گەڕی شەشەمی دانووستاندنەکانی جنێڤ دەستپێکرد

0
178

شاندی حکومەتی سووریا و دیمستۆرا لە جنێڤ کۆبوونەوە

رووداو – جنێڤ

گەڕی شەشەمی دانووستاندنەکانی جنێڤ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا دەستپێکرد، ستافان دیمستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا دەڵێ هەوڵدەدات لەماوەی بەڕێوەچوونی ئەم گەڕەی کۆبوونەوەکانی جنێڤ کەمترین لێدوان بدات.

زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە جنێڤ رایگەیاند “لە دوێنی ئێوارەوە ئەندامانی سەرجەم شاند و لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی جنێڤ شەش گەیشتوون، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش (سێشەممە، 16-5-2017) ستافان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندی حکومەتی سووریا، بەسەرۆکایەتی بەشار جەعفەری کۆبوونەوە.

لەنێو شاندەکەی حکومەتی سووریا، دوو کەسی کورد هەن، یەکێکیان عەلائەدین ئاڵایە، کە خەڵکی عەفرینە و نوێنەری حکومەتی سووریایە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوی دیکەش عومەر ئۆسێ، ئەندامی پەرلەمانی سووریایە.

دوای زیاتر لە کاژێرێک لە کۆبوونەوەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندی حکومەتی سووریا، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی رۆژنامەڤانی بدەن، شوێنی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت.

نێردراوی رووداو، هۆکاری نەدانی لێدوانی رۆژنامەڤانی بۆ داوایەکی دی مستۆرا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ “دی مستۆرا گوتی تاوەکو کۆتایی ئەو گەڕەی دانووستاندنەکان، هەوڵدەدەم کەمترین جار قسە بۆ میدیاکاران بکەم”.

نێردراوی رووداو، ئاماژە بەوەش دەدات بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە، گینادی گاتیلۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەمڕۆ دەگاتە جنێڤ و لەگەڵ هەموو شاندەکانی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا کۆدەبێتەوە، هەروەها باس لە هاتنی نوێنەرێکی ئەمریکاش بۆ جنێڤ دەکرێت و، تاوەکو ئێستاش دیارنییە حوسێن ئەنساری، نوێنەری ئێران بۆ کاروباری سووریا دێتە جنێڤ یان نا.

سێ شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە جنێڤن، کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی یەکەم بەڕێوەدەچێت، کاژێر 17:00 و 18:00 کوبوونەوەی دووەم و سێیەمی شاندەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ستافان دی مستۆرا بەڕێوەدەچێت.

شاندی قاهیرە و مۆسکۆ بە ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەو ناودەبرێن، بەڵام شاندی باڵای ئۆپۆزیسیۆن، دەڵێن یەکەم خاڵ کە ئێمە قسەی لەسەر دەکەین، راگواستنی بەزۆرەملێی ئەو خەڵکەیە کە ئێستا لە قابوون و تشرین و بەرزە و پێشووتریش لە زەبەدانی و ناوچەکانی دیکەی غوتەی رۆژهەڵاتی شام بوون.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here