یەکێتى لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخى کەرکوک دروستدەکات 1 .

0
11

خه‌ندان-

ئەنجوومەنى ناوەندى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەسەر دۆخى ئەمنى و سیاسى شارى کەرکوک دروستکردو لەیەکەمین هەنگاویشدا لیژنەکە سەردانى مەڵبەند و ئاسایشى شارەکەى کرد.

لەو بارەیەوە ئەمڕۆ لیژنەیەکی ئەنجومەنی ناوەندی، بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە کەرکوک و ناوچە دابڕیندراوەکان لەگەڵ مەڵبەندی کەرکوک و بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش کۆبووەوە.

ئەحمەد عەسکەری سەرۆکى لیژنەکەی ئەنجومەنی ناوەندی لەکۆبوونەوەى لەگەڵ مەڵبەندى یەکێتى رایگەیاند: بە بڕیاری کۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی سێ لیژنە بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر کەرکوک و ناوچە دابرێندراوەکان پێکهێنراوە و هەرسێ لیژنەکە پاش بەدواداچون و گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کارکردن لەسەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکان دەکرێتە راپۆرتێکی تێروتەسەل و لە کۆبوونەوەی فراواندا گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر دەکرێ و پاش پەسەندکردنی، ئاراستەی مەکتەبی سیاسی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکراوە لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان و دانانی پارێزگارێکی کورد و دۆخی ئەمنی شارەکە و مامەڵەی پارێزگاری بەوەکالەت و ئابوری و جوڵەی بازاڕو سەرمایە گوزاری و جێبەجێکردنی پرۆژەکان و پترۆدۆلار و رەوشی خوێندنی کوردی و گۆرین و لابردنی بەرێوەبەرەکان و چۆنیەتی خەرجکردنی بڕی پارەی تەرخانکراوی مادەی 140 بۆ ساڵى 2019 .

هە ئەمڕۆ لیژنەکەی ئەنجومەنی ناوەندی لەگەڵ  عەمید هەڵکەوت محەمەد بەرێوەبەرى ئاسایشى کەرکوک کۆبوویەوە و رەوشی ئەمنی و ئاسایشی شارەکە لە پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم و ئەو دۆخەی بەسەر شارەکەدا هات تاووتوێکرا.

بەرێوەبەری ئاسایشی کەرکوک رایگەیاند: پاراستنی ئەمنیەتی شارەکە ئەرکمانە و لە هەستیارترین و قورسترین کاتدا ئێمە شارەکەمان بەجێنەهێشت و پارێزەری راستەقینەی کەرکوکیەکانین.

لاى خۆشیەوە لیژنەکەی ئەنجومەنی ناوەندی رایگەیاند راپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر رۆشنایی ئەو ئامار و داتا و داواکاری و راسپاردانەی خرانەڕوو ئامادە دەکات و لە کۆبوونەوەی فراواندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێ و پاش پەسەندکردنی ئاراستەی مەکتەبی سیاسی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.

 



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here