ژنانی سلێمانی دژی حەرامکردنی شۆفێرییان وەستانەوە

0
173

بە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل چوونە سەر شەقامەکان

رووداو- سلێمانی

لە سلێمانی ژنانی شوفێر بە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل چوونە سەر شەقامەکان، شۆفێرە ژنەکان لە کاردانەوەی کتێبێکدا ناڕەزایی نیشان دەدەن کە وەرگێڕدرایە سەر کوردی بە ناوی حەرامێتی شۆفێریکردنی ژنان، کتێبەکە دەڵی حەرامە ژن شۆفێر بن، بە پاساوی ئەوەی پیاوێکی نامەحرەم لە تەنیشتیانەوە سوار دەبێ تووشی نەزەری حەرام دەبن شەیتان ئەچیتە بەینیان. 

ئافرەتە شۆفێرەکان تەحەددای ئەوە دەکەن تاکسی و بارهەڵگریش لیدەخوڕن، ژنەکان دەڵێن ئەو جۆرە فەتوایە بۆ ژنانی جیهادی نیکاح باشە. مامۆستایەکی ئاینیش بە رووداوی گووت: “فەتواکە زادەی کولتوری وڵاتانی عەرەبیە کە رۆڵی ژنان تیایاندا نادیدە کراوە”.

ماوەی ساڵێكە هۆزان، شۆفێری تاكسییە و رۆژانە لەدوای خوێندنی زانكۆی لە نێو شەقامەكانی سلێمانیدا بە تاكسییەكەی بژێوی خێزانەكەی دابین دەكات، دایكی دوو منداڵە و وەك خۆی دەڵێ،‌ گوێی لە هیچ تیر و توانجێكی رەق نەگرتووە، بەڵام ئەویش نیگەرانە لەو كتێبەی كە دەیەوێ مۆڵەتی شۆفێریی تەنیا لە گیرفانی پیاواندا بێ.

هۆزان عومەر، شۆفێری تەکسی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “پیاوان بە دووچاو تەماشام دەكەن، هەندێكیان دەزانن كە ئەمە وەك كارێك تەماشای دەكەن و ئاساییە، بەڵام هەندێكیان پێیان قورسە ئەوە ببینن كە ئەم ئیشەی پیاوان ژنان بیكەن، ئەمە مافی خۆمانە ، نەك كتێبێك كەس ناتوانێت ئەم مافەمان لێ‌ زەوت بكات و دەبێت شانازیمان پێوە بكەن”.

پەرتوكێكی وەرگێردراو بۆ زمانی كوردی بە ناونیشانی حەرامێتی شۆفێری كردنی ژنان، هەر زوو بەشێك لە ژنان و كچانی تووڕە كرد. مانۆڕێكی شۆفێری تایبەت بە ژنان دەربڕینی توڕەبوونەكەیانە چوونە بەردەم دادگا و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی، بەڵام هەردوو فەرمانگەكە لە پشوودا بوون.

یەکێک لەو ژنانە کە چالاكوانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “كەس ناتوانێت غەدرمان لێبكات ئامانجی ئێمە ئەوەیە پیشانی بدەین كە ژنان و شۆفێری ئەوان ئێستا بووەتە زەرورەتێك،   ئێمە دەزانین ماوەیەكە كە هەندێك بیری تووندڕەوی دەیەوێت ژنان لە ماڵەوە بن و مافەكانیان زەوت بكەن، بۆیە ئەمە وەڵامێكە بۆ هەموو ئەو فەتوایانە”.

نیازی هەورامانی مامۆستای ئاینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند” ئەمە كە هەیە كولتووری عەرەبییە و دەیەوێت بێتە نێو كۆمەڵگاكەمان، ئەمە هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسلامەوە نییە ، نە لە قورئان نە لە حەدیس هیچ شتێكی وا باس نەكراوە كە شۆفێریكردنی ژنان حەرام بێت”.

شەقامەكان تادێ جەنجاڵتر دەبن، ژنانیش بە ناهەمواری زۆردا تێپەڕین تاوەكو لێخووڕینی ئۆتۆمبێلیان لەبەرچاوی خەڵك ئاساییكردەوە، رێكخەرانی هاتووچۆش ، زۆرتر لە شۆفێرە ژنەكان رازین.

تاهیر خەلیل- رێپێدراوی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “باشترین شۆفێر لەسەر شەقامەكان ژنانن و كەمترین سەرپێچییان هەیە ، ئەوان توانیویانە بەو لێهاتووەی خۆیان و پابەند بوونیان بە هێماكانی خێرایی و خێرایی سەر شەقامەكان توانیویانە كەمترین رووداو تۆمار بكەن بۆیە ئەوان جێگەی شانازین”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here