە هەڵنەگیراوە، ئەوەی کەمێک لە خەم و ئازاری-یان کەم بکاتەوە دەستگیرکردنی بکوژانی باوکیانە کە تا ئێستا لیژنە لێکۆڵینەوەکانی هەولێر و بەغدا سەرە-داوێکی دڵخۆشکەریان پێنەداون.

موئمن محەممەد ، کوڕی گەورەی محەممەد یونس بە رووداوی راگەیاند” وەکو خۆمان هەرگیز سارد نابین و خوێنی محەممەد یونس هەروا ناڕوات، ئێمە داوامان کرد لەرێگای یاساوە بیان دۆزنەوە و دەستگیریان بکەن و بدرێنە دادگا بۆ ئەوەی بزانین کێن و کێ بەدوایەوەتی، ئەم رووداوە بەسێ کەس ناکرێ،ئەوانە سەرێ گەورەیان بەدواوەیە و ئیشی بەدواوەیە، لەوانەیە محەممەد یونس رێگری لێیان کردبێ، لە مەلەفی پارەبێ یان شتێ دیکە”.

 لەسەر ئەو رووداوە چەندین ئەفسەر و کارمەندی پۆلیس لەلایەن لیژنەکەی بەغداوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە. بەگوتەی پۆلیس بکوژان، نەناسراون بەڵام هەوڵەکان لە ئاڕاستەی دۆزینەوەیان دان.

ئەفراسیاو کامیل وەیسگوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “زانیاری ئەوەمان هەبووە جۆری ئۆتۆمبێلەکە چییە، بەڵام کەسەکانی نێوی نەناسراون، ئەوانەی پەیوەنددارن بەم کەیسە، هەموویان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی سەرەداوێک لەو کەیسە دەست بکەوێ ، هیواشمان گەورەیە بتوانین ئەنجامدەرانی دەستنیشان بکەین و بگیرێن”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەواوی گۆمەکەی شڵەقاند، کاتێک راستەوخۆ پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارکرد.

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: ” هەفتەی رابردوو رووبەڕوی کردەوەی تێرۆریستی بوینەوە لەکەرکوک و بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە کردووە، بەرپرسێکی کۆمپانیای باکوور کوژرا و راستەوخۆ داوامانکرد لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە بکرێ،سوپاس بۆخوا لێکۆڵینەوەکان کران و دەرکەوت کە تاوانەکە لەلایەن چەند ئەندامێکی پۆلیسی سەر بەشاری سلێمانی ئەنجام دراوە و داوامان کردووە ئەو تاوانبارانە رادەستی ئێمە بکرێن”.

پۆلیسی سلێمانی هەر زوو پەنجەی تۆمەتی لەسەر خۆی لابرد. بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، قسەکانی عەبادی راست نییە و بەبێ ئاگاداری پۆلیسی گشتی هەرێمی کوردستان، ناتوانین لە سنوورەکانی سلێمانی دەرچین.

ئێستا تۆپەکە هاویشتراوەتەوە گۆڕەپانی کەرکووک و بە بڵاوەکردنی هێز و رێوشوێنی تووندی ئەمنی، دەیانەوێ سە-رەداوە راستەقینەکە بدەنە دەست.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here