گۆڕان و یەکگرتوو هێرشی توركیا بۆ سەر شنگال ئیدانە دەكەن

0
298

“ئەو كارە پێشێلكردنی سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانە”

رووداو- هەولێر

یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانی خۆیان سەبارەت هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر شنگال دەردەبڕن و گۆڕان پێیوایە ، ئەو كارە پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 25-4-2017 ئەنجوومەنی سیاسیی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: “بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڕوانینە بۆردوومانی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی شنگال ‌و دەورووبەری ‌و هەر گرژی ‌و ئاڵۆزییەك كە بەو هۆیەوە رووبكاتە باشووری كوردستان”.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەکەدا یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت‌: “داواكارین هەرچی زووترە ئەو بۆردوومانكردنانە رابوەستێ بۆ ئەوەی دوای كۆتاییهاتنی نەهامەتییەكانی شەڕی داعش، ناوچەكە لە هەر شەڕ و پێكدادانێكی دیکە بپارێزرێت ‌و كەشو هەوای گونجاو بڕەخسێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان ‌و ئاوادانكردنەوەی ناوچەكە”.

هەروەها رۆژی سێشەممە 25-4-2017 د.شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیاكانی بزووتنەوەكەی راگەیاند: “بە تووندی ئیدانەی پەلاماری فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەكەین ، ئەو كارە پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای سەروەری خاكی هەرێمی كوردستانە”.

گوتەبێژی گۆڕان ئاماژەی بەوەدا ، پەلاماری فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هیچ پاساوێكی نییە و جەختیشی كردەوە كە ئەو كارەی توركیا ، جارێكی دیكە پێویستی یەكڕیزی نێوماڵی كوردی سەلماند.

كاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-4-2017، چیای شنگال و دەورووبەری لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردوومان كرا، بەگوێرەی راگەیێندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە “زیان و وێرانكاریی زۆری لێكەوتووەتەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید و 9 پێشمەرگەش برینداربوونە”.

رۆژی سێشەممە 25-4-2017 رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە -ی سەر بە پەكەكە ئاشكرایكرد “لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 20 شەرڤانمان شەهیدبوون و 18ی دیكەش بریندارن”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here