گەنجێك لەسەر دروستكردنی تاسەیەك دەكوژرێ‌

0
22

بكوژ: سەمیر بە تراكتۆر شكاندییەوە سەرم بۆیە تەقەم لێكرد
بكوژ: سەمیر بە تراكتۆر شكاندییەوە سەرم بۆیە تەقەم لێكرد

رووداو-هەولێر

گەنجێك لە نێو بازاڕی ناحیەی كەورگۆسكی سەر بە شاری هەولێر، لەلایەن کۆنەدراوسێیەكییەوە دەستڕێژی گوللەی لێكرا و كوژرا. كوشتنی گەنجەكە بەهۆی دروستكردنی تاسەیەك بووە لە بەردەم ماڵی بكوژەكەدا.

رووداوەکە رۆژی 11/3/2019 لە نێو بازاڕی ناحیەی كەورگۆسك روویدا، کە تێیدا سەمیری تەمەن 34 ساڵ و خاوەنی پێنج منداڵ کوژرا.

موئمین عەبدوڵڵا، كە برای سەمیرە، بە (رووداو)ی گوت :”ئەو رۆژە براكەم چووبوو یارمەتی براكەی بدات، كە خەریكی كێڵانی زەوی بوو، ئێوارە كە گەڕابووەوە، لەلایەن كۆنە دراوسێیەكیان لەنێو بازاڕی كەورگۆسك تەقەی لێكرا”.

موئمین باسی كێشەی نێوان براكەی و کۆنەدراوسێی براكەی كرد و گوتی: “ئەو كێشەیە بۆ ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، سەمیر تاسەیەكی لە بەردەم ماڵەكەی دروستكردبوو، بۆ ئەوەی بۆڕیی ئاوەرۆكەیان نەشكێ‌. دراوسێكەشیان داوای لابردنی تاسەكەی كردبوو، چونكە جێگەی وەستاندنی ئۆتۆمبێلی لێ تێكداوە، بەڵام سەمیر پێیدەڵێ هیچ كێشەی بۆ تۆ دروست نەكردووە، بۆیە لای نادەم، ئیدی دەمەقاڵی لە نێوانیان دروستبووە، پاشان لە یەكدیان داوە”.

(ئە.ن) تەمەن 41 ساڵ، باوكی چوار منداڵە، دانی بە كوشتنی سەمیر داناوە، لە دانپێدانانی پۆلیسدا دەڵێت “سەمیر ساڵێك لەمەوبەر لێی دام، زەبرێك بەر كەللەسەرم كەوت، بۆ چارەسەر چووم بۆ ئێران، ماوەی ساڵێك چارەسەرم وەرگرت، بەڵام ئەوان سەردانیان نەكردم و داوای لێبوردنیشیان نەكرد، بۆیە رقم بەرامبەری هەڵگرت، تا ئەو رۆژە لە بازاڕ بینیم. من تاكسیم پێبوو، سەمیر بە تراكتۆر شكاندییەوە سەرم، منیش لێی دابەزیم و سێ‌ فیشەكم پێوەنا و كوشتم، دواتریش هەڵاتم”. 

بەڵام موئمین عەبدوڵڵا رەتیكردەوە رووداوەكە بەو شێوەیە بێ،‌ كە بكوژ بۆ پۆلیسی گێڕاوەتەوە و پێیوایە كوشتنی براكەی بە “پلان” بووە. موئمین گوتی “كوشتنی براكەم پەیوەندی بە دروستكردنی ئەو تاسەیە هەبوو، كە سەمیر دروستی كردبوو. ئەو چەند جارێك شەڕی بە براكەم فرۆشت. ویستمان سكاڵای لەسەر تۆمار بكەین، بەڵام ریشسپی كەوتنە نێوانمان، بۆیە سكاڵامان تۆمار نەكرد، پاشان ئەو كەسە ماڵی لە گەڕەكەكە گواستەوە”.

سەبارەت بەوەی كە (ئە) دەڵێت لەلایەن سەمیرەوە لێیدراوە و بەو هۆیەوە ئازار بە مێشكی گەیشتووە، موئمین دەڵێت :”ئەو قسەیە تەنیا بیانوویەك بووە، چونكە ئەوكاتە تەنیا سەری كەمێك ئەستوور ببوو، ئێمە دڵنیاین (ئە) بە تەنیا ئەو كارەی نەكردووە و كەسی دیكەشی لەگەڵ بووە، پلانیان بۆ كوشتنی براكەم داناوە، ئەوە راست نییە كە دەڵێت بەهۆی تووڕەبوون و هەڵچوونەوە براكەمی كوشتووە”.

سەبارەت بە هەڵوێستی بنەماڵەكەشیان، موئمین عەبدوڵلا دەڵێ: “براكەم لەدوای خۆی پێنج منداڵی بەجێهێشتووە, ئێستاش هیچ بڕیارێكمان نەداوە و هیچ كاردانەوەیەكمان نابێت، چاوەڕێی بڕیاری دادگا و یاساین، تاوەكو دۆسیەكەی یەكلایی نەبێتەوە، پرسە بۆ براكەم دانانێین”.

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری رووداوەكەیە دەڵێت: “بێجگە لە كێشەی ئەو تاسەیە، كێشەی دیكەش لە نێوانیاندا هەبووە، پێشتریش چەند جارێك لە بنكەی پۆلیس بەڵێننامەیان پێ‌ پڕكراوەتەوە. كێشەكەشیان لەسەر ژنخوازییە. خوشكی كوژراو پێشتر دراوە بە برای بكوژ، ئەم خوشكەی نەخۆش بووە و چەند جارێك بووراوەتەوە، ماڵی بكوژیش بەماڵی كوژراویان گوتووە بۆ پێشتر پێتاننەگوتووین نەخۆشە، ئەمە سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەكەیان بووە و چەند جارێك بەشەڕ هاتوون”.

رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە (رووداو)ی گوت: “رۆژی 11/3/2019 پیاوێك بەناوی سەمیر عەبدوڵڵا بەدەستی دراوسێیەكی خۆی كوژرا، هۆكاری كوشتنەكەش ناكۆكییەكی پێشووتری نێوانیان بووە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، هەروەها لەسەر دروستكردنی تاسەیەك، پۆلسی دوای رووداوەكە توانی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بكوژەكەدا بگرێ،‌ كە دەمانچەیەك و كڵاشینكۆفێكی بێمۆڵەتی تێدابوو، پاشان تۆمەتبارەكە خۆی رادەستی پۆلیس كرد”. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتیشی: “تۆمەتبارەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ كراوەتەوە”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here