کلاسیکۆ مێژوو دەنووسێتەوە

0
401

کلاسیکۆ
کلاسیکۆ

رووداو – هەولێر

کاژێرەکانی چاوەڕێکردن بۆ بەهێزترین کلاسیکۆی جیهان لەنێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا وردە وردە لە کۆتایی نزیکدەبنەوە، کاتێک لە گەڕی 33ی لالیگا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

 21:45 

کلاسیکۆ مێژوو دەنووسێتەوە

کلاسیکۆی ئەمجارە چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەکی پێوانەیی لەرووی بینەرانەوە تۆماربکات، کە بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی چاوەڕواندەکرێت 400 ملیۆن هاندەر لە هەموو جیهان سەیری یارییەکە بکەن.

یارییەکە کاژێر 21:45 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیو ئەنجامدەدرێت، ریال مەدرید پێش ئەم یارییە خاوەنی 75 خاڵە و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی لالیگایە و بەجیاوازی سێ خاڵ لە پێش بەهێزترین رکابەریدایە کە بارسێلۆنایە لە کاتێکدا یارییەکی دواخراویشی بەرامبەر یانەی سێلتا ڤیگۆ ئەنجامنەداوە.

مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو یانە

هەردوو یانە لالیگادا 173 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، یانەی ریال مەدرید 72 یاریی بردووەتەوە و یانەی بارسێلۆناش لە 68 یاریدا ریال مەدریدی تووشی شکستکردووە، 33 یاری نێوان ئەو دوو جەمسەرەش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.

لەو ژمارەی یارییانەی هەردوو یانە بەرامبەر یەک ئەنجامیداوان یاریزانانی ریال مەدرید 281 گۆڵیان تۆمارکردووە و یاریزانانی بارسێلۆناش 274 گۆڵیان تۆمارکردووە.

گەورەترین بردنەوەی ریال مەدرید 8-2 بووە کاتێک لە 3-2-1935 ئەو ئەنجامە گەورەیەی بەدەستهێناوە، گەورەترین بردنەوەی بارسێلۆناش 7-2 لە 24-9-1950 بووە و 5-0 کە سێ جار ئەو ئەنجامەی بەرامبەر ریال بەدەستهێناوە و دوایین جاریش لە 29-10-2011 کە بارسا ئەو ئەنجامەی بەسەر ریال مەدرید دووبارەکردووە. 

یەکەم گۆڵی کلاسیکۆ

یەکەم یاریزان کە گۆڵی لە کلاسیکۆدا تۆمارکردبێت، ئاودی شتاینبێرگی ئەڵمانی بووە کە لە یاری نێوان هەردوو یانە لە قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا لاکورۆناسیۆن کە لە 13 -5-1902 تۆماریکرد و لەو یارییەدا بارسێلۆنا 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شتاینبێرگیش گۆڵی یەکەم و دووەمی تۆمارکرد.

شتاینبێرگ ئەندازیاری پیشەسازییە، چەندین دامەزراوەی پیشەسازیی لە ئیسپانیا و پۆرتوگال کردووەتەوە و چەندین یاریزانی تۆپی پێشی پێگەیاندووە.

شتاینبێرگ جگە لەوەی یاریزانی تۆپی پێ بووە، یەکێک لەو نووسەرانەیە کە لەسەرەتای دەرکەوتنی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ لەگەڵ رۆژنامەکە بووە.

گۆڵکاری کلاسیکۆ

گۆڵکاری کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنایە کە 21 گۆڵی بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە، بەڵام ماوەی 37 مانگ و 1127 رۆژە گۆڵی لە ریال مەدرید نەکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش 5 گۆڵی بەرامبەر بارسێلۆنا کردووە.