پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی موڵک و سامانەکانیان ئاشکرادەکەن

0
7

هێمن هەورامی: یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمانە

رووداو  – هەولێر

ئەندامانی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان موڵک و سامانەکانیان بۆ دەستەی دەستپاکی ئاشکرادەکەن.

هێمن هەورامی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند “ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی بە شانازییەوە وەکو جێبەجێکردنی یەکەم بەڵێنی کارەکانی خۆی لەبابەتی شەفافیەت، لە بابەتی خستنەڕووی راستییەکان بۆ جەماوەری کوردستان رایدەگەیێنین، کە بەپێی یاسا و ئەو پابەندبوونە یاساییەی لەسەریانە، فۆڕمی دەستەی دەستپاکی، کە لەلایەن دەستەی دەستپاکی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرابوو، لەلایەن تێکڕای ئەندامانی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان پڕکراوەتەوە، هەر ئەمڕۆش فۆڕمەکان رادەستی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی دەکەین، بۆ ئەوەی رۆژی یەکشەممە یان دووشەممە بگاتە دەستەی دەستپاکی”.

هێمن هەورامی گوتی “وەکو فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیێنین بەشانازییەوە تێکڕای ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، تەواوی زانیارییە دروستەکان ئەوەی بەپێی یاسا داواکراوە، بڵاومانکردووەتەوە. بۆیە بۆ ئەم چوار ساڵە بەرگەی راستی و دروستی تەواوی زانیارییەکانی ناو تەواوی ئەو فۆڕمانە دەگرین، کە تەواوی ئەندامانی فراکسیۆن پڕیانکردووەتەوە”.

هێمن هەورامی رایگەیاند “ئەم هەنگاوە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە پارتی بۆ کوردستانێکی بەهێز لەسەر بنەمای متمانەیەکی بەهێز، لەسەر دروستکردنەوەی پردی پەیوەندی و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت. پارتی سوورە لەسەر ئەوەی کە ئێمە خزمەتکاری خەڵکین، نەک حاکمی خەڵک بین، کاری ئێمە لێرە بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستانە، خەڵکی کوردستان میحوەری ئیشەکانی ئێمەیە، راستگۆیی و شەفافبوون لەگەڵ خەڵکی کوردستانیش بنەمایەکی سەرەکی کۆڵەگەی کارکردنەکانی ئێمەیە”.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر کردنەوەی بەشی VIP لە هاتووچۆی هەولێر راگەیاند. 

هێمن هەوارمی گوتی “ئەگەر ئەو تێڕوانینە دروستبووبێت لای خەڵک یان دروستکرابێت بەوەی ئەمە جیاکارییەکە بەرامبەر بە خەڵک دەکرێت، ئێمە ئەو تێڕوانینە رەتدەکەینەوە بە هەموو شێوەیەک دژی هەر جۆرە جیاکارییەکین کە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی کوردستان بکرێت. ئەرکی ئێمە و تەواوی دامەزراوەکان خزمەتکاری خەڵکە بۆیە بە رێوشوێنی یاسایی خۆی دوور لە هاشو هووشی میدیا و موزایەداتی میدیایی، ئەمە کاری فراکسیۆنی پارتی دەبێت. حکومەت حکومەتی خۆمانە، ئێمە لە دوێنێوە دەستبەجێ پەیوەندیمان بە بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، روونکردنەوەی پێویستی پێداوین، بۆ زانیاری هەموو لایەکیش بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ وەکو بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوان رۆژانە خزمەتێکی زۆری هاووڵاتیانی کوردستان دەکەن، بە داتا پێیانگوتووین، کە رۆژانە 800 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆماردەکرێت، رۆژانە مامەڵەی 1500 هاووڵاتی بۆ بەناوکردن و گواستنەوەی خاوەنداریێتی ئۆتۆمبێلەکان راییدەکرێت”.

هێمن هەوارمی دەڵێت “کردنەوەی ئەو بەشەش لە هاتووچۆی هەولێر، کە لە پاسەپۆرتیش هەیە، لە زۆر شوێنی دیکەی دونیاش هەیە کە پێیدەگوترێت خزمەتگوزاری خێرا، بەڵام تێڕوانینەکە واکەوتەوە، جۆرێک لە نیگەرانی لای خەڵک کەوتەوە، ئێمەش لەبەرئەوەی نوێنەری گەلین، حکومەتیش حکومەتی خۆمانە، داوامان لە بەڕێز وەزیر ناوخۆ کرد، پاش دیراسەیەکی ئەو بابەتە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەمان پێبڵێ. بۆیە بەخۆشحاڵییەوە وەزیری ناوخۆ ئاگاداری کردینەوە کە بڕیاری کردنەوەی بەشی VIP لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رادەگیرێت، تاوەکو دیراسەیەکی وردتر دەکرێت، چی لە خزمەتی هاووڵاتیاندابێت ئەوە جێبەجێدەکرێت”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here