کریستیانەکانی عێراق داوا دەکەن موسەوی داوای لێبوردن بکات

0
149

عەلا مووسەوی: دەبێت جیهاد دژی کریستیانەکان بکرێت


رووداو- هەولێر

کریستیانەکانی عێراق داوا دەکەن عەلا موسەوی سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە داوای لێبوردن بکات و پۆزش بێنێتەوە بۆ قسەکانی کە رایگەیاندبوو:” دەبێت جیهاد دژی کریستیانەکان بکرێت.

مەسیحییەکان پێیانوایە قسەکانی موسەوی هیچ رێگەیەک بۆ پێکەوەژیان لە عێراق ناهێڵێتەوە و دەبێت رووبەڕووی ئەو لێدوانانە ببنەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی وەرکای کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند:” هەمان قسەی ئەبوبەکر بەغدادیمان لە مووسەوی بیست، قسەکانی ئەو ناچارمان دەکات بە هەموو شێوەیەک خۆمان لە هاوشێوەکانی داعش بپارێزین”.

قسەکانی سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە لە دژی مەسیحی و جووەکان، کاردانەوەی تووندی بە دوای خۆیدا هێنا، مەسیحییەکان داوای هەڵوێست وەرگرتن لە مەرجەعییەتی شیعەکان و حەیدەر عەبادی و پاشگەزبوونەوە و پۆزشهێنانەوەش لە موسەوی دەکەن.

عەلا مووسەوی ، سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە رایگەیاند: “پێویستە شەڕی بێبڕواکانی خاوەن کتێب بکرێت، کە نەسارە (مەسیحی) و جووەکانن، بەمەبەستی چوونیان بۆ نێو ئایینی ئیسلام، ئەوانە سێ بژاردەیان لەبەردەمە، موسڵمانبوون، شەڕ یاخود جزیەیان لێوەردەگیرێت، ئەمەش بەپێی رێککەوتن لەگەڵ وەلی ئەمر دەبێت، کە فەرمانڕەوای موسڵمانە، ئەویش پێغەمبەر یاخود پێشەوایە، بەهەمان شێوەش مامەڵە لەگەڵ سابیئە و مەجوسەکان دەکرێت”.

ئەم قسانەی سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعەکان، ناڕەزایی تووندی مەسیحییەکانی عێراق و باشووری کوردستانی لێکەوتووەتەوە. رەییان کلدانی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابلیون، سەرسوڕمانی خۆی لەو قسانەی، سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە دەردەبڕێت، کە مەسیحییەکانی بە “بێباوەڕ” داناوە و بانگەشەی جیهادکردن لە دژیان دەکات.

ئەو بەرپرسە مەسیحییە، لە ریزەکانی حەشدی شەعبی دایە و سەرۆکایەتی هێزێک دەکات، دەڵێت” رێزی تەواومان بۆ ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز هەیە، داوا لە موسەوی دەکەین پێداچوونە بە تێڕوانینەکانی بکات، ئەو قسانەی هاوڕێکە لەگەڵ تێڕوانینەکانی داعش و پێویستە داوای لێبوردن لە هاووڵاتی عێراقی مەسیحی بکات”.

هەروەها جۆزێف سلێوا، سەرۆکی فراکسیۆنی وەرکا لە پەرلەمانی عێراق  نیگەرانیی پێکهاتەی مەسیحی لە بەرامبەر قسەکانی سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە دەردەبڕێت، کە لە دامەزراوەیەکی دەستووری و یاساییەوە ئەو قسانە کراوە و مەسیحییەکان بە کافر دانراون.

جۆزێف سلێوا، سەرۆکی فراکسیۆنی وەرکا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئێمە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، هەمان قسەی بەغدادیمان لە بەڕێز عەلا موسەوی، سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە بیستەوە، لەکاتێکدا ئەو قۆناخە هاوئاهەنگی و شانبەشانی یەکدیمان لێدەخوازێت کە یەک گەلی راستەقینەبین، بەڵام کاتێک رووبەڕووی ئەو جۆرە قسە و لێدوانانە دەبینەوە ، ئێمە بە ناچاری پێویستمان بەوەیە چۆن خۆمان لە جۆرەکانی داعش بپارێزین ، داعش هەر تەنیا داعشی سەربازی نییە، بەڵکو مەترسیی زیاتر ئەوەیە کە خەڵکانێک ئەو وشانە بەکاربهێنن و ئەو قسانە لە فیقهی کۆن دەربهێنن ، کە هەزار و 400 ساڵی بەسەریدا تێپەڕبووە”

کریستیانەکان داوا لە مووسەوی دەکەن پۆزش بهێنێتەوە و مەرجەعەکانی نەجەف-یش رێگری بکەن لە گوتاری رق و کینە و جیاکاریی، هاوکات جەخت لەسەر رێزگرتن لە فرەیی دەکەنەوە و داواش لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لێپرسینەوە بکات لەگەڵ سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە و ئەوانەی گوتاری ئایینی تووندڕەویان هەیە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here