چوار هاونیشتمانی رۆژئاوای کوردستان لە رووباری ماوان خنکان

0
148

دایکی سێ لە منداڵە خنکاوەکان قسە بۆ رووداو دەکات

رووداو – مێرگەسۆر

لە رووباری ماوانی سنووری مێرگەسۆر، 4 هاونیشتمانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ دیوی باکووری کوردستان خنکان. 

سێ لە خنکاوەکان منداڵن، ئەندامی یەک خانەوادەن و دوو خوشک و برایەکن، تەمەنیان 3 ساڵ، 9 ساڵ و 12 ساڵ بووە، تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و بردراونەتە شەمزینان. تەرمی یەکێکیشیان کە ئەویش منداڵە و لە خانەوادەیەکی دیکەیە، تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

نوورە یوسف، دایکی سێ لە منداڵە خنکاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: منداڵەکانم بەهۆی سەربازە تورکەکان خنکان. گوتیشی: تەرمی منداڵەکانم دەبەمەوە رۆژئاوای کوردستان.

ئەو باسی لەوەش کرد کە ئەوان لە رووبار پەڕیونەتەوە و چوونەتە نێو خاکی باکووری کوردستان، بەڵام سەربازانی تورک گەڕاندوونیانەتەوە و، لەکاتی گەڕانەوەیان منداڵەکانیان خنکاون.

ئەو دوو خانەوادەیەی منداڵەکانیان خنکاون خەڵکی شاری دربێسین، بەنیازن بەشێوەیەکی فەرمی لە باکووری کوردستانەوە بگەڕێنەوە شارەکەیان و تەرمی منداڵەکانیان لەوێ بنێژن. 

رووباری ماوان لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان، لە سنووری شارۆچکەی پیرانی سەر بە قەزای مێرگەسۆر هەڵکەوتووە، ئەمە یەکەمجاریش نییە رووداوی لەمشێوەیەی لێ رووبدات. 

ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە باشووری کوردستان نیشتەجێن و پاسپۆرتیان نییە، بەمەبەستی کۆچکردن بۆ تورکیا و ئەوروپا، بە قاچاخ هەوڵدەدەن سنوور ببڕن، گەر لە ناوچەی پیرانیش بڕۆن ناچارن لەم رووبارە بپەڕنەوە.

نوورە یوسف لەبارەی هۆکاری کۆچکردنیان رایگەیاند، منداڵێکی تەمەن 8 ساڵی نابینایان هەیە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی لە تورکیا هەوڵیان داوە بچنە ئەو وڵاتە، لەکاتی گەڕاندنەوەشیان تەنیا ئەویان لە رووباری ماوان رزگارکراوە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here