گوتەبێژی هەدەپە: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بێلایەن نەبووە

0
616

عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بووەتە ئۆرگانێکی سەر بە پارتێک

رووداو – ئەنقەرە 

گوتەبێژی هەدەپە دەڵێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا بێلایەن نەبووە، لەسەر داوای ئاکپارتی ئەو دەنگانەی هەژمارکردووە کە مۆریان لێنەدراوە. هەدەپەش سکاڵای لەسەر کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.

عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی هەدەپە لە ئەنقەرە رایگەیاند، بەهۆی ئەو گومانەی لە رۆژی دەنگدان و پێش دەنگدان هەیانبووە، گشتپرسی بۆ هەمواری دەستوور لە تورکیا شەرعیەتی نییە.

بایدەمیر گوتی “ئاشکراکردنی ئەنجامی گشتپرسی پێش تەواوبوونی جیاکردنەوەی دەنگەکان قەدەخەیە، هەروەها ئەو دەنگانەی کە بێ مۆر بوون لەسەر لەسەر داواکاری ئاکپارتی ئەو دەنگانە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هەژمار کراون، بۆیە لێرە بە ئاشکرا دەیڵێین کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بووەتە ئۆرگانێکی سەر بە پارتێک، لەکاتیکدا پێویستە ئەو کۆمیسیۆنە بێلایەن بێت. بەڵام بەداخەوە لەکاتی بەڕێوەچوونی گشتپرسی لایەنگری کردووە”.

عوسمان بایدەمیر جەختیکردەوە “بەهۆی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، بە ئاشکرا دەیڵێم بەهۆی ئەو گومانەی کە لە رۆژی دەنگدان و بەر لە دەنگدان هەمانە و ئەو کارانەشی کە بەرامبەر لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کراون، گشتپرسی شەرعیەتی نییە”.

لە گشتپرسییەکەی تورکیا بۆ هەمواری دەستوور 51.4ی خەڵک بە “بەڵێ” دەنگیان دا، هەدەپەش هاوشانی جەهەپە دژی گۆڕانکارییەکانی دەستوور کەمپەینی بۆ دەنگی “نەخێر” دەکرد.

داڕشتنەوە: حەکیم داود



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here