کچێکى کورد دەبێتە خاوەنی براندێکى پێڵاو

0
134

کانی دەڵێت
کانی دەڵێت “لەڕێگەی Online Shoping لە زۆر وڵاتەوە داوای پێڵاوەکان دەکەن

رووداو – هەولێر

کانی ئەحمەد، تەمەنی 30 ساڵانە و لەدایکبووی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو کە ماوەی سێ ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە، ئێستا خاوەنی براندێکى پێڵاوە بۆ ژنان و پیاوان.

(Luminous Spring) ناوی براندەکەی کانییە کە بەمانای (سەرچاوەی رووناکی) دێت، ئەو دەڵێت حەزم لێبوو وەکو پێڵاوێکی کوردی بنووسرێت، چونکە ئەمە یەکەم پێڵاوی کلاسیکی کوردییە.
کانی ساڵی 2014 دوای تەواوکردنی ماستەر لە بواری بزنس لە شاری تاران، بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت تا لەوێ خەونەکانی منداڵی بهێنێتەدی.

کانی دەربارەی بیرۆکەی دروستکردنی پێڵاو کە وەک خۆی دەڵێت بۆ یەکەمینجارە لە کوردستان کارێکی وا دەکرێت، بە (رووداو)ی گوت “کە هاتمە هەولێر بەهۆى ئەوەى زمانى کوردی، فارسی، ئینگلیزی و تورکی و تاڕادەیەک فەڕەنسیم دەزانى، وەک تیمی فرۆشی پەیوەندییەکانی نێوان موشتەری و هۆتێل لە هۆتێلێک دەستم پێکرد و دوو ساڵ لەوێ کارم کرد و پارەیەکم کۆکردەوە”. 

لەبارەی بیرۆکەکەی، کانی گوتى: “دوای ئەوە ئەم بیرۆکەیە بەمێشکمدا هات، پێڵاوێکم نەدەبینی کە بتوانی لە بەیانی تا ئێوارە لەپێی بکەیت و ئارامیت پێبدات و پەنجەکانت تێیدا ئازار نەخۆن، هەروەها بینینی پێڵاوە مارکەکان  جێی سەرنج بوو بۆ من، لە وڵاتان بە کواڵیتییەکی بەرز و باش، بەڵام هەمان مارکەی پێڵاو لە کوردستان کە دەهێنرێت، بە پارەیەکی زۆر دەفرۆشێت و کواڵیتییەکی خراپی هەیە، بۆیە حەزم کرد پێڵاوێک دروست بکەم ناوی پێڵاوی کوردی بێت”.

لە کۆتایی ساڵی 2016 دەست بە جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی دەکات: “مانگی 11ى 2016 دەستم بە کار کرد و کارگەیەکم دامەزراند بۆ دانانی پێڵاوەکان تێیدا و فرۆشتنی بە نرخی کۆ، ئۆفیسێکم لە گوندی ئینگلیزی و شوێنی نمایشی پێڵاوەکانیشم لە عەنکاوە دانا، بڕی 30 هەزار دۆلارم هەبوو کە بە کارکردن کۆمکردبووەوە و خستمە خزمەتی کارەکەمەوە”.

لەبارەی شێوازی ئەو پێڵاوانەش کە دروستی دەکات، کانی دەڵێت “قاڵب و قوماش و ماددەکان خۆم هەڵمبژاردن، حەزمکرد هونەری رەنگ زاڵ بێت بەسەر پێڵاوەکانەوە، چونکە کورد حەزی بە رەنگە”. هەروەها لەبارەی جۆری پێڵاوەکانیشەوە دەڵێت: “زانستی و پزیشکانە بیرمان لە کارەکان کردەوە تا پێڵاوێک بێت ماندووت نەکات، لە ژێری شوێن پەنجەکان ماددەیەکمان دانا وەک پلاستیکە بۆ ئەوەی پەنجەکان ماندوو نەبن، پاژنەکانیش پزیشکین و ئازاری پشتت نادات، بۆ ناو پێڵاوەکانیش قوماشێکمان هەڵبژاردووە تا لە وەرزی هاویندا پێ ئارەقە نەکاتەوە”.

لەبارەی کارگەی دروستکردنی پێڵاوەکانیشەوە کانی دەڵێت: “جێگەی داخە من نەمتوانی لە کوردستان کارگەی پێڵاو دروستکردن دابمەزرێنم، بۆیە لە تورکیا دروستیان دەکەین، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش رێگە نادەن لەسەر پێڵاوەکە بنووسین کوردستان، چونکە کارگەکە هی ئەوانە، هەرچەندە هەموو شتەکان و بیرۆکەکەی هی ئێمەیە، بۆیە نووسراوە Made in Turkya و تەنیا رێگەیان داوە لۆگۆی من بنووسرێت کە بە ناوی  (Luminous spring)ـە”.

کانی هەتا ئەمڕۆ ‌کە ماوەی 6 مانگە دەستی بەو کارە کردووە، نزیکەی 1000 جووت پێڵاوی بەرهەمهێناوە بە چەند شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کە بۆ پیاوان و ژنانە، بەڵام ئەوەندەی لە دەرەوە خواستی لەسەر بووە، لە کوردستان وا نەبووە، چونکە 70%ی پێڵاوەکانی لە دەرەوە و 30%ی لەناو کوردستان فرۆشراوە.

کانی دەڵێت “لەڕێگەی Online Shoping  لە زۆر وڵاتەوە داوای پێڵاوەکان دەکەن، بۆ نموونە کۆمپانیای ئەمازۆن پێڵاویان لێکڕیوم و بردوویانە بۆ کالیفۆرنیا و کەنەدا، لەوێ ئاگادارم بە چوار قات دەیفرۆشن، ئەگەر کاڵاکەشم باش نەبێت لەوێ نافرۆشرێت. هەروەها لە ئوردن و تورکیا و لە سلێمایش خواستی لەسەرە”.

سەبارەت بە نرخ و ژمارەی پێڵاوەکانیش، کانی گوتی “بۆ ژنان لە ژمارە 36 هەتا 40مان هەیە، بۆ پیاوانیش لە 40 تا 44 هەیە. نرخەکان بە نرخی کۆ بۆ کوردستان لە 25 هەزار بۆ 45 هەزار دەستپێدەکات، ئەمەش بێ قازانجە، چونکە پێڵاوەکان گەرەنتی دوو ساڵی لەگەڵدایە، لەگەڵ بە بازاڕبوونی کاڵاکان ئەوکات قازانجی دەخەمە سەر”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here