چاكه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی-دا كرد كه‌ ئه‌وان نه‌هاتنه‌ ناو كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ڵام ده‌نگمان دا به‌ ئه‌ندامه‌كانیان

0
11



هیڤیدار ئه‌حمه‌د په‌رله‌مانتاری هه‌رێمی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی ناوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بێ به‌شداری فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌ڵێت” فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان به‌شداربوون، ناوی ئه‌ندامانیان بۆ لیژنه‌كان دابووه‌ سه‌رۆكایه‌تی له‌هه‌موو ئه‌و پڕۆسانه‌ به‌شداربوون ته‌نها نه‌هاتنه‌ ناو دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ڵام ئێمه‌ “چاكه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی-دا كرد” كه‌ ئه‌وان نه‌هاتنه‌ ناو كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ڵام ئێمه‌ ده‌نگمان دا به‌ ئه‌ندامه‌كانیان بۆ لیژنه‌كان بۆ خاتری ئه‌م كوردستانه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین كوردستان بارێكی گرانه‌ خۆمان وا داده‌نێین كه‌ ته‌نها پارتی ئه‌و باره‌ و به‌رپرسیارێتیه‌ی هه‌ڵگرتووه‌.”

ڕاشیگه‌یاند” ئه‌مه‌یان وه‌ك منه‌ت به‌سه‌ر یه‌كێتی نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌ ئه‌ندامه‌كانیان بێ ئه‌وه‌ی به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن وه‌ چاوه‌ڕێیی سوپاس-یشیان ناكه‌ن به‌ڵكو له‌به‌ر خاتری”كوردستان” كردویانه‌.”

“نامانه‌وێت ئه‌زموونی چوار ساڵی ڕابردوو دوباره‌ ببێته‌وه‌”

هێڤیدار وتیشی” ئێمه‌ نامانه‌وێت دۆخی كوردستان له‌به‌ر ململانێی سیاسی یا له‌سه‌ر پۆست تێكبچێت، چونكه‌ ده‌ركه‌وت دۆخی (باشوری كوردستان) تێكبچێت دۆخی هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستان تێكده‌چێت بینیمان له‌دوای “خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تیش له‌هه‌موو پارچه‌كانی تری كوردستان كرا، وه‌بینیمان ئه‌و كاته‌ی خه‌ریكبوو هه‌یبه‌تی كورد له‌ كۆبانی تێكبشكێنرێت ، په‌رله‌مانی كوردستان دوای فرمانی “جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی” بڕیاریدا كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بچێت و كه‌ چه‌ند سه‌عاتێك مابوو ئه‌و شاره‌ بشكێت به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ چون و ئه‌و شاره‌یان ڕزگار كرد و نه‌یانهێشت ناوی كۆبانی بشكێت به‌ ئه‌مانه‌ت ته‌سلیمی كوردی ڕۆژئاوای بكاته‌وه‌ هێزیان دایه‌وه‌ به‌ر هێزه‌ كوردییه‌كانی ئه‌وێ تا به‌هێز بن .”

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد” چ له‌سه‌ر ئاستی حیزب، چ له‌سه‌ر ئاستی فراكسیۆن و په‌رله‌مانتاره‌كانیان داوایان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی كردووه‌ كه‌به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان بكه‌ن، ئه‌وانیش پێیان خۆش بووه‌ به‌شداربن به‌ڵام دیاره‌ دواجار به‌بڕیاری كه‌سێك یا دووان له‌یه‌كێتی كه‌ بووه‌ بڕیاری حیزبه‌كه‌یان فراكسیۆنی یه‌كێتی ملكه‌چی بڕیاری حیزبه‌كه‌یان بوون، ئێمه‌ پێمان وتوون پێمان خۆش نیه‌ په‌رله‌مان ببێته‌ جێی ململانێی سیاسی و ئه‌زمونی چوار ساڵی ڕابردوو دووباره‌ ببێته‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتی خه‌ڵك ده‌نگی پێداوه‌ كه‌ دووه‌م هێزی گه‌وره‌ی كوردستانه‌ بێته‌ په‌رله‌مان كه‌چی ئه‌وان بڕیاری به‌شداری نه‌كردن له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌ده‌ن.”

