چیرۆکی دوو برا کە بەیەکەوە لەدەستی داعش رزگاریان بووە

0
10

دڵدار و دڵبەر زمانی کوردییان لەبیرچووەتەوە و لە خێزانەکەیان تەنیا ئەوان رزگاریان بووە

رووداو – کەمپی روانگە 

دوای تێپەڕینی نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر رفاندنیان، دوو منداڵی کوردی ئێزدی لە باغۆز رزگارکران. لە خێزانێکی پێنج کەسی تەنیا ئەو دوو برایە رزگاریان بووە و نازانرێت ئەندامەکانی دیکەی خێزانیان لە دەستی داعشدا ماون یاخود نا.

دڵدار و دڵبەر دوای ماوەیەکی درێژ و پاش رزگاربوونیان لەدەستی داعش لە باغۆز، توانییان جارێکی دیکە لەگەڵ ئامۆزاکەیان یاری بکەنەوە، بەڵام بەهۆی لەبیرکردنی زمانی دایکیان، تەنیا یاری هەڵماتێن دەکەن لەگەڵی و بەوجۆرە دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕن.

دڵبەر عەلی، رزگاربووی دەستی داعش دەڵێ “ئەوان (چەکدارانی داعش) فێری بەکارهێنانی چەکیان دەکردین، پاشان وانەی قورئان و فقهـ و عەقیدەیان پێدەداین، دواتر بردیانین بۆ باغۆز و ئێمە ئێمەش هاتینە لای پەکەکە و هاتینەوە ئێرە”.

لە خێزانێکی پێنج کەسی، تەنیا ئەو دوو برایە رزگاربوون و ئێستا لەگەڵ مامیان دەژین لە کەمپی روانگە. ئەوان نازانن کەسوکاریان گیانیان لەدەستداوە و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانن یان لەدەستی داعشن.

جیهاد رەڤۆ، خەڵکی گوندی کۆچۆیە و مامی دوو منداڵەکەیە، دەڵێ “زۆر دڵمخۆشبوو بە گەڕانەوەی ئەو دوو برازایەم، هەزار جار ماڵی خوا ئاوابێت، بەڵام هێشتا نزیکەی 20 کەسمان لەدەستی داعشدا ماون. لەراستیدا ئێمە نازانین ئەوان لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندان یان لەدەستی داعشن. ئەوەی گیانی لەدەستداوە سەد رەحمەتی لێبێت و هیوادارین ئەوانەی ماون زوو بگەڕێنەوە لامان”.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here