کونسوڵی فەرەنسا: دۆستایەتی فەرەنسا و کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە

0
168

دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بەشداری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کرد

رووداو – هەولێر

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو دۆستایەتییەی لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستاندا هەیە زۆر گرنگە و دوای هاتنە سەرکاری سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکەشی وەک خۆی دەمێنێتەوە. دەشڵێت عێراق یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی فەرەنسا لە پێنج ساڵی داهاتوودا. 

لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی ئەو گۆڕانکاریانەی دوای هاتنە سەرکاری سەرۆکی نوێی فەرەنسا دروست دەبێت، بە تایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دۆمینیک ماس گوتی “متمانەم هەیە هەردوو سەرۆک بارزانی و سەرۆک ماکرۆن یەکدی ببینن، هیواداریشم سەرۆک ماکرۆن بێتە هەولێر”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، دۆمینیک ماس دەڵێت “پەیوەندییەکان، پەیوەندی درێژخانەنن و بۆ چەندین دەیەیەک پێش ئێستا دەگەڕێنەوە، پەیوەندییەکانیش جێگیرن، پەیوەندی دۆستایەتی و هاوڕێیەتییە”.

دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن رۆژی 14ی ئەم مانگە دەستبەکار دەبێت و حکومەتی نوێ دەستنیشان دەکات. 

کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا دەڵێت “عێراق یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی فەرەنسا لە پێنج ساڵی داهاتوودا، چونکە ئێمە لە هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتیداین دژی داعش”.

سەبارەت بە رێوشوێنەکانی پێدانی ڤیزای فەرەنسا بە هاونیشتمانیان، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئەوە دەخاتەڕوو کە گۆڕانکاری لە پێدانی ڤیزای فەرەنسا رووینەداوە و دەڵێت: “هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی کۆمپانیای فەیس گڵوباڵ لە شەقامی گوڵان بکەن، دەتوانن لەوێ مەوعید وەربگرن و دواتریش سەردانی کونسوڵخانە بکەن بۆ دانانی دۆسیەی خۆیان”.

دۆمینیک ماس دەشڵێت “هاووڵاتییانی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی دۆسیەکانیان پەنا دەبەنەبەر کۆمپانیا گەشتیارییەکان، ئەو دۆسیانەش بە خراپی ئامادە دەکرێن و زۆر دۆکیۆمێنتی ساختەیان لەگەڵو، بۆیە ئێمە ناتوانین ڤیزایان پێبدەین، ئەو کۆمپانیا گەشتیارییانەش ناوەکانیان لەلای کونسوڵخانە هەیە، هاوکات ئەو کۆمپانیا گەشتیارییانە داوای پارەیەکی زۆر لە خەڵک دەکەن کە نزیکەی 8 بۆ 12 هەزار دۆلار دەبێت، گوایە ئەو پارەیە بۆ کونسوڵخانەیە”.

کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان هاونیشتمانیان لەو فێڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: “داواکردنی ئەو پارەیە دزییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کونسوڵخانەوە نییە، بەڵکو بۆ وەرگرتنی مەوعید تەنها 20 یۆرۆ داوا دەکەین، دواتر کە سەردانی کونسوڵخانە دەکات 60 یۆرۆیان لێوەردەگیرێت، جیا لە وەرگرتنی ئەو 80 یۆرۆیە هەر پارەیەک وەربگیرێت دزییە، پارەکە نە بۆ کونسوڵخانە و نە بۆ فەرەنسایە”.

کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا ئاشکراشیکرد، لە ساڵی 2016ـوە زیاتر لە پێنج هەزار ڤیزایان بە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان داوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here