یوئێن داوا دەکات عومەر بەشیر رادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکرێت

0
304

لەسەر سوودانیش خەریکە دوو بەرەی نێودەوڵەتی دروست دەبێت

رووداو-نیویۆرک

رووداوەکانی سوودان کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی بۆ خەڵکی سوودان دەردەبرێت، گوتەبیژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بە وردی چاودێری دۆخی سوودان دەکەین.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش وێڕای رەوانەکردنی بڕی 23 ملیۆن دۆلار یارمەتی، داوایکرد عومەر بەشیر سەرۆکی پێشووی سوودان وەک تۆمەتباری سەرەکی کۆمەڵکوژی هەرێمی دارفوور رادەستی دادگای نێودەوڵەتی بکرێت.

رۆژی پێنجشەممە 11-4-2019 ستیڤان دوژرایک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە سەرۆک بێت یان نا، وەکو گومانلێکراوی کۆمەڵکوژییەکەی دارفوور پێویستە عومەر بەشیر خۆی رادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات.

بەڵام لەسەر سوودانیش لێرە خەریکە دوو بەرەی نێودەوڵەتی دروست دەبێت. یەکەمیان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیەتی کە پشتگیری لە خۆپیشاندەران دەکەن لە دژی بەشیر و سوپا و بەرەی دووەم کە تاوەکو ئێستا بریتییە لە رووسیا و تورکیا دەڵێن با پەلە نەکەین و لە جیاتی باسی دیموکراسیەت، باسی گرنگی پاراستنی سەقامگیری دەکەن لە سوودان.

دپلۆماتکارێکی رووسیا کە وڵاتەکەی خاوەن باڵیۆزخانەیە لە خەرتووم و دەزگایەکی هەواڵگری جیهانی هەیە دەڵێت، هێشتا نازانین لە سوودان چی روودەدات.

دیمیتری پۆلیانسکی جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: “ئێمە ناتوانین باسی بابەتێک بکەین کە هێشتا رووینەداوە. ئێمە هێشتا نازانین چی روودەدات و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران چین، چونکە خەڵکی سوودان جیاوازن لە بۆچوونەکانیان”.

بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن روونە چی روودەدات لە سوودان و داوایان کرد کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەپەلە لەسەر دۆخی سوودان کۆببێتەوە.

جۆناسن ئاڵن، جێگری نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: “ئەو گۆڕانکارییەی سوپا رایگەیاند بەس نییە. تەنها بڵێیت دوای دووساڵ دەسەڵات دەگوازینەوە بۆ خەڵکی سڤیل بەس نییە. پێویستە گواستنەوەیەکی دەسەڵاتی خێراتر ببینین و پێویستە ئێستا دەسەڵات لەدەست خەڵکی مەدەنی بێت. خۆپیشاندەران ئەمەیان دەوێت”.

وڵاتە رۆژئاواییەکان دەترسن کە بەدیلی عومەر بەشیر رژێمێکی سەربازی دیکە بێت کە لەوانەیە ببێتەوە هۆی شەڕێکی ناوخۆیی دیکە و زیاتر ناسەقامگیربوونی باکووری ئەفریقا.

هەروەها سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجەومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەوە پشتڕاست ناکەنەوە کە عومەر بەشیر رۆڵی نهێنی لە حوکمڕانی سوودان نەماوە و تەنها باسی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری سوودان دەکەن دەربارەی لادانی بەشیر لە سەرۆکایەتی وڵات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here