کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان

0
295

کۆنترۆڵی پاسپۆرت لە سنووری حاجی ئۆمەران وێنە؛ ئەرشیڤ
کۆنترۆڵی پاسپۆرت لە سنووری حاجی ئۆمەران وێنە؛ ئەرشیڤ

رووداو-هەولێر

کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر هۆشداریی دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری لانەبردنی پارەی رسووماتی هاتنەناوەی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ نێوخاکی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش دەستدەکەنەوە بە وەرگرتنەوەی پارەی ڤیزا بۆ نێو خاکی ئێران لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

مورتەزا عەبادی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لە وەڵامی پرسیارەی ئەوەی بۆچی هەرێمی کوردستان پارەی رسووماتی هاتنەناوە لە هاووڵاتیانی ئێرانی وەردەگرێت؟ گوتی: “لابردنی تێچووەکانی سەردان وەک پارەی ڤیزا و رسوومات، دەرەنجامی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بۆ بەغدا و گەیشتن بە رێککەوتن بووە، بەو پێیە پرسی لابردنی ئەو بڕەپارەیە لە کۆبوونەوەیەکمدا لەگەڵ کەریم سنجاری، وەزیری بەڕێزی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەڕێز فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خرایەڕوو، بەڕێز سنجاری بەڵێنیدا ئەو تێچوو و رسووماتانە لاببرێن. هەروەها جیا لەو کۆبوونەوانە، بەشێوەی نووسراویش بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گەیێندراوە”.

کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر گوتی: “بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئێران و عێراقەوە جێبەجێکرا، ئاگادارکراوینەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە وەرگرتنی پارەی رسوومات بەبڕی 25000 دینار بۆ هەر نەفەرێک لەو ئێرانییانەی لە سنوورەکانی باشماخ، پەروێزخان و تەمرچینەوە (حاجی ئۆمەران) دێنە هەرێمی کوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە کە نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق لە هەولێر و سلێمانیش لە ماوەی 12 رۆژی رابردوو هەموو پارەیەکیان بۆ پێدانی ڤیزا لابردووە و ئەوەش لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکراوە. ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان وەڵامێکی ئەرێنی لێنەکەوێتەوە، بەپێچەوانەی خواستی ئێمە، ناچارین ئێمەش بەو شێوەیە رەفتاربکەین”.

لەدوای سەردانی رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا، هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران رێککەوتن بۆ ئەوەی ڤیزە بەبێ بەرامبەر بدرێتە هاووڵاتیانی هەردوو وڵات و ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە لە 1-4-2019 جێبەجێکرا، بەڵام وەک بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here