یەپەگە پێشوازی لە بڕیارەکەی پێنتاگۆن دەکات

0
144

رێدۆر خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە
رێدۆر خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە

رووداو- هەولێر

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەکات بۆ پڕچەککردنی هێزەکانیان بەشێوەیەکی فەرمی و، روونیدەکاتەوە بڕیارەکەی کۆشکی سپی سەرەڕای ئەوەی دواکەوتووە، بڕیارێکی دادپەروەرانەیە.

رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە لە راگەیێنراوێکدا روونیدەکاتەوە، بڕیارەکەی کۆشکی سپی سەرەڕای ئەوەی هەندێک دواکەوتووە، دادپەروەرانەیە و، دەڵێ ئەمە “گوزارشتە لەو متمانەیەی هێزەکانمان لە هەڵوێست و شەڕەکانیاندا دروستیان کردووە، کە لەبری جیهان شەڕی تیرۆر دەکەن، لەوانەش تیرۆری داعش کە زیاتر لە پێنج ساڵ و نیوە شەڕیان لەگەڵدا دەکەین، لەهەموو میحوەرەکانەوە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، چ لەقۆناخی یەکەم کە بەچەک و توانای مرۆیی خۆمان بەدەستمانهێناوە یاخود دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵە کە هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان یەپەگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دروستبووە”.

پێنتاگۆن رۆژی سێشەممە، 9-5-2017 رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ بڕیاریداوە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە یەپەگە هێزی سەرەکییەتی، پڕچەک بکات لە شەڕیان دژ بە داعش لە سووریا. رێدوور خەلیل لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێ “بۆ هەموو جیهانمان سەلماند بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە، کە یەپەگە لەڕیزی پێشەوەی شەڕی تیرۆرە و پڕچەکنەکردنیشی لەوماوە زۆرەدا، ئەوپەڕی بێویژدانی و نادادپەروەری بوو”.

گوتەبێژی یەپەگە جەختی کردەوە لەوە بڕیاری “پڕچەککردنی هێزەکانمان هەموو ئەو بانگەشانە پووچەڵدەکاتەوە، کە دژی یەپەگە دەکران بۆ شێواندنی وێنەی و کەمکردنەوەی رۆڵی لە شەڕی تیرۆردا”.

رێدوور خەلیل دەڵێ پێیان وایە “بەهۆی ئەو بڕیارە مێژووییە، هێزەکانمان رۆڵێکی کاریگەرتر و گەورەتری یەکلاکەرەوەیان دەبێت لە شەڕی تیرۆردا، چونکە بڕیارەکە و جێبەجێکردنی هێزێکی زیاتر دەداتە هێزە دیموکراتخوازەکان، کە شەڕی تیرۆر دەکەن و ئەنجامی ئەرێنی گەورە و خێرای دەبێت”.

گوتەبێژی یەپەگە ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکانیان ئەو بڕیارە مێژووییە بەرزدەنرخێنن و رایدەگەیێنێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نیودەوڵەتی دەتوانن هەموو هێزە تاریکپەرستەکان وەدەربنێن، ئەویش لەپێناو بونیاتنانی سووریایەکی ئازاد بۆ هەموو رۆڵەکانی بەبێ هیچ جیاوازی و پشتگوێخستنێک.

ساڵح موسلیم: پڕچەککردنی هەسەدە شتێکی سرووشتییە

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لەمبارەیەوە رایگەیاند “ئۆپەراسیۆنی رەققە لە دژی داعش بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت و، ناردنی ئەو چەک و تەقەمەنییانەش بۆ هەسەدە و لایەنەکانی دیکە شتێکی سرووشتییە” و، ئەوان و چاوەڕێی بڕیارێکی لەوشێوەیە بوون.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here