ڕاپۆرتی بەشداریی ناوەندی زاگرۆس لە ٣٧هەمین خۆلی شۆرای مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ!

0
110

ڕۆژی کورد: ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی زاگرۆس کە بنکە سەرەکیەکەی لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سویسیە، دوای بەشداربوون لە خولی ٣٧ـەمی دانیشتنەکانی شۆڕای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، ڕاپۆرتی کارەکانی خۆی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیێندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی زاگرۆس بەو شێوەی خوارەوەیە:

ڕۆژی ٢٣/٣/٢٠١٨، سی و ‌حەوتەمین خۆلی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. خۆلی یەکەمی کۆبوونەوەکانی ئەۆساڵ لە ٢٦/٢/٢٠١٨ەوە دەستی پێ کردبوو هەتا ٢٣/٠٣/٢٠١٨ درێژەی هەبوو و بە دەرکردنی ١٠ بڕیارنامە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

لەو کۆبوونەوانەدا کە ٤٧ وڵاتی ئەندامی شۆراکە و ژمارەیەکی زۆری ڕێکخراوی جیهانی خاوەنی پلەی ڕاوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، و ژمارەیەکی دیکەی ڕێکخراوەکانی چالاک لە بۆاری مافەکانی مرۆڤ تێدا بەشدار بوون، ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری دونیا خرانە بەر باس و دۆسیەی مافی مرۆڤی هێندێک لە وڵاتانیش لێکدانەوەی بۆ کرا.

لەم خۆلەدا ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ به شێوەیەکی زۆر چالاک بەشدار بوو و سەرەڕای خوێندنەوەی بەیاننامەیەک لە سەر داگیرکاری سەر ئاڤرین و بارودۆخی مرۆیی لەو شارە و دەورو بەری، بەشداری چەند پانێل بوو و پانێلێکیشی لە مەر مافی مرۆڤی کورد لە هەر چوار وڵاتی؛ ئێران، عێراق، سوریە و تورکیە ڕێک خست.

ڕێکخراوەکەمان هەروەها چەند ڕێکخراوێکی کوردستانی و چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤی بانگ کردبووە کۆبوونەوەکانەوە و بە هەموو لایەکیانەوە توانیان بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبێت لە بابەتەکانی تایبەت بە مافی کورد، مافی دیاری کردنی چارەنووس، نەتەوە بندەستەکان، مافی خوێندکارانی گەلانی بندەست، ماف و بارودۆخی پەنابەرانی ئەو گەلانە، جینۆساید و هێندێک بابەتی دیکە.

گرینگترین چالاکی ناوەندی زاگرۆس لەم خۆلەی کۆبوونەوەکاندا ڕێکخستنی پانێلێک بوو لە سەر مافی مرۆڤی کورد لە چوار وڵاتی دراوسێ؛ ئێران، عێراق، سوریە و تورکیە. لەو پانێلەدا بارودۆخی کوردەکان لە هەر چوار وڵات و داواکارییەکانیان بۆ چارەسەری دۆزەکەیان خرایە بەر باس. سەرەڕای پانێلیستەکان ژمارەیەکی دیکە لە بەشداربووان هێندێک بابەتی دیکەی پەیوەست بە مافی گەلان بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان، هەر وەها یاسا و ڕێککەوتنە نێۆ نەتەوەییەکانی پەیوەست بە مافی گەلانی داگیرکراو شرۆڤەیان بۆ کرا.
لە پانێلێکی دیکەدا کە لە ژێر ناونیشانی ”جینۆساید و چۆنیەتی ناساندنی” ڕێک خرابوو، باسێکی بە پێز سەبارەت بە جینۆساید و کۆکۆژی کورد لە تورکیە، عێراق و ئێران پێشکەش کرا. شایانی باسە کە لە سەرەتای پانێلەکەدا بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی کیمیابارانی ‌هەڵەبجە و یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکۆژییە، بەشداربووانی کۆڕەکە یەک خۆلەک بێ دەنگیان ڕاگەیاند و بە پێەوە ڕاوەستان.

ڕێکخراوەکەمان لەم خۆلەشدا چەند ڕاپۆرتێکی نووسراوی لە سەر مافی کوردان لە ئێران و سوریە، بارودۆخی ناوچە کێشە لە سەرەکانی باشووری کوردستان، و مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشکەش بە شۆرا کرد و لە هەموو ئەوانەدا ئاماژە بە درێژەی داگیرکاری کوردستان و بن دەست کردنی کوردەکان کراوە. لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە سەبارەت بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، بابەتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان، سێدارە و گرتنی سەرەڕۆیانە و زۆر بابەتی دیکە خرایە بەر باس و داوای نۆێکردنەوەی ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەت و دانانی جێگرەوەیەک بۆ ڕاپۆرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کراوە.

لە چوار چێوەی پەیوەنییەکانیشدا نوێنەرایەتی ناوەندی زاگرۆس، ژمارەیەک چاوپێکەتنیان لە گەڵ نوێنەرایەتی ژمارەیەک لە ڕێکخراوە بەشداربووەکان ئەنجامداوە و بەرنامەی هاوبەشیان بۆ کارو چالاکی لە خۆلی داهاتووی شۆرا داناوە. لەو نێوەدا بەشداری چالاکانەی چەند ڕێکخراوێکی کوردستانی کە لەم خۆلەدا لە سەر داوەتی ڕێکخراوەکەمان بەشداری کۆبوونەوە و چالاکییەکانی ناوەندی زاگرۆس بوون جێی سەرنجە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان-ڕۆژهەڵات ،ناوەندی کۆلتووری کورد لە ژنێڤ، هاوپەیمانی کورد- سویس، ناوەندی کۆردوسید-چاک و فونداسیۆنی ئیزیدییەکان ئەو ڕێکخراوانەبوون کە هاوکارمان بوون و چالاکییان نواند.

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
٢٤/٣/٢٠١٨

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here