کاردانەوەی وڵاتان لەبەرامبەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سوودان

0
260

چین: پەکین پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەرتووم ناپچڕێنێت

رووداو – هەولێر

عومەر بەشیر لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی سوودانەوە لە دەسەڵات دوورخرایەوە و، بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو رووداوە، پیشاندا.

کارن پرایس، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند “هیچ زانیاری نوێم بۆتان نییە، بەڵام راشکاوانە پێتان دەڵێم ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێریی رەوشی سوودان دەکەین. گرنگە کە تووندوتیژی نییە، بەڵام گرنگیشە هەرچی زووترە، رێگەیەکی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سیڤیل و دیموکراتی هەبێت”. 

چین، وەکو هەمیشە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلوماسییە تەقلیدییەکان دەجووڵێتەوە و رایگەیاندووە، سوودان چ لە سەردەمی بەشیردا بێت یان هەر کەسێکی دیکە دەسەڵاتدار بێت، پەکین پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەرتووم ناپچڕێنێت.

لوو کانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێ “چین لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سوودان دەکات. ئێمە لە کۆنەوە پەیوەندی دۆستانەی ئاساییمان لەگەڵ سوودان هەبووە و، رەوشی سوودان هەرجۆرێک بێت، پابەندبوونی ئێمە لەئاست بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان و هاریکارییەکانمان لەگەڵ سوودان، بەردەوام دەبێت”.

دەبێت دەسەڵاتی راگوزەر لە سوودان دانبەخۆیدا بگرێت و رێگەش بدات خەڵک بەشداری لە حکومەت بکات؛ ئەمە هەڵوێستی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە.

رۆبێرت پاڵادینۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند “ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە داواکارییەکانی لە دەسەڵاتی راگوزەر لە دانبەخۆداگرتن.  گەلی سوودان بە راشکاوانە گوتیان قۆناخێکی راگوزەری سیڤیلیان دەوێت و دەبێت رێگەیان پێبدرێت لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا ئەو کارە ئەنجامبدەن”.

گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە سوودان بەخێرایی روودەدەن؛ بێ ئەوەی هۆکارەکان دیاربن، عەوەز عەوف، دەستی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی راگوزەر کێشایەوە و عەبدولرەحمان بورهانی وەکو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە راگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکانی ئەنجوومەنەکە، پێناچێت جێی رەزامەندی بەشی زۆری خۆپیشاندەران بن.

لیژنەی سەرپەرشتیکردنی خۆپیشاندەران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی سەربازی هیچ رێکارێكی دژی بەشیر نەگرتووەتەبەر، ئەوەش گومان دەخاتە سەر ئەنجوومەنەکە و ئامانجە راستەقینەکانی لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری راستەقینە.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here