پەیژەی لە ماڵی دراوسێكەیان خواست و خۆی هەڵواسی

0
23

رووداو
رووداو

رووداو – هەولێر

ئاڤان داوای پەیژەی لە ماڵی دراوسێكەیان كردبوو بۆ هەندێك كاروباری نێو ماڵ، تەلەفۆنیشی بۆ هاوژینەكەی كردبوو كە كەی دەگاتەوە ماڵەوە، بەڵام هاوژینەكەی بەسەر رووداوێكی جەرگبڕدا هاتەوە و ژنەكەی بە هەڵواسراوی بینی. ئەو ژنەكەی لەدەستچوو، خۆیشی لە زیندانە و ئایندەی سێ‌ منداڵەكەشیان ناڕوونە.

ئێوارەی رۆژی 4/3/2019 ئافرەتێكی تەمەن 26 ساڵ بەناوی (ئاڤان.س)، دایكی سێ‌ منداڵ و دانیشتووی گەڕەكی پەنجا عەلی لە شاری كەركووك، بە پەت خۆی هەڵواسی و خنكا. كەس ئاگای لەوە نەبوو كە ئاڤان خۆی خنكاندووە، تا ئەوكاتەی هاوژینەكەی لە بازاڕ گەڕاوەتەوە و بینیویەتی ئاڤان لە ژووری میوان، بە حەبلێك خۆی هەڵواسیوە.

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی عروبە بە (رووداو)ی گوت: “مێردی ئەو ژنە پۆلیسی ئاگادار كردەوە كە لەو كاتەی لە دەرەوە بووە، ژنەكەی، خۆی خنكاندووە، پۆلیس چوونە شوێنی رووداوەكە و تەرمی ئافرەتەكەیان برد بۆ پەیمانگەی دادپزیشكی بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی كە ئایا ئەو ژنە خۆی خنكاندووە، یان خنكێنراوە”.

تا ئێستا هۆكاری رووداوەكە بۆ پۆلیس روون نییە، هەر بۆیە مێردی ژنەكەیان دەستبەسەر كردووە. پۆلیس دەڵێت “مێردی ژنەكە دەستبەسەر كراوە تاوەكو لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە تەواو دەبێ‌، ئەگەر دەركەوت رووداوەكە پەیوەندی بە ئەوەوە نییە، ئازاد دەكرێ‌”.

هاوژینی ئاڤان لە ئیفادەی سەرەتایی بۆ پۆلیس گوتوویەتی: ئەو كاتەی ژنەكەی “خۆی خنكاندووە”، ئەو لە دەرەوە بووە بۆ ئەوەی سەتەلایتی ماڵەكەیان كۆپی بكاتەوە، ئاڤان تەلەفۆنی بۆ كردووە و لێی پرسیوە كەی دەگاتەوە ماڵەوە، ئەویش پێیگوتووە: كەمێكی دیكە دەگاتەوە.

كاتێك هاوژینی ئاڤان دەگاتەوە ماڵەوە، دەبینێ‌ هەرسێ‌ منداڵەكەی لەبەردەرگا یاری دەكەن. كاتێك چووەتە ژوورەوە، دەبینێ دەرگای چوونە ژوورەوە داخراوە، دواتر لە پەنجەرەی ژووری میوانەوە ئاڤانی بە هەڵواسراوی بینیوە، بۆیە یەكسەر دەرگاكەی شكاندووە و پەتەكەی لە ملی ئاڤان كردووەتەوە، بەڵام كار لەكار ترازابوو، ئاڤان گیانی دەرچووبوو.

 كەسێكی نزیك لەو ئافرەتە كە ئاگاداری ژیانیەتی، بە (رووداو)ی گوت: “ئاڤان دایكی نەما بوو، لەلایەن زڕدایكی ژیابوو، هەر بۆیە زوو شووی كرد. هاوژینەكەی پێشمەرگە بوو، بەڵام كاتێك داعش هات وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا، هیچ ئیشیشی نەبوو، بەردەوام لە ماڵ بوو”.

بە گوتەی ئەو، كێشەی ئاڤان لەگەڵ مێردەكەی تەنیا ئیشنەكردنی مێردەكەی بووە. 

“بەردەوام شەڕیان بوو، ئاڤان بە مێردەكەی دەگوت تۆ هیچ ئیشێك ناكەی و ناتوانی بەخێومان بكەی. ئاڤان لەوە بێزار بوو، بۆیە تۆرا و بۆ ماوەیەك چووەوە ماڵی باوكی، دوای ئەوە ئیدی مێردەكەی بەدوای ئیشدا گەڕا و لەو ماوەیە كارێكی دەستكەوتبوو، بۆیە ئاڤان بڕیاری دا بگەڕێتەوە لای”.

ئەو ژنە باسی ئەو كاتە دەكات كە ئاڤان خۆی خنكاندووە و دەڵێت: “ئاڤان چوو بوو بۆ ماڵی دراوسێكەیان، داوای پەیژەی كردبوو، گوتبووی پەردەی پێ‌ هەڵدەواسێ‌”. 

هەروەها دەڵێت: “ئاڤان منداڵەكانی ناردبووە بەر دەرگا، پێیگوتبوون دانیشن تا باوكتان دێتەوە، خۆیشی چوو بوو لە ژووری میوان پەتێكی لە ملی خۆی خستبوو”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here