یەکێتی: دۆخی نه‌خوازراو دێته‌ئارا بۆیە نابێت كات به‌فیڕۆ بدرێ

0
366

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

رووداو- سلێمانی

مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایدەگەیێنێت: “له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كانی هێزه‌كان، له‌تێكۆشانی خۆمان به‌رده‌وام ده‌بین”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-4-2017 کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “له‌ بارودۆخی ئێستادا كه‌ شه‌ڕی داعش له‌كۆتاییدایه‌ و لەڕووی بابه‌تییه‌وه‌ هه‌لومه‌رجی نه‌خوازراو دێته‌ئارا. چیكه‌ كات نابێ به‌فیڕۆ بدرێ و پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، له‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌ نیشتمانییه‌كان كار بكه‌ن”.

دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

سه‌عات (5)ی پاش نیوه‌ڕۆی 19/4/2017، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپانه‌ی خواره‌وه‌ كرا:

یه‌كه‌م: یه‌كێتی، له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی مێژووی دایه‌، گرنگترینیان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و په‌رله‌مانی عێراق، به‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیشه‌وه‌.

دووه‌م: ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان و پرسه‌ نیشتمانی و یاساییه‌كان. 

سێیه‌م: چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابوری، ته‌نگوچه‌له‌مه‌ی موچه‌، بازار، بانكه‌كان و دژایه‌تی گه‌نده‌لی.

بۆئه‌وه‌ی یه‌كێتی بتوانێ، له‌م قۆناغه‌شدا ئه‌ركه‌كانی رابپه‌رێنێ، كۆبونه‌وه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر: ژیاندنه‌وه‌ی ژیانی حزبایه‌تی، به‌وردی جێ به‌جێ كردنی په‌یره‌وی ناوخۆ، چه‌سپاندنی دیسپلین، په‌یره‌وكردنی سزا و پاداشت، خستنه‌وه‌گه‌ری ئۆرگانه‌كان، رێگرتن له‌شێوازی لیبرالی له‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن و لێدوانی رۆژنامه‌گه‌ری، پابه‌ندبون به‌ بڕیاره‌كان، ئه‌مانه‌ش ته‌نها به‌كاراكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و دوو مانگ جارێكیش، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ده‌كرێ، هه‌فته‌ی ئاینده‌ش، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجام ده‌درێ.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، له‌ته‌واوی سه‌رزه‌مینی باشوری كوردستاندا، هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، كۆبونه‌وه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی، هاوكاتی كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، له‌سه‌ر نه‌خشه‌ رێگای یه‌كێتی، هه‌روا له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كانی هێزه‌كان، له‌تێكۆشانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ. به‌تایبه‌تی له‌ بارودۆخی ئێستادا كه‌ شه‌ڕی داعش له‌كۆتاییدایه‌ و له‌رووی بابه‌تیه‌وه‌ هه‌لومه‌رجی نه‌خوازراو دێته‌ئارا. بۆیه‌، چیكه‌ كات نابێ به‌فیرۆ بدرێ و پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان، له‌سه‌ر ته‌واوی جومگه‌ نیشتمانیه‌كان كار بكه‌ن. ریفراندۆمیش، هه‌روه‌كو له‌ دوا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی دا جه‌ختمان كردۆته‌وه‌، مافی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای گه‌لی كوردستانه‌.

به‌هیوای سه‌ركه‌وتن له‌ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كاندا… 
بۆپێشه‌وه‌ …

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
19/4/2017

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here