
بەپێی هەواڵێک “توتو سپۆرت”ی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە، “ئیدارەی نیرادزۆری، ئیلکای گوندۆگانی لە لیستی ئەو یاریزانانە داناوە کە بەنیازن لە میرکاتۆی هاوینە بۆ ئینتەرمیلان بیگوازنەوە”.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێپی مارۆتا بەڕێوبەری جێبەجێکار لە یانەی ئینتەرمیلان هەنگاوەکانی بۆ رازیکردنی یاریزانەکەی پێشووی یانەی بۆڕووسیا دۆرتمۆند دەستپێکردووە، لە ئەگەری شکستی هەوڵەکانی لە رازیکردنی ئیدارەی یانەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی ئیڤان راکیتیچ.
ماوەیەکی زۆرە ئینتەر لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی یانەی بارسێلۆنا رازیبکات تا راکیتیچ بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە، بەڵام ئیرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بارسا رێگربووە لە سەرگرتنی ئەم هەوڵە.
لە بازاڕی گواستنەوە نرخی گوندۆگان بە 40 ملیۆن یۆرۆ پێوانە دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدا لە هاوینی 2020، ماوەی گرێبەستەکەی ئەستێرە ئەڵمانییەکە کۆتایی دێت.
ئیلکای گوندۆگان وەک یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی پێپ گواردیۆلا هەژمار دەکرێت، ئەم وەرزە لە 40 یاری بەشداریی کردووە و توانیویەتی 5 گۆڵ تۆمار بکات.