ژنوار؛ گوندێكی تایبەت بە ژنان لە رۆژئاوای كوردستان

0
5

ژنانی تەڵاقدراو و هەڕەشەلێكراو دەتوانن لە ژنوار بمێننەوە

رووداو – هەولێر

بەپێچەوانەی گوندەكانی دیكەی كوردستان كە هەمووان پێی ئاشناین، لە گوندی “ژنوار” پیاوان نەك هەر دەمڕاست و موختاری گوند نین، بەڵكو قەدەغەیە بچنە ناو گوندەكەش، لەبەرئەوەی تەنیا تایبەتە بە ژن.

ژنانی سەر بە هەموو نەتەوە و كەمینەكانی سووریا لە ژنوار دوور لە پیاوان دەژین، تەنانەت ژنی بیانیشی تێدان (واتە خەڵكی دەرەوەی رۆژئاوای كوردستان و سووریا). هەر ژنێكیش لە ژنوار بژی بۆی نییە شوو بكات.

گوندی ژنوار دەكەوێتە نێوان دربێسیێ و سەرێكانی لە رۆژئاوای كوردستان. زیاتر لە ساڵێكە بنیاتنراوە. روومەت هەڤاڵ، نوێنەری ژنۆلۆژی كۆمەڵەی ژنوارە و سەرپەرشتیی گوندەكەش دەكات، روومەت بە (رووداو)ی راگەیاند: “بەهۆی ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی لە رۆژئاوای كوردستان دروستبوو، خەڵكێكی زۆر شەهید بوون، زۆر ژن بێ مێرد مانەوە كە خاوەنی ژمارەیەك منداڵن و هیچ شوێنێكیشیان نەبوو تێیدا بمێننەوە، بۆیە وەك خەباتكارانی ژنۆلۆژی بە سپۆنسەری هەندێك رێكخستنی ئەوروپی و بە هەماهەنگی لەگەڵ ژنانی رێڤەبەری سەربەخۆ، بڕیارمان دا گوندێكی وا دروست بكەین بۆ ئەوەی ژنان بپارێزین”.

ئەو گوندە لە 13ی ئاداری 2017 بونیادنراوە، بە گوتەی هەڤاڵ روومەت، ژنوار یەكەمین گوندە تایبەت بێت بە ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

36  ژن و منداڵ لە ژنوار دەژین

زۆربەی خانووەكانی گوندەكە بە بازوو و هیممەتی ژنەكانی گوندەكە دروست كراون. روومەت هەڤاڵ باسی وردەكاری دروستكردنی ژنوار دەكات و دەڵێت: “بەشێكی زۆری خانووەكانی گوندی ژنوار لە خشت دروستكراون و بە دەست و بازووی ژنەكان خۆیان بنیاتنراون. تاوەكو ئێستا 30 ماڵ دروستكراون، ماڵەكان هەمووی یەك شێوە نین، ماڵ هەیە شوێنی دایكێك و 7 منداڵی دەبێتەوە، هەندێكیان بچووكترن”.

هەروەها دەڵێت: “ژنانی دانیشتووی ژنوار هەموو كارێك دەكەن، كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، هەروەها ژنی مامۆستا و خەڵكی ئەكادیمیشی تێدایە، لێرە هەر ژنێك كارێك دەكات و دەیانەوێت خۆیان بژێوی ژیانیان دابین بكەن”.

ئیلیا محەممەد كە یەكێكە لە دانیشتوانی گوندەكە، بە (رووداو)ی گوت: “كاركردن بەشێكە لە ژیانی ئێمە، لێرە ماڵەكانمان بە دەستی خۆمان دروستدەكەین، ئێمە لێرە كاردەكەین بۆ ئەوەی بژین، ژیانی خۆمان و منداڵەكانیشمان دابین بكەین”.

ژنوار.. پەناگەی ژنانی هەڕەشەلێكراو

ئەگەرچی سەرەتا ئامانج لە دروستكردنی گوندەكە خێزانی شەهیدەكان بووە و بەناوی هاوژینی شەهیدانیش دروستكرا، بەڵام نوێنەری ژنۆلۆژی كۆمەڵەی ژنوار دەڵێت: “مەرج نییە ئەوانەی لە ژنوار نیشتەجێن هەموویان هاوژینی شەهیدان بن، بەڵكو ئەو ژنانە دەتوانن لەوێ بمێننەوە كە لە هاوژینەكانیان جیابوونەتەوە، یان ئەو ژنانەی كە توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت و هیچ شوێنێكیان نییە بۆی بچن. ئێستاش 8 خێزان كە هاوژین و منداڵی شەهیدانن لە ژنوار نیشتەجێن، هەروەها 3 ماڵیش بۆ گرووپی بیانی و میوانانی دەرەوە ئامادەكراون، هەندێك ماڵیش بۆ ئەوانەی سەرپەرشتی قوتابخانەكە دەكەن، بەگشتی ئێستا 12 خێزان لەناو ماڵەكانی خۆیاندان و ژمارەیان دەگاتە 36 ژن و منداڵ، بەڵام پێویستە ژمارەی خێزانەكان لە گوندی ژنوار زیاتر بێت”.

