گۆڕان: لەنێو ئەنجوومەن بمێنینەوە، کاندید بۆ پارێزگاری سلێمانی دیاریدەکەین

0
136

پۆستی پارێزگاری سلێمانی تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەبێت

رووداو – سلێمانی

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، وەک بەرزترین دەسەڵاتی بزووتنەوەکە بەڕێوەبچێت. گوتەبێژی گۆڕان دەڵێت، ئەگەر لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بمێننەوە و سەردار قادر-یش لە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەکەی پاشگەزنەبێتەوە، کاندید بۆ پارێزگار دیاریدەکەن.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ ئەوەی ئەجێندای کۆبوونەوەی داهاتووی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دیاریبکات، بە رووداوی گوت “ئەم هەفتەیە جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە” بەڵام بەهۆی ئەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەرکەوتەی گۆڕانە و ئێستا لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت، چاوەڕواندەکرێت زۆرترین گفتوگۆ لەبارەی ئەو پۆستە بکرێت. 

بەگوتەی شۆڕش حاجی، گۆڕان چاوەڕێی ئەوە دەکات بزانێت سەردار قادر، پارێزگاری دەستلەکارکێشاوەی سلێمانی سوورە لەسەر بڕیارەکەی یاخود نا. گوتیشی “ئەگەر لە بڕیارەکەی پاشگەزنەبێتەوە و ئێمەش لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا بمێنینەوە، کاندیدی خۆمان بۆ پارێزگار دیاریدەکەین”.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بوارەكانی “كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی‌و میدیایی” بزووتنەوەکەیە. سەرپەرشتی هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی گۆڕان، چاودێری‌ و هەڵسەنگاندنی ئەدای هەموو ئاستەكانی پەیكەرەی رێكخراوەیی بزووتنەوەكە دەكات. هەروەها پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستانی، عێراقی، ناوچەیی، نێودەوڵەتی لەگەڵ حیزب‌ و رێكخراوە سیاسییەكان رێكدەخات. 

ئەندامێكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پۆستی پارێزگاری سلێمانی مافی رەوای گۆڕانە و لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی ئەو پۆستە.

كاروان هاشم، بە رووداوی گوت “ستەم لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكرێت و لە هەوڵی ئەوەداین بتوانین چۆن ئەو ستەمە لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی هەڵبگرین”.

دوو ساڵی یەكەم پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە بەڕێوەبرا، بەڵام كاتێك هاتە سەر ئەوەی گۆڕان پۆستەكە وەربگرێت گرفت دروستبوو. بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرئەوەی نایەوێ پارێزگار بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابنرێت، بۆیە هەر پارێزگارێک دابنێت کێشەی بێدەسەڵاتی دێتە پێش.

گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە، پۆستی پارێزگاری سلێمانی “مافی رەوای گۆڕان”ـە و لەو بارەوەش نكۆڵیان نەکردووە.

حاكم قادر حەمەجان، گوتەبێژی یەكێتی بە رووداوی راگەیاند “بابەتی پارێزگاری سلێمانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەكلایی كردووەتەوە. پۆستی پارێزگاری سلێمانی هەر مافی گۆڕانە و وەك ئەوەی  لەگەڵیان رێككەوتووین، وەك چۆن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش رێككەوتووین، لەگەڵ گۆڕان رێككەوتووین لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەڕووی هەڵبژاردن و یاساییەوە مافی گۆڕانە”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here