“بڕواناكه‌م یه‌كێتی جورئه‌ت به‌خۆی بدات به‌شدار نه‌بێت له‌م بڕیاره‌ گرنگانه‌ به‌شدار نه‌بێت.”

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هه‌ر سوربوو له‌سه‌ر به‌شداری نه‌كردن له‌دانیشتنی په‌رله‌مان وه‌ك ئه‌گه‌رێك یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌؟ سه‌رۆكی هه‌رێم متمانه‌ی پێده‌ده‌رێت دواتر سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانیش متمانه‌یان پێده‌درێت؟

هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتی” جارێ ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی به‌شداری ده‌كات پێمان خۆشه‌ به‌شدار بن و حه‌زده‌كه‌ین بێن وه‌ داواش ده‌كه‌ین بێن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌گه‌رێك ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بوون ئه‌وا ناكرێت دامودزه‌گاكانی ئه‌م وڵاته‌ په‌كبخه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م حیزب چی ده‌وێت ئه‌و حیزب چی ده‌وێت؟ بێگومان ئه‌گه‌ر نه‌هاتن یاسا هه‌موار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و حكومه‌ت پێكدێت به‌ڵام بڕواناكه‌م یه‌كێتی جورئه‌ت به‌خۆی بدات به‌شدار نه‌بێت له‌م بڕیاره‌ گرنگانه‌ به‌شدار نه‌بێت.”

“له‌مه‌ودوا پرسیاری ئه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ مانگانه‌ موچه‌ نێردرا بۆ فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی ئایا به‌سه‌لامه‌تی ده‌گاته‌ ده‌ستی موچه‌ خۆران یا هه‌مان شت دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟”

له‌دوابه‌شی گفتوگۆكه‌دا هێڤیدار ئه‌حمه‌د بۆچونی خۆی له‌باره‌ی دزینی یه‌ك ملیار دیناری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌ی شار-له‌سلێمانی خسته‌ڕوو، ده‌ڵێت” سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشی له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یان ده‌ستگیركرد و له‌دواوه‌ وێنه‌كانیان پیشان داین وه‌ پاره‌كانیان گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ڵام له‌مه‌ودوا پرسیاری ئه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ مانگانه‌ موچه‌ نێردرا بۆ فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی ئایا به‌سه‌لامه‌تی ده‌گاته‌ ده‌ستی موچه‌ خۆران یا هه‌مان شت دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌؟ بۆیه‌ داوا له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ین ڕێ و شوێنه‌ ئه‌منیه‌كانیان توند بكه‌ن، بینیمان هه‌ر له‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ی “به‌داخه‌وه‌ واده‌ڵێم به‌ڵام ئه‌مه‌ واقیعه‌،ئیداره‌ی سلێمانی” ڕوویدا كه‌ یه‌ك ملیار دزرا به‌ڵام دوو فه‌رمانبه‌ر له‌ هه‌ولێر ملیۆنان پاره‌ی زیاده‌ كه‌ به‌هه‌ڵه‌ پێیان درابوو گه‌ڕاندیانه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش ده‌ریخست ئه‌مانه‌ته‌كه‌ له‌كام ناوچه‌یه‌ زیاتر پارێزراوه‌.”

ڕاشیگه‌یاند” من ناڵێم سیناریۆیه‌ یا نا به‌ڵام ئه‌گه‌ر دووباره‌ بێته‌وه‌ ئه‌وكات ده‌كرێت بوترێت سینارۆیه‌ یا لاوازی ئه‌منیه‌.”

پاش كه‌مێكی تر فایله‌ ده‌نگیه‌كه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here