گۆڕان کشانەوە لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی یەکلایی دەکاتەوە

0
160

هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆدەبێتەوە

رووداو- سلێمانی

بڕیارە هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کۆببێتەوە و پرسی کشانەوە یان مانەوە لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی تاوتوێ بکات، بەپێی گوتەی بەرپرسانی گۆڕان کۆبوونەوەکە یەکلاکەرەوە دەبێت لەوبارەوە.

بەرپرسی مەلەفی حكومەتی خۆجێی سلێمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: “جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکە دوا بڕیار لەوبارەوە دەدات، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان لەسەر کشانەوە یان مانەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون”.

سەركردەباڵاكانی گۆڕان پێیانوایە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بمێننەوە ، بەڵام گەنجەكان پێیانوایە وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار و مانەوەیان بەو جۆرە زیانی لە قازانجی زیاترە، ئەم چینە كە مەلەفی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی لەئەستۆدایە ، ئاشكرای دەكات كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی وەڵامی یەكلاكەرەوەی دەبێت.

سۆز عەبدولقادر ، بەرپرسی مەلەفی حكومەتی خۆجێی سلێمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “كشانەوە یان مانەوە لە حكومەتی خۆجێیی ، مافی بزووتنەوەی گۆڕانە و مەرجەعی بڕیاری ئێمەش جڤاتی نیشتمانییە. بۆیە لە كۆبوونەوەی جڤاتدا ئەو پرسە یەكلایی دەكرێتەوە”.

بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كارگێڕیی پارێزگاكە، یەكێـتی بەفەرمی لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە عومەر قەڵادزەیی بەهەمان دەسەڵاتەكانی سەردار قادرەوە دەستبەكاركردووە، بەڵام وەك رووداو زانیویەتی لاریشی نییە هەر كاتێك گۆڕان كەسێكی دیكەی دەستنیشانكرد پۆستەكەیان بدەنەوە.

حاكم سەرخێڵ ئەنوەر ، بەرپرسی بەشی یاسایی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “هەركاندیدێكی دیكە بنێردرێتە پارێزگا دەتوانێت لەبری عومەر قەڵادزەیی دەستبەكار بێت، كێشە نییە كێ دەستبەكار دەبێت، گرنگ ئەویە بۆشایی كارگێڕیی و یاسایی دروست نەبێت”.

كێشە ئیدارییەكانی سلێمانی نوێ نین، تا پێش هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پارێزگاكان، زۆربەی پۆستی بەڕێوەبەرگشتییەكان بە پارێزگاریشەوە بە وەكالەتی شەش مانگ دانران و هەیان بوو تەمەنی خانەنشینی نزیك بووە و هەر وەك كاربەدەستی حكومەت مایەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here