چوار رۆژە كچێكی 17 ساڵان بێسەروشوێنە

0
422

(ج.ك.ف)ـی تەمەن 17 ساڵ
(ج.ك.ف)ـی تەمەن 17 ساڵ

رووداو- هەولێر

(ج.ك.ف)ـی تەمەن 17 ساڵ، رۆژی پێنجشەممە 13/4/2017 لە ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكێكی شاری هەولێر هاتووەتە دەرێ و بەبێ ئاگاداریی خێزانەكەی بەرەو شوێنێكی نادیار رۆیشتووە.

(ج) بەهۆی نەخۆشیی رەبۆوە، باری تەندروستی و دەروونیی جێگیر نییە، (ك.ف) باوكی ئەو كچە بە (رووداو)ی گوت: “رۆژی پێنجشەممە، دەوروبەری كاژێر 8ی بەیانی بوو، دایكی منداڵەكانم پێیگوتم كچەكەمان دیار نییە، دواتر دەوروبەری ماڵی خۆمان و ماڵی خزمەكانمان گەڕاین، بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە لە هەموو شوێنێك و بنكەیەكی پۆلیس داوای دۆزینەوەی كچەكەمان كرد، بەڵام كەس ئاگادار نەبوو”.

باوكی كچەكە پەنا بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەبات و وێنەكەی لەوێ بڵاودەكاتەوە. (ك) گوتی “دوای ئەوەی لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك وێنەی كچەكەم و ژمارە تەلەفۆنەكەم بڵاوكردەوە، كوڕێك پەیوەندیی پێوەكردین گوایە لە شەقامی سالم لە سلێمانی كچەكەمی بینیوە بە تەنیا لەو جادەیەدا رۆیشتووە، ئێمەش بۆ راستیی قسەكانی، پێمانگوت چی لەبەردا بوو؟ پێیگوتین قەمسەڵەیەكی سپی و پانتۆڵێكی كاوبۆی، بەوەدا زانیمان كچەكەمانە، بەڵام نازانین رووی لە كوێ كردووە”.

باوكی ئەو كچە داوا لە هاووڵاتیان دەكات هەر كەسێك زانیاری لەبارەی كچەكەی هەیە ئاگاداری بكاتەوە. (ك) گوتی: “داوا دەكەم هاوكارمان بن لە دۆزینەوەی كچەكەم، چونكە باری تەندروستیی جێگیر نییە، زۆریش تووڕە بوو، هەموو كات هەڵدەچوو، ئەمەش بەهۆی نەخۆشیی رەبۆ، هەر لەبەر ئەوەش ئەمساڵ وازی لە خوێندن هێنا”.

سەبارەت بە رۆژی رووداوەكەش (ك) دەڵێت “ئەو رۆژەش لە ماڵەوە تووڕە بووە، دواتر بەبێ ئاگاداركردنەوەی هیچ كەسێك، ماڵەوەی جێهێشتووە”.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، ئەو رۆژە دەمەقاڵێ لەنێوان (ج) و دایكی روویداوە و دایكی لە (ج) تووڕە بووە و ئامۆژگاریی كردووە، بەڵام بەهۆی كەمیی تەمەنی، تووشی هەڵچوون بووە و ماڵی بەجێهێشتووە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی دیارنەمانی ئەو كچە بە (رووداو)ی گوت: “ئێمە لەو رووداوە ئاگادار نەكراوین، بەڵكو تەنیا لەڕێگەی تەلەفۆن زانیومانە، بە گوتەی گەنجێكیش، كچێك بەو شێوەیە لە شەقامی سالمی سلێمانی بینراوە، بۆیە ئێمە وەك ئەركی خۆمان پەیوەندیمان بە خانەی نەوجەوانان كردووە، ئەگەر بینرا بیگرنە خۆیان و چاوەڕێین كەسوكاری بێن و نووسراوی دادوەر بهێنن تاوەكو هەموو شوێنە گشتییەكان و هۆتێل و هەر جێگەیەك كە پێویست بێت، بۆی بگەڕێین”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here