ژمارەی قوربانییانی لافاو لە لۆڕستان گەیشتە 15 کەس

0
298

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەورۆزەوە 64 کەس بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستداوە
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە نەورۆزەوە 64 کەس بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستداوە

رووداو – هەولێر

حەوت هاونیشتمانی دیکە لە پارێزگای لۆڕستان بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە نەورۆزی ئەمساڵەوە بەهۆی لافاو و بارینی باران و بەفر لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 64 کەس.

حەمیدڕەزا نەزیفی، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادی پارێزگای لۆڕستان دەڵێت، ژمارەی قوربانییانی لافاو لەو پارێزگایە گەیشتە 15 کەس. سێ کەس لە شاری ئەلیگودەرز، سێ کەس لە خوڕەماوا، دوو کەس لە کۆدەشت، دوو کەس لە پۆلدوختەر، سێ کەس لە شارۆچکەی چگەنی و یەک کەس لە دۆلفان و کەسێکش لە دۆروود گیانیان لەدەستداوە.

زیاترین ژمارەی قوربانییان لە پارێزگای فارس بووە. رۆژی 25ـی ئادار لە شیراز 22 کەس بەهۆی لافاو گیانیان لەدەستدا. لە گوڵستان حەوت کەس، لە مازەندەران پێنج کەس، لە خۆراسانی باکوور سێ کەس، لە کۆهگیلویە و بویر ئەحمەدیش سێ کەس گیانیان لەدەستداوە. لە هەر کام لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ئیلام، خوزستان، هەمەدان، سمنان، خۆراسانی رەزەوی، قەزوێن و زەنجانیش کەسێک بە لافاو گیانی لەدەستداوە. دەنگۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە شاری پۆلدووختەری لۆڕستانیش بڵاوبووەتەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی ئێران رایگەیاند، دوای چەند رۆژ بارینی بەفر و بارانی بەخوڕ، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3-4-2019) رەوشی کەشوهەوا سەقامگیر بووە، بەڵام هێشتا زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای لۆڕستان، خوزستان، گوڵستان و هەندێک ناوچەی ئیلام، کرماشان و چەند شوێنی دیکە لەژێر کاریگەریی لافاودان.

ئەحمەد مرادپوور، جێگری پارێزگاری لۆڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەپێی بەراوردی سەرەتایی بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە هەزار و 500 ملیار تمەن زیان بە کەرتی گشتی بەو پارێزگایە گەیشتووە، جگە لەو زیانانەی بەر ماڵ، دووکان، زەوی کشتوکاڵی و داراییەکانی دیکەی خەڵک کەوتووە.

عەباس شەڕەفی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی پارێزگای لۆڕستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا رێگای هاتووچۆی زۆربەی گوندەکانی بروجێرد، ئەزنا و دوروود و بەشێک لە خوڕەمئاوا، پۆلدوختەر و کۆدەشت گیراوە و هێزەکانی فریاکەوتن دەستیان بەو گوندانە راناگات. 

ئاو لەنێو شارەکانی پۆلدوختەر، کۆدەشت و هەندێک ناوچەی خوڕەمئاوا هەروا ماوە. لەو ناوچانە بەتایبەت خۆراکی پێویستیان دەست ناکەوێ و بەهۆی ئەوەی ماڵەکانیان ئاو بردوویەتی، سەرپەنایان نییە. بەڕێوەبەری گشتی ئاوی لۆڕستان رایگەیاند، ئاوی 440 گوندی پارێزگاکە پچڕاوە و خەڵک ئاوی خواردنەوەیان نییە. هەروەها کارەبای زیاتر لە 100 گوند بڕاوە.

حەسەن ئاقاخانی، چالاکڤانی دانیشتووی شاری پۆلدوختەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “خەڵکی زیانلێکەوتوو ئاو و نانیان نییە بخۆن و هیچیان لەبەردەست نییە بۆ خۆگەرمکردنەوە. خەڵک لەو ماڵانەدا کە ئاوی کەمتری تێدایە، کۆبوونەتەوە. ئێمە 60 کەس لە خانوویەکداین”.

ئەو شایەتحاڵە دەڵێت، بەشی هەرەزۆری دووکانەکانی بەشی خوارووی شارەکە داڕماون و هاوکارییەکی ئەوتۆیان ناکەن. دەشڵێت، رۆژی سێشەممە خەڵکی ناڕازی هێرشیانکردووەتە سەر رێکخراوی مانگی سوور.

بەخشداری شارۆچکەی مەعمولان سەر بە پۆلدۆختەریش رایگەیاندووە، هێزەکانی فریاکەوتن خەریکی گەیاندنی هاوکارین بۆ زیانلێکەوتووان، بەڵام رەوتی هاوکارییەکان بە باشی ناچنەپێش و پێداویستی تەواو بۆ هاوکاریکردنیان دابین نەکراوە.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە جێگری پارێزگاری لۆڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، چوونی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خەڵک بۆنێو پارێزگاکە قەدەخەکراوە و خەڵک دەبێ هاوکارییەکانیان لەرێگەی مانگی سوورەوە رەوانە بکەن. لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمپەین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە لۆڕستان دامەزراوە و خەڵک دەیانەوێ خۆیان راستەوخۆ هاوکارییەکانیان بگەیێننە دەست زیانلێکەوتووان.

پەرلەمانتارێکی لۆڕستان هۆکاری روودانی ئەم دۆخە دەخاتە ئەستۆی حکومەت. ئەلاهیار مەلەکشاهی، نوێنەری کۆدەشت لە پەرلەمان دەڵێت، “ئەگەر وەزارەتی وزە پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی مەعشوورەی رانەگرتبا، دەیتوانی یەک ملیار مەترسی سێجا ئاو رابگرێ و ئەو کارەساتە رووینەدەدا”. دەشڵێت پەرلەمانتارانی لۆڕستان سکاڵا لە وەزارەتی وزە دەکەن.

ناکۆکی نێوان حکومەت و سوپای پاسدارانیش لەسەر هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان زیاتر بووە. لە رۆژانی سەرەتای لافاودا، حەسەن رووحانی رەخنەی لە شێوازی سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی لافاو گرت و گوتی بە تەقاندنەوەی رێگاکان هیچ ناگۆڕێت، دوو رۆژ دواتر محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، ئەوان تەواوی توانایان خستووەتەگەڕ تاوەکو هاوکاری زیانلێکەوتووان بکەن، داوایکرد حکومەتیش وەک ئەوان بێ.

هەروەها رۆژی سێشەممە، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران گوتی، “بەرپرسانی حکومەت ناوێرن نزیک شوێنەکانی روودانی لافاو بکەون و خەڵک لەو رەوشە بێزارن کە تێیدان”. رێکخراوی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی ئێران بەیاننامەیەکی لەسەر ئەو قسانەی پاکپوور بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەو جۆرە قسەکردنە خەڵک بێ هیوا دەکات و دوژمنانی کۆماری ئیسلامی پێی دڵخۆش دەبن”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here