ژنەكان لە ئایین و نەتەوەی جیاوازن

سەرپەرشتیاری گوندی ژنوار باس لەوە دەكات كە ئەو ژنانەی لە ژنوار نیشتەجێن لە نەتەوە و ئایینی جیاوازن، روومەت هەڤاڵ گوتی: “ژنوار بۆ هەموو نەتەوە و ئایینەكانە و هەموویان دەتوانن لێرە بمێننەوە، ئێستا ژنی بە نەتەوە كورد و عەرەب و بە ئایین كریستیان و ئێزدی تێدا دەژین، كە خەڵكی ناوچەكە و شنگال و ژنی بیانیشی تێدایە”.

ئەكادیمیایەكی زانستی لە ژنوار دەكرێتەوە

لە گوندی ژنوار قوتابخانە و بنكەی تەندروستی هەیە، هەروەها بڕیارە بەم نزیكانەش ئەكادیمیایەكی زانستی بكرێتەوە، هەڤاڵ روومەت دەڵێت: “گوندەكە قوتابخانەی تێدایە و تا پۆلی 6ی سەرەتایی لێدەخوێنرێت، بۆ ئەوانەش كە تەمەنیان گەورەترە ئۆتۆمبێلمان بۆ ئامادەكردوون و رۆژانە دەچنە شوێنەكانی دیكە وانەكانیان دەخوێنن و دەگەڕێنەوە، هەروەها خولی زمان بۆ ژنان و فێربوونی كۆمپیوتەر بۆ منداڵانیش دەكرێتەوە. دەشمانەوێت ئەكادیمیایەك بەناوی ژنوار بكەینەوە كە ئەكادیمیایەكی زانستی دەبێت، دەمانەوێت پەروەردەیەكی باشی ئاكادیمی ژنەكان بكەین، تاوەكو لەڕووی تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە ژیانێكی ئازاد بەسەرببەن و بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن”.

هەڵكەوتەی جوگرافی گوندەكە لە شوێنێكە كە زۆربەی دانیشتوانی دەوروبەریان سەر بە عەشیرەتی كیكین و خێڵەكین، بەڵام سەرپەرشتیاری گوندەكە پێیوایە “دانیشتوانی گوند و ناوچەكانی دەوروبەری ژنوار زۆر هاوكارمانن بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت ئەوان خێڵەكین و لەگەڵ ئەم بیركردنەوە دیموكراسییەی ژنوار ناگونجێت، هەروەها ئەو ژنانەی لەناو گوندەكە نیشتەجێن بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان زۆر هاوكاری یەكتر دەكەن و دوورن لە هەموو دەمارگیرییەكی ئایینی و نەتەوەیی بەرامبەری یەكتر”.

ژنانی ژنوار نابێت هاوسەرگیری بكەن

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گوندەكە ئەوەیە كە نابێت هیچ ژنێكیان هاوسەرگیری بكات، روومەت هەڤاڵ دەڵێت: “ئەو ژنانەی لە ژنوار دەژین نابێت هاوسەریان هەبێت یان هاوسەرگیری بكەن، چونكە لەو گوندە هەوڵ بۆ ژیانێكی ئازاد دەدرێت، بۆ ئەوەی باوەڕیان بە ژیانی سەربەخۆ هەبێت، بەڵام ئەگەر ژنێك بیەوێت هاوسەرگیری بكات، دەتوانێت بچێتە دەرەوەی ژن وار و لەوێ هاوسەرگیری بكات و نەگەڕێتەوە گوندەكە”.

مانەوەی پیاوان لە ژنوار قەدەغەیە

تایبەتمەنییەكی دیكەی ئەو گوندە ئەوەیە كە نابێت پیاوان لە گوندەكە نیشتەجێ بن، نوێنەرەكەی ژنۆلۆژی كۆمەڵەی ژن وار گوتی: “ئێمە قەدەغەمان نەكردووە كە پیاوان بێنە ژنوار، بەڵكو ئاساییە باوك، برا، خوشك، دایك و كەسوكاری ژنەكان بێنە ژنوار بۆ سەردانی ژنەكان، ژن و منداڵەكان ئاساییە بمێننەوە و میوانیان بن، بەڵام پیاوان نابێت بمێننەوە، بەڵكو تاوەكو ئێوارە دەبێت گوندەكە چۆڵ بكەن، بۆ نیشتەجێبوونیش هەر رێگەیان پێنادرێت”.

لە بەرازیل و مەغریبیش هەیە

ژن وار یەكەم گوند نییە لە جیهاندا كە تایبەت بێت بە ژنان، بەڵكو لە بەڕازیلیش گوندی (نیڤادۆ كۆردێرۆ) هەیە كە 600 ژنی تێدا دەژین و هیچ پیاوێكی لێ نییە، هەروەها لە ناوچەی ئوم رەبیعیش لە مەغریب پیاوەكان لەبەر هەژاری ماڵەكانیان بەجێهێشتووە و بۆ پەیداكردنی دەرفەتی كار چوونەتە وڵاتانی دیكە، بۆیە گوندەكە ناونراوە گوندی ژنە بێ هاوژینەكان.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here