کلاسیکۆی ژمارە 266 بەڕێوەدەچێت

0
140

کلاسیکۆ

رووداو -هه‌ولێر 

ئەمڕۆ کلاسیکۆی ژمارە 266 ی نێوان ریال مەدریدی و بارسێلۆنا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەری 33ی ئەم وەرزەی لالیگا بەڕێوەدەچێت.یارییەکە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و لەوانەیە ببێتە یاریی یەکلاکەرەوەی لالیگا و زیاتر لە 260 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان بینەری دەبن.

کلاسیکۆی زەوی ئەم جارەی نێوان  ریال مەدرید و بارسێلۆنا کە 266ەیەمین کلاسیکۆیە، تایبەتمەندی و بایەخێکی زۆر بۆ هەردوو یانە هەیە ، چونکە ئەنجامی یارییەکە پەیوەستە بە هیوای بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید بە پشتیوانی نزیکەی 90 هەزار هاندەر رووبەڕووی یانەی بارسێلۆنای میوانی دەبێتەوە لە میانی یارییەکانی گەڕی 33ی لالیگا.

ریال مەدرید کە ئێستا خاوەنی 75 خاڵە لە پێشەنگی لالیگایە، دەیەوێ بە هەرشێوەیەک بێت سێ خاڵە پڕ بەهاکە لە میوانەکەی وەربگرێت، چونکە ئەو سێ خاڵە مێرنگی دەکاتە پاڵەوانی ئەم وەرزە و خەونی 5 ساڵەی ملیۆنان هاندەری یانە شاهانەکە دەکاتە راستی  و 33یەمین نازناوی خولەکە دەخاتە مۆزەخانەی نازناوەکانی، هەروەها جارێکی دیکە شکۆی یانە شاهانەکە بۆ هاندەرانی دەگەڕێنێتەوە، بە بردنەوەی یەکەم کلاسیکۆ لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆی قەڵای شاهانە لە دوای سێ ساڵ هەوڵدان.

لەلای خۆیەوە یانەی بارسێلۆنای دووەمی لالیگا بە جیاوازی سێ خاڵ لەدوای ریال مەدرید، دوای کرانە دەروەی لە چامپیۆنزلیگ، بە بێ نەیمار و بە هێڵێکی بەرگری شلۆقەوە، دەیەوێ درێژە بە باڵادەستی خۆی بدات لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ، یارییەکە ئەگەر بۆ ریال مەدرید جارێک بایەخی هەبێت، ئەوا بۆ بارسێلۆنا دەجار پایەخی زیاترە، چونکە هیوای بردنەوە ی نازناوەکە، یاخود بێ هیوابوون بە ئەنجامی یارییەکەوە پەیوەستە، بردنەوەی یارییەکە بۆ بارسا واتە وەرگرتنەوەی پێشەنگی خولەکە و نزیککەوتنەوە لە بردنەوەی نازناوەکە لەکاتی دۆڕانی یەک یاریی ریال مەدریدا، بەڵام یەکسانبوون و دۆڕان واتە ماڵئاوایی کردن لە بردنەوەی نازناوەکە.

هەردوو یانە بە دوو هێڵی بەرگری شلۆقەوە یاریی دەکەن، گرنگترین یاریزان کە لەو یارییە پڕ چێژە بێ بەش بێت، نەیمار داسێلڤای بەرازیلی ئەستێرەی بارسێلۆنایە کە بەهۆی راگیرانەوە بەشداری ناکات.

هەوادارانی تۆپی پێی بە گشتی و تۆپی پێی ئیسپانیا بەتایبەتی بە تامەزرۆیەوە چاوەڕوانی فیکەی دەستپێکردنی یارییەکەن، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە 250 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان بینەری یارییەکەن.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here