گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرناگرێتەوە

0
131

کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و گۆڕان
کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و گۆڕان

رووداو – سلێمانی

بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی تاوتوێكردنی مانەوە یان كشانەوە لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەن. پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەكەش دەڵێ “سەردار قادر لەبەر ئەوە وازی هێناوە كە دەسەڵاتی نەبوو، ئایا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان كەسێكی دیكە بەبێدەسەڵاتی دەنێرێ بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی؟”.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8/5/2017 سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان كۆببنەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا، یەكێتی پڕۆژەكەی خۆی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەخاتە بەردەستی گۆڕان، بەڵام ئەمجارەیان گۆڕان زۆرتر چاوەڕوانی دەستپێكردنی كۆبوونەوەكەیە، چونكە دەیەوێ لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و پۆستەكانی دیكەی نێو حكومەتە خۆجێییەكان و بێدەسەڵاتیی بەڕێوەبەرەكانی لەنێو حكومەتدا، چەند پرسیارێك رووبەڕووی یەكێتی بكاتەوە.

بەڵام پێش كۆبوونەوەكە و هەر لە ئێستاوە، زۆرینەی نێو بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەن نەك تەنیا پۆستەكەی سەردار قادر، بەڵكو بزووتنەوەی گۆڕان لە تەواوی حكومەتە خۆجێییەكە بكشێتەوە. هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ “لەناو بەرپرسە بڕیار بەدەستەكانی بزووتنەوەكەشدا، زۆرینە لەگەڵ ئەوەن بەهیچ شێوەیەك گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرێتەوە”.

ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ راستە چەند رۆژێكە سەردار قادر دەستی لەكاركێشاوەتەوە “بەڵام دەمێكە پارێزگار و بەڕێوەبەرەكانی دیكەی گۆڕان گلەیی و سكاڵای ئەوەیان هەیە كە بێدەسەڵاتن و ناتوانن وەك پێویست ئەركی خۆیان راپەڕێنن، بۆیە بابەتەكە تەنیا پەیوەندی بە پارێزگاری سلێمانییەوە نییە، هەرچەندە گۆڕان تاوەكو كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەش نەكات بڕیاری كۆتایی نادات، بەڵام زۆرینەی بۆچوونەكان لەگەڵ وەرنەگرتنەوەی ئەو پۆستە و كشانەوە لە پۆستەكانی دیكەشن”.

رۆژی 30/4/2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كرا، هەڤاڵ ئەبوبەكر، كە زۆرینەی دەنگەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، كاندیدی گۆڕان بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەڵام نەیتوانی دەستبەكار ببێ تاوەكو رێككەوتننامەی یەكێتی و گۆڕان بۆ دابەشكردنی پۆستەكان هاتە گۆڕێ و دوو ساڵ بە دوو ساڵ، پۆستەكانیان دابەش كرد.

بزووتنەوەی گۆڕان نیگەرانە لەوەی لەلایەن یەكێتییەوە ئاستەنگی زۆر بۆ پۆستەكانیان دروستكراوە. بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییە و لەبەر كێشەی سیاسی و ئەو كێشە یاساییانەی بۆی دروستكران دەستبەكار نەبوو “بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان بیر لەوە دەكاتەوە كە كاك سەردار قادر، بۆ خۆی هیچی پێنەكرابێ و دەسەڵاتی نەبووبێ، بۆچی بێدەسەڵاتێكی دیكە لە شوێنەكەی دابنێ‌؟”.

بێستوون فایەق هەروەها دەڵێ، سەركردایەتیی گۆڕان بیر لەوە دەكاتەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بكات “دەبێ بیر لە پۆستەكانی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە كە ئەوانیش وەك كاك سەردار بێدەسەڵاتن و كێشەیان بۆ دروستدەكرێ، ئێستا گفتوگۆی جددی لەنێو گۆڕان هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگار و ژمارەیەك پۆستی دیكە”. گوتیشی “ئەو بەڕێوەبەر و لێپرسراوانەی لەنێو ئیدارەی خۆجێیی سەر بە یەكێتین، رەنگە باشتربن و ئیشیان باشتر بڕوات، هەم لای یەكێتییەوە و هەم لەولاشەوە”.

رۆژی دووی ئەم مانگە، سەردار قادر، دوایین كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و قایمقامی سلێمانی و سەرۆكی شارەوانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.

(رووداو) پەیوەندی بە ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتییەوە كرد، ئاخۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرێ تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو، یان یەكێتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكات؟ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ “ئەوە پۆستی گۆڕانە و پێویستە گۆڕان بۆ خۆی چارەسەری بكات، ئێمە وەك یەكێتی وەك چۆن پۆستی وەزیرەكانی ئەوانمان پڕنەكردەوە، هەر ئاواش پۆستی پارێزگاری سلێمانی پڕناكەینەوە”.

بەڵام لەنێو بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا گومانێك دروستبووە لەوەی كە گۆڕان ئەو پۆستە وەرناگرێتەوە و تەنانەت پلانی هەیە دەستبەرداری پۆستەكانی دیكەش ببێ، ئەوەش وەك ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here