کاردۆ محەممەد: نابێت گۆڕان لە گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان سازش بکات

0
302

کاردۆ محەممەد ، هەڵسوڕاوی گۆڕان
کاردۆ محەممەد ، هەڵسوڕاوی گۆڕان

رووداو – هەولێر

هەڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان بە کەسێکی دیکە “سەپاندنی خواستی حیزبێکە”. دەشڵێت “نابێت گۆڕان سازش بکات”.

کاردۆ محەممەد، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، سەبارەت بە پرسی کارکردنەوەی پەرلەمان و پێشاندانی ئامادەیی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەرجی ئەوەی یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بگۆڕن، رایگەیاند: “ئێمە پێمانوایە دەبێت هەموو کارەکانمان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکە بێت، بەڵام نامانەوێت ئەو نەریتە لە کوردستان بچەسپێت کە حیزبێک مەرج دابنێت”.

کاردۆ محەممەد، دەڵێت: “لە کوردستاندا کێشەکە سەرۆکی پەرلەمان نەبووە، کێشەکە شەخسی نییە، بەڵکو کێشەکە سیستەم، بەڕێوەبەردنی وڵاتە، ئەقڵیەتێکە کە بەڕێوەبردنەکەی تا ئێستا پڕ لە قەیران و شکستە، ئەو ئەقڵیەتە دەیەوێت ئیدامە بەو سیاستە بدات”.

ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە “نابێت لە کوردستاندا گۆڕان سازش لەسەر مەسەلەیەک بکات، کە مەسەلەیەکی شەرعی و دیموکراتی و ئیستحقاقییە”.

سەبارەت بەوەش بۆچی لەپێناوی بەرژەوەندی باڵای کورد، ئەو درووشمەی چەندین ساڵە دەیڵێنەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان ناگۆڕن، لە وەڵامدا کاردۆ محەممەد دەڵێت: “لەپێناوی بەرژەوەندی باڵای کورد، ئێمە ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین، بەڵام ئامادەی سەپاندنی خواستی حیزبێک نین لە کوردستاندا، ئەمە زۆر بنەما لە کوردستان تێک دەدات، بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن، هاوبەشیەتی لە بڕیار و پێکەوەژیان تێکدەدات و مەترسی تاکڕەوی لە کوردستان دروست دەکات، لەبەر ئەوەی ئێمە باوەڕمان بە شەراکەتی راستەقینەو ئیستحقاقی هەڵبژرادنە، ناچینە ژێرباری پرسێک کە پێمانوایە شکاندنی شکۆی جوڵانەوەکە و خەڵکی کوردستانیشە”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here