گوتەبێژی هاوپەیمانان: گڵۆپی سەوز بۆ حەشدی شەعبی هەڵناکەین

0
315

رایان دیلۆن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژی داعش
رایان دیلۆن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژی داعش

رووداو – هەولێر

گوتەبێژی هاوپەیمانان رایدەگەیێنێ، هەرچەندە هێزەکانی حەشدی شەعبی توانیویانە کاری باش ئەنجامبدەن، بۆنموونە لەماوەی هەفتەی رابردوودا توانیویانە لە دەوروبەری تەلەعفەر زیاتر لە 600 کیلۆمەتر چوارگۆشە کۆنترۆڵ بکەنەوە، بەڵام گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵناکەن و دەبێت لەژێر فەرمانەکانی حکومەتی عێرقدا بن.

رایان دیلۆن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژی داعش، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هاوپەیمانان بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی هێزە کوردی و عێراقییەکان.

دیلۆن باسی لە سرووشتی پاڵپشتییەکان کرد و رایگەیاند”لەڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە یارمەتیی هێزە عێراقییەکان دەدەین، ئەم یارمەتییانەش بۆ گرتنەوەی بەشی موسڵی کۆن لە شارەکە بەردەوام دەبن، تاوەکو ئەو کاتەی هێزە عێراقییەکان سەرکەوتنی تەواوەتی و گرتنەوەی تەواوەتی شارەکە رادەگەیێنن، ئەمەش نزیکە”. 

سەبارەت بە قۆناخی دوای موسڵ دیلۆن گوتی: “حکومەتی عێراقە بڕیاردەدات دوای موسڵ چ ناوچەیەکی دیکە لە داعش پاکدەکاتەوە”. گوتیشی” هاوپەیمانان توانیویانە لەڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانیانەوە زیاتر لە 120 ئۆتۆمۆبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش کە لەڕێگەی خۆکوژەکانەوە ئاراستە دەکران، بتەقێننەوە”.
 
سەبارەت بە قوربانیانی سڤیل، گوتەبێژی هاوپەیمانان بەپێویستیزانی کاری لە پێشینەی هێزە عێراقییەکان بێت و، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بێت ژمارەی قوربانیانی سڤیل کەمتربکەنەوە، چونکە داعش بایەخ بە ژیانی خەڵک نادات و دەیانکاتە ئامانج.
 
لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی حەشدی شەعبیش، ریان دیلۆن گوتی: “هاوپەیمانان گڵۆپی سەوز بۆ ئەو هێزانە هەڵناکەن، بەڵکو ئەوە حکومەتی عێراقە ئاراستەیان دەکات و ئەوان لەژێر فەرمانی حکومەتی عێراقدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن. ئێمەش پاڵپشتیی حکومەتی عێراق دەکەین لەوەی  دەیەوێت بیکات، هێزەکانی حەشدی شەعبی توانیویانە کاری باش ئەنجامبدەن، بۆنموونە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە دەوروبەری تەلەعفەر زیاتر لە 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە”.

گوتیشی: “حەشد لەژێر فەرمانی حکومەتی عێراق دایە و ئێمەش لەو باوەڕەداین کە هەر دەبێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە. چونکە ئێمە باوەڕمان بە سەروەریی عێراق هەیە و پێشمانوایە هەر چالاکییەکی سەربازی ئەم وڵاتە پێویستە لەژێر فەرمانی حکومەتدا بێت”.

سەبارەت بە بوونی هێزی جیاواز لە ناوچەکە، گوتەبێژی هاوپەیمانان جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت فۆکەسی هەموو لایەنەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و لەنێوبردنی داعش بێت، چونکە داعش مەترسیی یەکەمی سەر عێراق و سووریا و جیهانە.

لەبارەی بەردەوامبوونی پاڵپشتییەکان بۆ پێشمەرگە و یەپەگە، رایان دیلۆن گوتی: ” لە چوارچێوەی تێکشکاندنی داعشدا هاوپەیمانان مەشقیان بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و لە هاوکارییەکانیشیان بەردەوام دەبن؛ بۆ بابەتی سووریاش ئەوان چەکیان داوەتە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئامانجەکە ئەوەیە موسڵ لە دیوی عێراق و، لە دیوی سووریاش رەققە لە داعش پاکبکرێتەوە”. 

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here