کەمخۆراکی کاریگەری لەسەر منداڵانی پارێزگای سنە داناوە

0
11

بەپێی ئامارەکان 3 هەزار منداڵ لە سنە کێشەی کەمی خۆراکیان هەیە

رووداو-هەولێر

کێشەی کەمخۆراکی لە پارێزگای سنە بەربڵاوتر بووە و بەتایبەت کاریگەری لەسەر منداڵانی پارێزگاکە داناوە. بەپێی ئامارەکان، لەو پارێزگایە زیاتر لە سێ هەزار منداڵ کێشەی کەمی خۆراکیان هەیە و بەهۆی کەمخۆراکییەوە، بەشێک لەو منداڵانە تووشی کورتی باڵا و لاوازی جەستە بوونە. 

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ساڵی 1995ـەوە تاوەکو 2010، کەمخۆراکی لەنێو دانیشتووانی ئێران لە 17 لەسەدەوە بۆ 4 لەسەد کەمبووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ کە توانای خەڵک بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان لاواز بووە، پێشبینی دەکرێ، رێژەی کەمخۆراکی بەرز ببێتەوە.

لە پارێزگای سنەدا کەمخۆراکی دیاردەیەکی بەربڵاوە. لەم پارێزگایەدا کەمخۆراکی خۆی لە نزمبوونی کێش و لاوازیدا نیشان دەدات. کەمخۆراکیی لە پارێزگاکانی سنە، هورموزگان و سیستان و بەلوچستان بەرزتر لە ئاستی مامناوەندیی ئێرانە.

ئەم بابەتە غەزاڵ شەریعەت پەناهی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی منداڵان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران باسی کردووە، بەڵام ئەو ئامارێکی لە کەمخۆراکی لە پارێزگای سنەدا رانەگەیاندووە.

یەکساڵ پێش فەرزام بیدارپوور، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزشکیی سنە گوتی: لەم پارێزگایەدا 3 هەزار منداڵ کێشەی کەمخۆراکییان هەیە. بەڵام ئەم ئامارە لە ماوەی ئەم یەکساڵەدا کە نرخی خواردەمەنییەکان بەرزبووەتەوە، دەتوانێت زیاتریش بووبێت.

کۆتایی هاوینیش رێکخراوی بێهزیستی ئێران راپۆرتێکی لەسەر کەمخۆراکیی بڵاوکردەوە کە پارێزگای ئیلام وەک یەکێک لە 6 پارێزگا کەمخۆراکییەکەی ئێران لە قەڵەم درابوو.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە هەموو ئەمساڵانەدا یەکێک لە پارێزگا یەکەمەکان لە ئێراندا بووە کە زیاترین رێژەی کەمیخۆراکیان هەیە. ئەم پارێزگایە یەکێک لە پارێزگا هەژار و هەرەپشتگوێخراوەکانە لە ئێران دا. بەپێی ئامارەکان نزیک بە 13 هەزار منداڵ لەم پارێزگایەدا تووشی کەمخۆراکین.

کەمخۆراکی لە کورت بوونی باڵا و لاوازی تاکەکاندا خۆی نیشان دەدات. غەزال شەریعەت پەناهی دەڵێ: لە هەندێ لە پارێزگاکانی ئێراندا ئەم دوو حاڵەتە هەردوویان هەن، بەڵام بەگشتی ساڵی 2017 رێژەی 3.8%ـی کۆی خەڵکی ئێران لاواز و 4.6%ـیش باڵایان کورت بووە. کەمخۆراکی لەنێو منداڵاندا بەربڵاوترە. 

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە دوو دەیەی رابردوودا بەردەوام رێژەی کەمخۆراکیی لەنێو دانیشتووانی ئێراندا کەم بووەتەوە. ساڵی 1995 کەمخۆراکی لەبواری کەمی کێشدا لەنێو منداڵانی کەمتر لە 5 ساڵ تەمەندا نزیک بە 17% بووە بەڵام ساڵی 2010 ئەمە بۆ 4% کەم بووەتەوە.

سەرەتای پاییز محەممەد نەفەرییە، بەڕێوەبەری بەشی منداڵانی رێکخراوی بێهزیستی ئێران، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمخۆراکی منداڵان گوتی: ئەمساڵ 227 هەزار منداڵ لە باخچەکانی ساوایانی گوندەکان، ژەمێک خۆراکی گەرمیان پێدەدرێ. جگەلەمەش 50 تاوەکوو 75%ـی باخچەی ساوایانی گەڕەکەکانی پەراوێزی شارەکانیش ئەو پرۆژەیە دەیانگرێتەوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئێران، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کەمیی ڤیتامین دی حەبی ئەم ڤیتامینە لەنێو ئاستە جیاوازە تەمەنییەکاندا بڵاودەکاتەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here