ژنێكی هۆڵەندی بۆ سەردانی بكوژی كچەكەی دێتە كوردستان

0
688

دایكی سافیناز: بۆ من زۆر زەحمەت بوو بكوژی كچەكەم ببینم

رووداو- دهۆك

پاش ساڵێك و دوو مانگ، دایكی سافیناز زێڕۆی، ئەو كچە هوڵەندیەی لە زاخۆ كوژرا، سەردانی زاواكەی دەكات لە زیندان كە بكوژی كچەكەیەتی. ئەو ژنە هۆڵەندییە دەڵێت زۆر دەترسام لە بینینی زاواكەم، چونكە بكوژی كچەكەمە. دایكی گەنجەكەی زاخۆش دەڵێت، خەسووی كوڕەكەی سەردانی كردووە و پێیگوتووە من و تۆ یەك دەردمان هەیە، هەردووكمان منداڵمان لەدەست چووە.

مانگی شوباتی ساڵی رابردوو گەنجێكی دانیشتووی زاخۆ بەناوی رافع میرزا، تەمەن 34 ساڵ، هاوژینەكەی خۆی كە بە رەگەز هۆڵەندی بوو، لە نێو ماڵەكەی خۆیدا بە دەمانچە كوشت. هەفتەی رابردوو دایكی ئەو ژنە هوڵەندیە لەگەڵ تیمێكی هۆڵەندی  سەردانی كوردستانیان كرد و نەوەكانی خۆی لە زاخۆ و زاواكەی لە زینداندا بینی.

ئەو ژنە بە هاوكاریی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتبووە كوردستان. یەكەمجار سەردانی ماڵی زاواكەی كرد لە زاخۆ، بۆئەوەی سێ‌ نەوەكەی خۆی ببینێ‌ كە كچەكەی لەدوای خۆی جێیهێشتوون. پاشان سەردانی زاواكەی خۆی كرد لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی گەوران لە دهۆك.

دیمەنی گەیشتنی دینا مێیەر بۆ لای نەوەكانی زۆر كاریگەر بوو، بەگریانەوە دەیگوت “بۆنی كچەكەمتان لێ‌ دێت”.
ئەو ژنە هوڵەندییە بە (رووداو)ی گوت: “هاتووم بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێم كە كچەكەم بۆچی كوژرا،  ئەو پرسیارەشم ئاراستەی زاواكەم كرد كە بۆچی كچەكەمی كوشت، تەنیا گوتی پەشیمانم”.

ئەو ژنە باسی كاتی بینینی بكوژی كچەكەی كرد و گوتی: “زۆر بە سام و قورس بوو بۆ من كە بكوژی كچەكەم ببینم، بەڵام بینیم، زۆر پرسیارم لێكرد، ئەویش تەنیا دەیگوت پەشیمانم”.

ساڵی 1999، رافع میرزا، دانیشتووی زاخۆ، وەكو زۆر گەنجی دیكەی كوردستان سەری خۆی هەڵدەگرێ‌ و لە هۆڵەندا دەگیرسێتەوە. دوای سێ‌ ساڵ، لەوێ‌ ژیانی خێزانی لەگەڵ كچێكی هۆڵەندی بەناوی سافیناز پێكدێنێ‌. ئەوان دەبنە خاوەنی دوو كچ و كوڕێك. لە مانگی شوباتی 2016 رافع و سافیناز بە سەردان دەگەڕێنەوە كوردستان، دوای دوو رۆژ مانەوە لە زاخۆ، رافع لە ماڵی باوكیدا بە دەمانچە سافیناز دەكوژێ‌. سەرەتا تەرمی سافیناز لە زاخۆ نێژرا، بەڵام دوای چوار رۆژ تەرمەكەی لە گۆڕ دەرهێنرا و گەڕێندرایەوە هۆڵەندا.

هەرچەندە هەموو بەڵگەكان سەلماندوویانە كە رافع، هاوژینەكەی كوشتوە، بەڵام رافع لەناو زینداندا بەرامبەر خەسووی حاشای لەوە دەكرد سافینازی كوشتبێ‌.

فوئاد كەریم كە یەكێك بوو لەو شاندە هۆڵەندییەی لەگەڵ دایكی سافیناز هاتبووە كوردستان، مەبەستی سەردانەكەیانی بۆ باشووری كوردستان ئاشكرا كرد و بە (رووداو)ی گوت: “رۆژنامەنووسێكی بەناوبانگی هۆڵەندی دەیویست چیرۆكی ئەو ژنە بكاتە فیلم، هەروەها دایكی سافینازیش حەزی دەكرد نەوەكانی و زاواكەی ببینێ‌”.

خەیاڵ پیرۆ، دایكی رافع كە هەرسێ‌ منداڵەكەی سافینازی لەلای خۆی داڵدەداوە، بە (رووداو)ی گوت “لەگەڵ بووكەكەم نێوانمان زۆر خۆش بوو، یەكدیمان زۆر خۆشدەویست، زۆر حەزی لە كوردستان بوو، بەردەوام دەیگوت كوردستانم لە هۆڵەندا پێخۆشترە”.

خەیاڵ باسی قسەكانی دایكی سافیناز دەكات كاتێك سەردانی كردوون و گوتی “كە هاتە ماڵمان زۆر گریا، باوەشی لێدام و گوتی قەدەری هەردووكمان وەكو یەكە، تۆ منداڵەكەت لەدەستداوە و لە زیندانە، منیش كچەكەمم لەدەستدا”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here