کانتۆنی جزیرە داوای یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی داعشە دەستگیرکراوەکان دەکات

0
317

هەسەدە هەزاران چەکداری بیانی داعشی دەستگیرکردووە

 رووداو – هەولێر

ئەنجوومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە لە رۆژئاوای کوردستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دادگایەک بۆ دادگاییکردنی چەکدارە بیانییە دەستگیرکراوەکانی داعش دابمەزرێنێت و، پلانێکی هەبێت بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە.

ئەنجوومەنی یاسادانان یان زاگۆنسازی کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایی چەکدارانی بیانیی داعش و کەسوکاریان دابمەزرێنێت، یان وڵاتان ئەو چەکدارانە وەرگرنەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان دادگاییان بکەن. 

حەکیم خەلۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی کانتۆنی جزیرە دەڵێ “بێگومان دەبێت پلانێک هەبێت بۆ ئەو کەسانەی دەستگیرکراون و لە گرتووخانەکاندان. داوامان لە وڵاتان کردووە ئەوانە وەربگرنەوە و دادگاییان بکەن، ئەگەرنا دەبێت دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنیان بەشێوەیەکی دادگەرانە، دروست بکرێت”.

لە رۆژهەڵاتی دێرەزووری سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئۆپەراسیۆنەکانیان، هەزاران چەکداری بیانیی داعشیان دەستگیرکردووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر هاوژین و نەوەی چەکدارانی داعشیش لە کەمپ جێگیرکراون.

حوسێن عەززام، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرە دەڵێ “ژمارەی ئەندامانی داعش زۆر زیاد بووە، ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار چەکدار و ماڵباتەکەیان لە کەمپی هۆل و ناوچەی دیکەی ئێمە نیشتەجێکراون. ئێمە داوای دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ دادگاییکردنیان، چونکە ئەوان تاوانی جەنگ و تاوانیان دژی مرۆڤایەتییان کردووە، داوا لە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ سزادانیان دابنێن”.

زۆربەی چەکدارە داعشە دەستگیرکراوەکان ئێستا لە گرتووخانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستبەسەرن و، زۆربەی وڵاتان گەڕانەوەی ئەو چەکدارە بیانییەی لێوەی هاتوون قبووڵ ناکەن، ئەوەش باری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری زۆر قورس کردووە.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here